٤ شوبات ٢٠١٩ - ١٥:٥١
بەرنامەی حکومەت کارکردنە لەسەر بونیادنانەوەی ژێرخانی ئابوری

دۆخی ئابوری عێراق بەرەو باشتر دەڕوات



جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئابوری رایگەیاند، دۆخی ئابوری عێراق بەرەو باشتر دەڕوات و بەرنامەی حکومەتی ئێستاش کارکردنە لەسەر بونیاتنانەوەی ژێرخانی ئابوری عێراق.

فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیری دارایی لەگەڵ پیتەر ماوێر، سەرۆكی لیژنەی نێودەوڵەتی خاچی سور کۆبوەوە و رایگەیاند، "بارودۆخی عێراق بەرەو باشتر دەڕوات و بەرنامەی حكومەتی ئێستاش جەختکردنەوەیە لەسەر بونیادنانەوەی ژێرخانی ئابوری و گەڕانەوەی خزمەتگوزاری سەرەكی بۆ ئەو شارانەی كە لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە داگیركرابون".

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو کارانە پێویستیەكی زۆریان بە شارەزایی و تواناكانی رێكخراوە نێودەوڵەتیەكان دەبێت بەتایبەتی خاچی سور.

هاوکات سەرۆكی لیژنەی نێودەوڵەتی خاچی سور لە کۆبونەوەکەدا رایگەیاند، رێكخراوەكەیان لە كاركردن بەردەوام دەبێت لە عێراق بۆ پاڵپشتیكردنی حكومەتی عێراق بۆ گەڕانەوەی ونبوانی دەستی داعش.