١٢ کانونی یەکەم ٢٠١٦ - ١٥:٠٨
 هیچ هێزێکی بیانی بەبێ ڕەزامەندی بەغداد ڕێگەی پێنادرێت بێتە عێراق

ڵاوکردنەوەی هەر هێزێکی بیانی لە هەر شوێنێکی عێراق پێویستە لەلایەن حکومەتی ناوەندییەوە قبوڵ بکرێت.

سەرۆکی هاوپەیمانی نیشتمانی عێراق ڕایگەیاند، بڵاوکردنەوەی هەر هێزێکی بیانی لە هەر شوێنێکی عێراق پێویستە لەلایەن حکومەتی ناوەندییەوە قبوڵ بکرێت.

عەمار حەکیم سەرۆکی هاوپەیمانی نیشتمانی عێراق پاراستنی سەروەری و یەکپارچەیی خاکی عێراقی بە پێویست ناوبرد.

به پێی هەواڵ دەریی ئەهلو بەیت(ع) ، ابنا: حەکیم لەمیانەی بەشداریکردنی لە کۆنفرانسێکی هەواڵی لە تارانی پایتەختی ئێران وتووشیەتی، هۆکاری پشت خاوبوونەوەی پێشڕەوییەکانی سوپا لە موسڵ نیگەرانی حکومەتی عێراقییە لە ژیانی هاووڵاتییانی مەدەنی کە دەکرێن بە قەڵغانی مرۆیی لەلایەن داعشەوە.

هێزەکەی تورکیا لە باشیکی نزیک موسڵ و کاردانەوەکانی

ڕۆژى ٣ى کانوونى یەکەمى ٢٠١٥ هێزێکى سوپاى تورکیا کە لە ٢٤ تانک و زرێپۆش و ژمارەیەک ئۆتۆمبێلى سەربازى و چەکى قورس پێکهاتبوو گەیشتە ناوچەى باشیک (بەعشیقە) لە پارێزگاى نەینەوا، کە ناوچەیەکى ژێر کۆنترۆڵى هێزى پێشمەرگەى کوردستانە. شوێنى جێگیربوونى هێزەکەى تورکیا ١٥ کیلۆمەتر لە شارى موسڵەوە دوورە.

بەپێى بەشێک لە سەرچاوە میدیاییەکان هێزەکەى سوپاى تورکیا لە باشیک نزیکەى هەزار و ٢٠٠ بۆ هەزار و ٨٠٠ سەرباز دەبن.

ڕۆژى ١٤ى کانوونى یەکەمى ٢٠١٥ بەشێک لە هێزەکەى سوپاى تورکیا و هەشت زرێپۆشى ئەو وڵاتە پاشەکشەیان پێکرا بۆ بنکەى سەربازیى بامەڕنێ لە پارێزگاى دهۆک.

هاتنى هێزەکەى سوپاى تورکیا بۆ نزیک موسڵ کاردانەوەى زۆرى لێکەوتەوە و حکومەتى عێراق چەندجارێک داواى کردووە تورکیا هێزەکەى بکشێنێتەوە بۆ ئەو مەبەستەش لە ئەنجوومەى ئاسایشى نەتەوە یەکگرتووەکان سکاڵایەکى لە دژى تورکیا تۆمار کردووە.

ئۆپراسیۆنى کۆنتڕۆڵکردنەوەى موسڵ

حەیدەر عەبادى سەرۆک وەزیرانى عێراق کاتژمێر دوى شەوى ١٧ى تشرینى یەکەمى ٢٠١٦ دەستپێکردنى ئۆپراسیۆنى کۆنتڕۆڵکردنەوەى موسڵی ڕاگەیاند. هێزەکانى پێشمەرگەش لە کاتژمێر ٦ى بەرەبەیانى ڕۆژى ١٧ى تشرینى یەکەمدا دەستیان بە ئۆپراسیۆنەکەیان بۆ کۆنتڕۆڵکردنى موسڵ و دەورووبەرى کرد.

لەو کاتەوە تا ئێستا هێزەکانى پێشمەرگە و سوپاى عێراق چەندین گوند و ناوچەى دەورووبەرى موسڵ و ژمارەیەک گەڕەکى ناو شارى موسڵیان کۆنتڕۆڵکردووە و لە ئێستادا شارى موسڵ بە تەواوەتى لەلایەن هێزەکانى پێشمەرگە و سوپاى عێراقەوە گەمارۆدراوە و بەردەوامیش لە پێشڕەویکردن بەرەو گەڕەکەکانى ترى شارى موسڵ.

لە ١٠ی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٤ دا داعش شاری موسڵی لە عێراق کۆنتڕۆڵکرد، لە ٢٩ی حوزەیرانی هەمان ساڵدا خەلافەتی دەوڵەتی ئیسلامی خۆیان، ناسراو بە داعش ڕاگەیاند و عەبدوڵا ئیبراهیم سامەڕایی ناوسراو بە ئەبو بەکر بەغدادیشیان کرد بە خەلیفەى خۆیان و دەوڵەتەکەیان.