لە 19ی نۆڤەمبەری 2025 هێزەکانی ئەرتەشی سووریا و هێزەکانی هەسەدە لە ناوچەی مەعدان لە ڕەققە پێک هەڵپرژان. سەرچاوە حکومیەکانی سووریا پاگەندە دەکەن کە هێزەکانی هەسەدە دوای گوللەبارانی بەربڵاو، هێرشیان کردووەتە سەر چەند بنکەی ئەرتەش و بۆ ماوەیەکی کورت کۆنترۆڵی هەندێک شوێنیان بەدەستەوە بووە؛ هێرشێک کە دوو کوژراو و چەند برینداری ئەرتەشی لێکەوتەوە. وەزارەتی بەرگری سووریا ڕایگەیاند کە ئەرتەش خێرا کاردانەوەی نیشان داوە و ئەو بنکانەی کۆنتۆرڵ کردووەتەوە. ئۆپراسیۆنێک کە دیمەشق وەکوو وەڵامی " هێرشێکی خائینانە" وەسف کرد.
بەڵام گێڕانەوەی هێزەکانی هەسەدە تەواو جیاواز بوو. هەسەدە ڕایگەیاند کە ئەو هێزانە هێرشێکی هێزەکانی هاوپەیمانی سەر بە حکومەتیان پووچەڵ کردووەتەوە و کاردانەوەی ئەوان تەواو سنووردار و بە ئامانجی ڕێگری لە پەرەپێدان بە شەڕ بووە. ئە وگرووپە هەروەها وتی کە چەند بنکەیان کردووەتە ئامانج کە داعش بۆ هێرشی درۆنی لێیان کەڵکی وەردەگرت و تەنانەت چەند گرتەی ڤیدیۆیی بڵاو کردەوە کە درۆنێکی تێکشکاو نیشان دەدات و ئاشکرای دەکات کە داعش لە بنکەکانی حکومەت بۆ هێرشی درۆنی کەڵکوەردەگرێت.
بەردەوام بوونی ئاڵۆزیەکان لە حەلەب هەتا ڕەققە
ئەو تێکهەڵچوونە نوێیە، لووتکەی ئاڵۆزیگەلێکە کە لە 6 ی ئۆکتۆبەرەوە دەستی پێکرد؛ کاتێک کە هێزە حکومیەکان لە گەڕەکە کوردنشینەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە لە حەلەب هێرشیان کردە سەر هەسەدە و پاگەندەیان کرد کە تونێلێکی گواستنەوەی چەکیان دۆزیوەتەوە. ڕۆژی دواتر، بە ناوبژیوانی ئەمریکا، ئاگربڕێک کرا بەڵام کێشە بنەماییەکان هەر مایەوە.
ئەو ڕووداوە دوا لە دوای یەکانە هاوکات لەگەڵ هەوڵی واشنتۆن بۆ بەرەوپێش بردنی ڕێککەوتنی 10ی مارسی 2025 سەبارەت بە ئاوێتە بوونی وردە وردەیی هەسەدەە لە پێکهاتەی ئەرتەش و ناوەندە ئەمنیەکانی سووریایە؛ ڕێککەوتنێک کە یەکێک لە تەوەرە سەرەکیەکانی سەفەری ئەحمەد شەرع بۆ ئەمریکاش بوو. لە ئەو سەفەرەدا، ئەمریکا بە شێوەی فەرمی تەەڤل بوونی سووریا بە هاوپەیمانی دژە داعشی پشت ڕاست کردەوە و ناوی شەرع و چەند بەرپرسی دیکە لەوانە ئونس خەتاب وەزیری ناوخۆی ئەو وڵاتە لە لیستی گەمارۆ تیرۆریستیەکان لابرد؛ هەوڵێک کە بڕیار بوو ڕێگاکانی گفتوگۆ ئاسان بکاتەوە.
بەم حاڵەوە درزە قووڵەکان هێشتا هەر هەیە. مەزڵۆم کۆبانێ فەرماندەی هەسەدە، دوای دیداری شەرع لەگەڵ ترامپ جەختی کرد کە هێزەکانی ئامادەن ڕەوتی ئاوێتە بوون خێرا بکەنەوە. بەڵام دیمەشق لە زمانی ئەسعەد شەیبانیەوە ڕایگەیاند کە هیچ پێشەکەوتنێکی کردەیی لە ئەو بارەوە نابینرێت. هاوکات وەزیری ناوخۆی سووریا ڕایگەیاند کە بەزوویی، دیداری جیدی لە نێوان دوولایەنەکە بەڕێوە دەچێت.
شەڕی سنووردار بەڵام پڕ لە لێکەوتە
ئەەو زنجیرە پێکدادانە نیشان لە پێکهاتنی جۆرێک شەڕی کۆنترۆڵ کراو و پلان بۆ داڕێژراو لە نێوان کورد و حکومەتە؛ شەڕێک کە نە لایەنی کورد دەیەوێت پەرە بستێنێت و نە دیمەشقیش هەلی چوون بۆ شەڕێکی نوێی هەیە.
ناوەندی بەرگری لە دیمۆکراسیەکان ئەو پێکدادانە " پێکدادانی سنووردار بە ڕۆڵگێڕانی لایەنی سێهەم" ناو دەبات؛ چونکوو:
تورکیا هێشتا هەسەدە و یەپەگە بە بەشێک لە پەکەکە دەزانیت و لە هەر هەلێک بۆ هێرش بۆ سەریان کەڵکوەردەگرێت.
شەرع پاگەندە دەکات بە گوشار لەسەر ئەنقەرە توانیویە هێرشێکی بەربڵاو تا کۆتایی ڕەوتی سیاسی دوابخات؛
ئەمریکاش هاوکات ڕۆڵی ناوبژیوان، دەستەبەرکاری ئاگربڕ و ئەکتەری سەرەکی لە ڕەوتی ئاوێتە بوونی لە ئەستۆیە.
بە پێی نووسراوی گۆڤاری لانگ وار، بە نزیک بوونەوە بە جێبەجێ کردنی ڕێککەوتن، پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە ئەگەر ئاوێتە بوون کردەیی نەبێتەوە، کاردانەوەی دیمەش چ دەبێت؟ سەرچاوەکانی نزیک لە حکومەت دەڵێن کە دیمەشق نایەوێت بچێتە شەڕێکی قووڵەوە لەگەڵ کوردەکان؛ بەڵام لە بەرانبەریشدا نایەوێت دۆخی ئێستا واتا جۆرێک دەسەڵاتی یەکسان و هاوتەریبیش تەحەمول بکات.
تورکیا: ئەکتەری دیاری کەری قەیرانی داهاتوو
بە گوێرەی شرۆڤەی گۆڤاری لانگ وار، لە حاڵێکدا کە دیمەشق و هەسەدە خۆیان لە شەڕی قوول دەبوێرن، تورکیا لەوانەیە وەکوو لایەنی دیاریکەر بێتە هاوکێشەکەوە. هەر جۆرە شکستێکی لە جێبەجێ کردنی ڕێککەوتنی تەڤل بوون، دەتوانێت بیانووی پێویست بداتە تورکیا بۆ هەوڵی سەربازی بەر بڵاو؛ هەوڵێک کە هەم ڕەوتی سیاسی ڕادەگرێت و هەم واشنتۆن لە پێگەیەکی دژوار ڕادەگرێت.
Your Comment