دووران کاڵکان، ئەندامی کۆنسەی بەڕیوەبەرایەتی پەکەکە لە نوێترین لێدوانیدا سەبارەت بە ڕەوتی ئاشتی کورد لە تورکیا دا، وتی: پەکەکە هەموو هەنگاوە پێویستەکانی بۆ پێشخستنی پڕۆسەی ئاشتی هەڵگرتووە، بەڵام تورکیا هێشتاش بەپێی سیاسەتی یەکلایەنەی خۆی دەجووڵیتەوە؛ سیاسەتێک کە لە ئەنجامدا دەگاتە "شکست و بەربەست".
وتیشی: پەکەکە لە سەر داوای سەرۆک ئۆجەلان، هەنگاوی گەورەی لەپێناو ئاشتی هەڵگرتووە، وەک وەستاندنی شەڕ، بەڕیوەبردنی کنگرەی هەڵوەشاندنەوە و کشاندنەوەی هێزەکانی لە کوردستانی تورکیا و ئەمە واتە هەموو هەنگاوە پێویستەکان و لەمناوە گرینگترین چاوەروانیی ئێمە ئازادکرانی عەبدوڵڵا ئۆجەلانە، بەڵام تا ئێستا هیچ گۆڕانێک لە دۆخی سەرکردەی پەکەکەدا بەدی نەکراوە و هەلومەرجی ئیمرالی هەر وەک خۆیەتی. دیارە لە کاتێکدا هیچ ئاستەنگێک لە بەردەم پڕۆسەی ئاشتیدا نەماوە، پێویستە ئەنقەرە و کۆمیسیۆنی هاوپەیوەند بە ئاشتەوایی لە خێراترین کاتی مومکیندا هەنگاوی ئیجابی هەڵبگرێت.
کاڵکان دەوڵەتی تورکیای بە سیاسەتی یەکلایەنە تۆمەتبار کرد و زیادی کرد: سیاستی ئەوڕۆکەی تورکیا هەڵەیە و ئەگەر بە هەمان شیوە بڕواتە پێش، ئەو وڵاتە بەرەوڕووی کێشەگەلی جیدی دەبێت و لە ئەنجامدا شکست دەهێنێ و بەرەوڕووی کاردانەوەی مێژوویی خەڵکی دەبێتەوە. چونکە پڕۆسەی ئاشتی نەک بژێرە و هەڵبژاردنێکی سیاسی، بەڵکوو زەرورەتێکی مێژووییە.
Your Comment