٢١ ئایار ٢٠٢٥ - ١٩:٢٥
Source: Mehrnews
عێراق، چارەنووسی قەندیل و چەکەکانی پەکەکە

نیۆعەرەب لە ڕاپۆرتێکدا ئاوڕی لە چارەنووسی پارتی کرێکارانی کوردستان لە پاش چەکدانانی ئەو گرووپە کرد و نووسی: لەمناوە دەوڵەتی عێراق ڕایگەیاندووە کە ئامادەی وەرگرتنی چەکەکانی پەکەکەی هەیە و پێدەچێ هەولێریش لەو ڕەوتەدا بەشدار بێت.

  دەوڵەتی عێراق ئامادەیی خۆی بۆ وەرگرتنی چەکەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان(پەکەکە) پاش هەڵوەشانەوەی فەرمیی ئەو گرووپە ڕاگەیاندووە؛ هەنگاوێک کە دەتوانێ گۆڕانکاریی بەرچاوی لە هاوكێشە ئەمنییەکانی ناوچەکەدا هەبێت.

باسم عەوادی وتەبێژی دەوڵەتی عێراق لە لێدوانێک بۆ ڕووداو، وێڕای ڕاگەیاندنی ئامادەیی بەغدا بۆ هاوکاری‌کردنی پەکەکە و تورکیا لە چوارچێوەی چەکداماڵین، وتی: عێراق چوارچێوەیەکی بۆ ئەو پڕۆسەیە پێشنیار کردووە کە هاوکات تێبینییە مرۆیی و ئەمنییەکانیش لەخۆ دەگرێت و هاوکات ڕاپەڕاندنی ئەو چوارچێوەیە دەتوانێ هەنگاوێکی گرنگ بێت لە باشتربوونی پەیوەندییەکانی عێراق و تورکیا و کشانەوەیان لە خاکی هەرێمی کوردستان.

ئەوە لە کاتێکدایە کە سەرەڕای ڕاگەیاندنی ئاگربڕ و هڵوەشانەوەی پێکهاتەی پەکەکە لە دوازدەهەمین کۆنگرەی ئەو گرووپە، گومانی جیدی هەیە بۆ ڕاپەڕاندنی یەکجاریی بڕیاری چەکداماڵین. بۆ وێنە زاگرۆس هیوا وتەبێژی کۆما جڤاکێن کوردستان(کەجەکە) ڕاشکاوانە ڕایگەیاند: تا کاتێک عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە زیندان ئازاد نەکرێت و هێزەکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان نەکشێنەوە، چەک دانانێین.

هاوکات دەیلی مەیل گفتوگۆکانی تورکیا لەگەڵ بەغدا و هەولێری لە زمانی ئەردۆغان پشتڕاست کردەوە و نووسی: سەرۆک کۆماری تورکیا لە گەڕانەوەی لە ئاڵبانی، بە هەواڵنێرانی ڕاگەیاند کە گفتوگۆکان لەبارەی چۆنیەتی چەکدانان لە ئەنجامداندایە و پلانگەلێک بۆ هاوبەشیی بەغدا و هەولێریش لە ئارادایە.

ئەوە لە کاتێکدایە کە سەرۆکی دەزگای توێژینەوە و میدیای ستانداردی کورد، لە دیاری‌کرانی سێ ناوەندی لە هەولێر، دهۆک و سلێمانی بۆ کۆکردنەوەی چەکی پەکەکە هەواڵی دا و هوشداریشی دا کە تورکیا هێشتا بەردەوامە لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە خاکی هەرێمی کوردستان و هیچ کاردانەوەیەکی ئیجابیی بە هەنگاوی یەک‌لایەنەی پەکەکە نیشان نەداوە و زیادی کرد: تورکیا بۆ ڕاپەڕاندنی بڕیاری چەکداماڵین، دەبێ بە دەیان یاسای هاوپەیوەند بە ساڵی 1926دا بچێتەوە یان هەڵیانوەشێنێتەوە.

بەوەشەوە سەرچاوەگەلی عێراقی ڕایانگەیاندووە کە تورکیا نایەوێ بەمزووانە لە باکووری عێراق بکشێتەوە و زیاتر لە 5 هەزار هێزی سەربازیی تورکیا لە زیاتر لە 80 بنکە لە خاکی هەرێمدا و بە بیانووی بەرەنگاربوونەوەی پەکەکە، جێگرن. هەر بۆیە تا تورکیا لە پاشەکشێی یەکجاریی پەکەکە و پڕکرانەوەی بۆشایی ئەمنیی شیمانەیی شوێنەکان لە لایەن هێزەکانی عێراقی دڵنیا نەبێتەوە، هێزەکانی ناکشێنێتەوە.

ئەمەی کە ڕەوتی چەکداماڵینی پەکەکە دواجار بە چ ئاراستەیەکدا دەڕوات، زۆر ئەگەری جۆراوجۆر دەخەملێنێت، بەڵام وەک چاودێران دەڵێن، ئەو بە ڕاگەیاندنی هەڵوەشانەوەی خۆی و کۆتایی خەباتی چەکدارانەی، هەنگاوێکی مێژوویی هەڵگرتووە، بەڵام تەنیا لە ئەگەری هەڵگرتنی هەنگاوی بەرامبەر لە لایەن هەموو لایەنەکان و لەوان ڕیفوڕمی دەستووری تورکیا و کەمکردنەوەی ئامادەیی سەربازیی تا بە فەرمی‌ناسینی مافی کوردەکان، دەکرێ بە گەیشتنە ئاشتییەکی پاوەجێ لە ناوچەدا دڵخۆش بین.

Your Comment

You are replying to: .
captcha