بەشی نێودەوڵەتی: مەزلووم کۆبانی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک(هەسەدە)، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی مێزۆپۆتامیادا سەبارەت بە دوورنوێنی ئیدارەی خۆسەری کوردستانی سووریا بۆ داهاتووی ئەو وڵاتە وتی: ئێمە داواکاری سووریایەکی لامەرکەزین، چونکە لەو باوەڕەین کە ئەو مۆدێلە دەتوانێ ڕێخۆشکەری هاوبەشیی زیاتری پێکهاتە ئیتتنیکی و ئایینی و مەزهەبییەکان لە ڕەوتی حکوومەتی سووریا بێت و لەو سۆنگەوە مۆدێلی لامەرکەزی سووریا بەهێزتر دەکات.
وتیشی: هێزە کوردەکان لە کۆنفڕانسەکانی خۆیاندا داواکاریی مۆدێلی فیدراڵی بوون. ئەمە ویستی هێزە کوردەکانە و ئێمە دژی نین، بەڵام ئێستا بەدوای ڕێگەچارەیەکەوەین کە هەم کۆمەڵگای جیهانی قبووڵی بکات و هەمیش دیمەشق. دیارە ئامانجی سەرەکیی ئێمە پاراستنی دەستکەوتگەلی هەموو خەڵکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە کورد و غەیرە کوردەوەیە. نامانەوێ ئەو دەسکەوتانە لەناو بچن و خڵکی بتوانن نوێنەری خۆیان هەڵبژێرن.
ژینڕاڵ کۆبانی لە درێژەدا هاتە سەر پەیوەندییەکانی کوردستانی سووریا لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا و ڕوونی کردەوە: پەیوەندیمان پێکەوە هەیە و کەناڵگەلێک کراوەتەوە، بەڵام هێشتا ڕێک نەکەوتووین و دانوستانەکانمان فەرمی نەبوونەتەوە. بەڵام بەوەشەوە هەر ئەم ئاستە لە گفتوگۆش باشە و ئێمە ئامادەین بۆ سڕینەوەی نیگەرانییەکانی تورکیا، ئەو نیگەرانییانە لە یەکەمایەتیدا دابنێین و چارەسەریان بکەین. لەمناوە بەشێک لە خاکی ئێمە وەک عەفرین و سریکانی بەدەستی تورکیاوەیە و خەڵکی خۆجێی ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ شار و زێدی خۆیان و ئێمە دەمانەوێ ئەم پرسانە لەگەڵ تورکیا بە گفتوگۆ یەکلا بکەینەوە.
ناوبراو بە ئاماژە بەوەی کە نیگەرانی سەرەکیی تورکیا دەگەڕێتەوە بۆ دۆخی سیاسیی کوردەکان لە ناوچەدا و تەنانەت ئەنقەرە ئاوێتەبوونی هێزە کوردەکان لە چوارچێوەی ئەمنیی سووریادا بە هەڕەشە دەبینێت، ڕایگەیاند: ئەمە هەڵەیەکی تێگەیشتنییە و ئێمە وتوومانە کە ئێمە و پێکهاتەکەمان دەتوانێ ببێتە هەوێنی ئاسایش و حەوانەوە و بە چارەسەرکرانی ناکۆکی و نیگەرانییەکان بێگومان ناوچەکە ڕەنگی سەقامگیری بەخۆوە دەبینێت و بگرە ئەمە دەبێتە هۆی هێوربوونەوەی دۆخی خودی تورکیاش.
فەرماندەی گشتیی هەسەدە سەبارەت بە پەیوەندیی کوردستانی سووریا بە ڕەوتی ئاشتیی کوردەکانی تورکیا و کاریگەریی ئەو ڕەوتە لە سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ڕاشیگەیاند: بێگومان ئەو ڕەوتە دوای کوردستانی تورکیا، زۆرترین کاریگەریی لەسەر کوردستانی سووریا هەیە و لە ئێستادا ئێمە و ئەرتەشی تورکیا پابەندی ئاگربڕێک لە نێوان خۆمانین کە دەسکەوتی ئەو ڕەوتەیە ئاشتەواییەیە و لام وایە ئەو ڕەوتە دەتوانێ ئاگربڕێکی پاوەجێی بەدواوە بێت و ئێمەش وەک هەسەدە هەم پاڵپشتی لەو ڕەوتە دەکەین و هەمیش ئامادەین تێیدا ڕۆڵ بگێڕین.
ژینڕاڵ کۆبانی سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان خۆی و عەبدوڵڵا ئۆجەلان لەبارەی پڕۆسەی ئاشتی، ڕوونی کردەوە: لە نێوان ئێمەدا نامەگۆڕاوەتەوە و ڕوانگەگەلێک لە ئیمرالییەوە بۆ ئێمە ناردراوە. دیارە ئێمە کۆمەڵێک بابەتمان هەیە وەک بوونی هێزەکانی پەکەکە لە ڕیزی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک و تەنیا ئیمرالی دەتوانێ ئەو پرسانە چارەسەر بکات. هەر بۆیە پێویستە پەیوەندیی نێوان کوردستانی سووریا و ئیمرالی چڕتر بێتەوە و دیارە ئەمە دەسکەوتێکی باشی هەم بۆ ڕەوتی ئاشتی و هەمیش بۆ چارەسەریی پرسی کورد لە کوردستانی سووریادا دەبێت. بەختەوەرانە بەڕیز ئۆجەلانیش لە دیدارەکانی لەگەڵ وەفدی ئیمرالی خوازیاری سەردانکردنی وەفدێک لە لایەن ئێمەوە بۆ ئیمرالی بووە.
فەرماندەی گشتیی هەسەدە لە کۆتاییشدا باسی لە مەترسیی سەرهەڵدانەوەی داعش لە سووریا کرد و وتی: هەڕەشەی داعش لەناو نەچووە و داعش پلانگەلێکی هەیە بۆ تۆکمەی چالاکییەکانی. شەڕ لە دژی داعش دەبێ چڕتر و گرژتر بکرێت. هەر ئێستا دۆخی ئۆردووگای هەول سەرنجڕاكێشە و مانگی ڕابردوو 15 هێزی ئێمە لە شەڕی داعشدا گیانی خۆیان بەخت کرد. داعش بەدوای ئازادکردنەوەی هێزەکانیەتی و دوای دۆخی نوێی سووریا و ڕووخانی دەوڵەتی بەشار، ئەمان هەلی باشیان بۆ پەرەدان بە چالاکییەکانیان بۆ ڕەخساوە.
Your Comment