بەشی ئابووری: لە درێژەی گۆڕانکارییە خێراکان لە پەیوەندیی وزەی نێوان تورکیا و عێراق، ئەنقەرە بە فەرمی ڕایگەیاندووە کە نایەوێ درێژە بە ڕێککەوتنی گواستنەوەی نەوت لە هەرێمی کوردستان بۆ بەندەر جیهان لە پاش تەواوبوونی بدات؛ هەنگاوێک کە هاوکاتی پێدانی پێشنیاری نوێی هاوکاریی بەربڵاوتری وزە لەگەڵ بەغدا ئەنجام دراوە و پاشهاتی ژێئۆپۆلیتیکی و ئابوورییەکی بەرچاوی بەدواوە دەبێت.
هۆکارەکانی هەڵوەشانەوەی ڕێککەوتنی پێشوو
ڕێککەوتنی یەکەمی نێوان دوو وڵاتە لە 1973دا واژۆ کرا و هەلی گواستنەوەی ڕۆژانە تا 1.6 ملیۆن بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی بۆریی کەرکوک-جیهانی مومکین دەکرد. بەوەشەوە، ئەو هێڵە بۆرییە لە دوو ساڵی ڕابردوو و بەدوای دەرکرانی حوکمی دادی ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی لە میانەی ناکۆکییەکانی بەغدا و ئەنقەرە، بە یەکجاری داخرا. دادگەی نێودەوڵەتی ئەوکات لە بەرژەوەندیی دەوڵەتی عێرەاق حوکمی دا و تورکیای تۆمەتبار کرد کە بێ ڕەزامەندیی بەغدا، ئیزنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستانی لە ڕێگەی جیهانەوە داوە.
تورکیا ئەگەرچی سەرەتا ڕایگەیاند کە پابەندی حوکمی دادگە دەبێت، بەڵام دواتر وەزارەتی وزەی تورکیا ئیدعای کرد کە دادگە هەروەها عێراقی بە دانەوەی زیانەکانی تورکیا ناچار کردووە و ئەمەش نیشاندەری ئاڵۆزیی یاسایی و سیاسیی پرسەکەیە.
پێشنیاری نوێی تورکیا
لە کاتێکدا کە قەیرانی وزە و نامتمانەیی لە بازاڕەکانی نەوتی ناوچەدا بەرز بۆتەوە، تورکیا پێشنیاری چوارچێوەیەکی نوێی هاوکاریی لە بوارەکانی نەوت، گاز و کارەبا بە بەغدا داوە و بە گوێرەی بەرپرسێکی وەزارەتی نەوتی عێراق، پێشنووسی ئەو ڕێککەوتنە نوێیە لە قۆناغی لێکدانەوە و دانوستانە و ئامانج لەو، گەیشتن بە فۆرمۆلەیەکە کە بەرژەوەندییەکانی دوو وڵات دابین بکات.
ئەو گۆڕانی هەڵوێستەی تورکیا، دەتوانێ هەوڵێک بێت بۆ پێناسەکردنەوەی پەیوەندیی وزەی لەگەڵ عێراق لە چوارچێوەیەکی فەرمیتر و کۆگرتر کە هەم دۆسیەی یاسایی پێشوو وەلاوە بنێت و هەمیش ڕێخۆشکەر بێت بۆ وەبەرهێنانی ژێرخانەکانی وزە لە داهاتوودا.
گۆڕانکارییە هاوتەریبەکانی هەرێمی کوردستان
هاوکاتی ئەو بڕیارەی تورکیا، بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستانیش بەرەوڕووی گرفتێکی ڕوو لە تەشەنە بۆتەوە. هێرشی درۆنی کە پێدەچێ لە لایەن گرووپە ناوخۆییەکانی عێراقەوە ئەنجام درابێت، بۆتە هۆی کەمبوونەوەی ڕێژەی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێم تا ئاستی ڕۆژانە 200 هەزار بەرمیل. ئەو هێرشانە نە تەنیا ژێرخانەکانی وزەی هەرێمی کردۆتە ئامانج، بەڵکوو بە کردەوە توانای ئەو ناوچەیەی بۆ ڕۆڵگێڕانی سەربەخۆ لە بازاڕەکانی هەناردەی نەوت لاواز کردووە.
لەمناوە بڕیاری تورکیا بۆ درێژەنەدان بە ڕێککەوتنی نەوتی لەگەڵ عێراق، ئەگەرچی بەڕوواڵەت بە مانای داخستنی هاوکارییەکان لێک دەدرێتەوە، بەلام بە کردەوە نیشاندەری پێناسەی دووبارەی چوارچێوەکانی هاوبەشیی دوو قۆڵی لە بواری وزەیە و تورکیا بە دوای سەقامگیرکردنی پێگەی خۆی وەک ئەکتەرێکی گرینگ لە ترانزیتی نەوتەوەیە و عێراقیش لە هەوڵی زاڵبوونی یەکجاریی بە سەر ڕەوتی هەناردەی نەوت، بە تایبەت لە بەرامبەر هەنگاوە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستانە.
کەواتە داهاتووی ئو دانوستانانە، ڕۆڵێکی دیاریکەری دەبێت لە بوارەکانی هەناردەی وزەی عێراق، پەیوەندیی لەگەڵ دراوسێکانی و هەروەها دوورنوێنی ئاسایشی هەرێمی کوردستاندا.
Your Comment