هەواڵدەریی ڕۆیتێرز لە ڕاپۆرتێکی توێژینەوەییدا ئاشکرای کرد کە وەزارەتی بەرگریی دەوڵەتی کاتی سووریا ڕاستەوخۆ دەستی لە کۆمەڵکوژیی بەربڵاوی عەلەوییەکانی ئەو وڵاتە لە ناوچە کەنارئاوییەکانی لازقیە و تەرتووس لە مانگی مارچدا بووە.
بە گوێرەی ئەم هەواڵە وێنەگەلی مانگیلەیی، ڕاپۆرتەکان و شایەدانی مەیدانی ڕووداوەکە دەسەلمێنن کە کۆمەڵکوژییەکە لانیکەم لە لایەن 12 گرووپی چەکداری ژێر فەرماندەیی وەزارەتی بەرگریی دەوڵەتی کاتی سووریاوە ئەنجام دراوە و حەسەن عەبدولغەنی، وتەبێژی ئەو وەزارەتخانەیە، ئۆپەراسیۆنەکەی لە ڕێگەی تێلگرامەوە ڕێکخستووە و لەو پەلامارەدا زیاتر لە 1500 کەسی مەدەنی کوژراوە.
ڕۆیتێرز هەروەها دوای گفتوگۆ لەگەڵ چەند ئەفسەری سەربازیی وەک محەمەد جاسم فەرماندەی کەتیبەی سوڵتان سولەیمانشا، دەڵێ: لەو ئۆپەراسیۆنەدا کەتیبەکانی سوڵتان سولیمانشا و حەمزاتی سەر بە تورکیا لە 8 گەڕەکی ناوچەی ئۆپەراسیۆنیدا نزیکەی 700 کەسیان کوشتووە، کەتیبەکانی 400 (کە پێکهاتووە لە ملیشیا بیانییەکان) و عوسمانـیش لە 10 شوێنی تر دەستیان لە کوشتنی 900 کەسدا بووە و هەروەها گرووپگەلی تری وەک سوپای ئیسلام، سوپای پیاوانی ئازاد، سوپای عیزەت، هیزەکانی حزبی ئیسلامی تورکستان، ملیشیاکانی چێچێن و ئۆزبەک لە چوار ناوچەی تردا نزیکەی 500 کەسیان کوشتووە.
Your Comment