گرووپی نێودەوڵەتی: لە میانەی هێرشە شەڕانگێزەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر خاکی ئێران، هەڵسوکەوتی کۆریای باشوور لەو ڕووەوە جێی سەرنج بوو کە هەوڵیدا هاوسەنگییەکی وریایانە لە نێوان فشارەکانی ئەمریکا، ڕەچاوکردنی ئاسایشی وزە، نیگەرانییە مرۆییەکان و پێویستی پاراستنی کەناڵی کارلێک لەگەڵ تاران دابمەزرێنێت.
لەم قەیرانەدا، کۆریای باشوور بە پێچەوانەی هەندێک لە هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانی واشنتۆن، خۆی تەنیا لە گرتنەبەری هەڵوێستێکی سیاسی سنووردار نەکرد و کۆمەڵێک ڕێوشوێنی کردەیی و پەیامی سیاسی خستە بەرنامەی کار؛ لە تەرخانکردنی ٥٠٠ هەزار دۆلار وەک هاوکاری مرۆیی بۆ ئێران لە ڕێگەی کۆمیتەی نێودەوڵەتیی خاچی سوورەوە تا ناردنی نێردراوێکی تایبەت بۆ تاران بۆ ڕاوێژ سەبارەت بە ئاسایشی هاتوچۆی کەشتیەکان لە گەرووی هورمز و هتد.
گرنگی ئەم ڕێبازە کاتێک زیاتر ڕوون دەبێتەوە کە قەیرانی هورمز ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ئاسایشی دەریایی و زنجیرە وزەی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا دەبێت و بەپێی ڕاپۆرتەکان دەیان کەشتی پەیوەست بە کۆریای باشوور و تیمەکانیان لە ڕێڕەوی ئاوەکەدا گیریان خواردووە.
لە وەها هەلومەرجێکدا سیئۆل لەبری ئەوەی تەنیا پشت بەو فشارە سەربازییە ببەستێت کە ترامپ چاوەڕێی دەکرد، کەناڵی وتووێژی ڕاستەوخۆی لەگەڵ ئێرانیش چالاک کرد.
بەم پێیە دەتوانرێت ڕەفتاری کۆریای باشوور بە جۆرێک لە چالاکیی ئەرێنی بەڵام وریایانە هەژمار بکرێت؛ کردارێک کە دەتوانرێت لە سێ ئاستدا شی بکرێتەوە: یەکەم، کردەوەی مرۆیی و هەڵوێستی ئاشتیخوازانە؛
دووەم: کارلێکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ تاران و گرنگیدان بە پێگەی ئێران لە ئاسایشی هورمز؛ و سێیەم: خۆپاراستن لە هاتنە ناوەوەی بەپەلە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی لەگەڵ ئێران، تەنانەت لە دۆخێکدا کە ئەمریکا داوای لە هاوپەیمانەکانی کردبوو کە ڕۆڵیان هەبێت لە دەستەبەرکردنی ئاسایشی گەرووی هورمزدا.
کردەوەی مرۆیی و ئاشتیخوازانەی سیئۆل؛ هەر لە هاوکارییەوە بۆ ئێران تا جەختکردنەوە لەسەر کەمکردنەوەی گرژی
یەکەم نیشانەی چالاکیی ئەرێنی کۆریای باشوور بەرامبەر بە ئێران لە کردەوە مرۆییەکان و هەڵوێستە ئاشتیخوازەکانی ئەو وڵاتەدا دەبینرێت. لە ناوەڕاستی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژی ئێران، سیئۆل لە دەرکردنی هەڵوێستی گشتی و وریایانە نەوەستا، بەڵکوو ڕایگەیاند کە ٥٠٠ هەزار دۆلار وەک هاوکاری مرۆیی بۆ ئێران تەرخان دەکات؛ ئەو یارمەتییانەی کە بڕیارە لە ڕێگەی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانەوە بەکاربهێنرێن، لەوانەش لیژنەی نێودەوڵەتی خاچی سوور، بۆ کەمکردنەوەی دەرئەنجامە مرۆییەکانی شەڕەکە.
ئەم کارە گرنگە چونکە کۆریای باشوور یەکێکە لە هاوپەیمانە ستراتیژییەکانی ئەمریکا، بەڵام لەم حاڵەتەدا هەوڵیدا خۆی تەنیا وەک هاوپەیمانێکی سیاسی واشنتۆن پێناسە نەکات و لانیکەم لەسەر ئاستی مرۆیی جیاوازی دابنێت لە نێوان گەلی ئێران و لۆژیکی گوشاری سەربازیدا.
هەروەها گرنگی ئەم هاوکارییە لە پەیامی سیاسی و ئەخلاقیدایە، زیاتر لە بڕە داراییەکەی. لە هەلومەرجێکدا کە بەردەوامی هێرش و گوشارە سەربازییەکان تێچووی مرۆیی و کۆمەڵایەتیی شەڕەکەی زیاتر کردووە، ڕاگەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکانی سیئۆل دەریخست کە کۆریای باشوور تەنیا لە ڕوانگەی ئاسایشی وزە یان بەرژەوەندییە بازرگانییەکانەوە بەدواداچوون بۆ قەیرانی ئێران ناکات، بەڵکوو هەستیاریی خۆی بەرامبەر بە دەرئەنجامە مرۆییەکانی نیشانداوە.
هاوکات لەگەڵ ئەم کارە هەڵوێستە فەرمییەکانی سەرۆکی کۆریای باشووریش جێی سەرنجن. لە بەرامبەر بەردەوامیی قەیرانەکەدا، سەرۆکی ئەم وڵاتە، لی جای میونگ داوای کرد "هەنگاوێکی بوێرانە بەرەو ئاشتی" بنرێت و جەختی لە پێویستی کەمکردنەوەی گرژییەکان کردەوە. لە هەمان کاتدا حکومەتی کۆریای باشوور بە لەبەرچاوگرتنی کاریگەرییەکانی شەڕ لەسەر نرخی نەوت و زنجیرەی دابینکردن و ئاسایشی ئابووری لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیا هەوڵیدا پێویستی کۆتاییهێنان بەو قەیرانە نەک تەنها وەک داواکارییەکی ناوچەیی، بەڵکوو وەک داواکارییەکی پەیوەست بە سەقامگیری جیهانی بخاتەڕوو.
بە واتایەکی تر، سیئۆل لەم خاڵەدا ئاشتی وەک پێویستیەکی پراکتیکی ناساند بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دەرئەنجامە مرۆیی و ئابووری و ئەمنییەکانی شەڕەکە.
ڕەهەندێکی دیکەی ئەم میحوەرە هەڵوێستەکانی مافی مرۆڤی سەرۆکی کۆریای باشوورە سەبارەت بە کردەوەکانی ڕژێمی زایۆنی بەرامبەر بە فەلەستینییەکان.
هەرچەندە لێدوانەکانی بە بەراوردکردنی ڕەفتاری سەربازانی ئیسرائیل بە تاوانە مێژووییەکان جێی مشتومڕ بوون و کاردانەوەی لە تەلئەبیبەوە لێکەوتەوە، بەڵام لە ڕاستیدا نیشانیاندا کە هەستیاری لە کەشوهەوای سیاسی کۆریای باشووردا هەیە بەرامبەر بەو کارە نامرۆڤانەی ئیسرائیل و سیئۆل ئامادەیە، لانیکەم لە ئاستی زارەکیدا، خۆی لە چوارچێوەی گێڕانەوەکە دوور بخاتەوە کە بە تەواوی هاوتەریبە لەگەڵ تەلئەبیڤ. دواتر وەزارەتی دەرەوەی کۆریای باشوور ڕوونی کردەوە کە ئەم هەڵوێستە لە ڕوانگەی نیگەرانی لە مافی مرۆڤی جیهانییەوە وروژێنراوە.
پەیوەندی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێران و قبووڵکردنی ڕۆڵی تاران لە ئاسایشی ناوچەکەدا
نیشانەیەکی دیکەی چالاکییە ئەرێنییەکانی کۆریای باشوور بەرامبەر بە ئێران، هەڵبژاردنی پەیوەندی ڕاستەوخۆی لەگەڵ تاران بۆ بەڕێوەبردنی قەیرانی ئاسایشی دەریایی و وزە.
لە ماوەی شەڕی ٤٠ ڕۆژەی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی دژ بە ئێران، گەرووی هورمز بووە یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی نیگەرانی ئابووری هاوردەکاری وزە لەوان کۆریای باشوور.
لە وەها هەلومەرجێکدا، سیئۆل لەبری ئەوەی تەنیا پشت بە هەماهەنگی لەگەڵ واشنتۆن ببەستێت، نێردەی تایبەتی خۆی ڕەوانەی تاران کرد بۆ ڕاوێژ لەگەڵ کاربەدەستانی ئێرانی سەبارەت بە تێپەڕبوونی سەلامەتی کەشتیەکان و دۆخی تیمەکانی کۆریا و پاراستنی ئاسایشی ڕێڕەوی دەریایی.
گرنگی ئەم کارە لەوەدایە کە کۆریای باشوور سەرەڕای هاوپەیمانی ستراتیژی لەگەڵ ئەمریکا، بە شێوەیەکی کاریگەر قبووڵی کرد کە ئاسایشی گەرووی هورمز بەبێ دیالۆگ لەگەڵ ئێران بەڕێوە ناچێت.
لە ڕوانگەیەکی ستراتیژییەوە دەتوانرێت ڕەوانەکردنی نێردراوێکی تایبەت بۆ تاران وەک نیشانەی ڕیالیزمی دیپلۆماسی سیئۆل سەیر بکرێت.
لەم کاتەدا کۆریای باشوور هەوڵیدا بەرژەوەندییە ئابووری و ئەمنییەکانی خۆی بە تایبەت لە بوارەکانی وزە و کەشتیوانیدا لە لایەک بپارێزێت و لە لایەکی دیکەشەوە کەناڵی پەیوەندی لەگەڵ ئێران بە کراوەیی بهێڵێتەوە.
جەختکردنەوەی نێردەی کۆریای باشوور لەسەر پێویستی تێپەڕاندنی سەلامەتی کەشتییەکان و هیوای گەڕانەوە بۆ ڕێڕەوی گفتوگۆ و ئاشتی، ئەوە دەردەخات کە سیئۆل تەنیا لە ڕوانگەی فشاری سەربازییەوە بەدوای قەیرانەکەدا نەڕۆیشتووە، بەڵکوو چارەسەرێکی دیپلۆماسی بە پێویستیشی زانیوە.
هاوسەنگی وریا لە بەرامبەر فشارەکانی ئەمریکا و دوورکەوتنەوە لە میلیتاریزم
لایەنێکی دیکەی چالاکییە ئەرێنییەکانی کۆریای باشوور لە کاتی شەڕی ٤٠ ڕۆژەی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنی لە دژی ئێران، لە دوورکەوتنەوە لە چوونە ناوەوەی بەپەلە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی لەگەڵ تاران دەبینرێت. دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ داوای لە هاوپەیمانەکانی ئەمریکا کرد کە ڕۆڵی زیاتر بگێڕن لە دەستەبەرکردنی گەرووی هورمز و ڕێگاکانی وزە، سیئۆل بە پێچەوانەی هەندێک چاوەڕوانییەوە هەڵوێستێکی دەستبەجێ و سەربازیی نەگرتەبەر کە هاوتەریب بێت لەگەڵ زۆرترین فشار.
بەرپرسانی کۆریای باشوور ڕایانگەیاند کە بە وردی پێداچوونەوە بە داواکارییەکەدا دەکەن و بژاردە جۆراوجۆرەکان لە چوارچێوەی دڵنیابوون لە ئاسایشی ڕێگاکانی وزە هەڵدەسەنگێنن؛ دەستەواژەیەک کە لە ئەدەبیاتی دیپلۆماسیدا زیاتر نیشانەی وریایی و کڕینی کاتە نەک ڕاگەیاندنی ئامادەیی بۆ چوونە ناو ئۆپەراسیۆنە سەربازییە ڕاستەوخۆکان.
لە لایەک کۆریای باشوور هاوپەیمانێکی ئەمنی ئەمریکایە و لە لایەکی دیکەشەوە بە شێوەیەکی زۆر پشت بە هاوردەکردنی وزە و ئاسایشی ڕێگا دەریاییەکان دەبەستێت. بۆیە سیئۆل نەیتوانی بە ئاشکرا بەرامبەر واشنتۆن بوەستێتەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا دەستێوەردانی سەربازی ڕاستەوخۆ لە قەیرانی هورمزدا دەتوانێت بەرژەوەندییە ئابووری و ئەمنییەکانی ئەو وڵاتەش بخاتە مەترسییەوە.
ئەم دۆخە وایکرد کۆریای باشوور سیاسەتێکی مامناوەند بگرێتەبەر، ئەویش پاراستنی هەماهەنگی ڕواڵەتی لەگەڵ ئەمریکا، بەبێ ئەوەی بەشداری ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی لەگەڵ ئێراندا بکات. تەنانەت هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە ترامپ ناڕازی بووە لە پشتیوانی نەکردنی هەندێک هاوپەیمانان، لەوانە سیئۆل، لەسەر پرسی هورمز؛ بابەتێک کە دەریدەخات کە وریایی کۆریای باشوور لە ڕوانگەی واشنتۆنیشەوە تەواو بەرچاو بوو.
لە ڕوانگەی ستراتیژییەوە دەتوانرێت ئەم ڕەفتارە وەک جۆرێک لە کردەوەی هاوسەنگی کۆنەپەرستانە بەڵام مانادار سەیر بکرێت. کۆریای باشوور نە مەبەستی بوو هاوپەیمانی خۆی لەگەڵ ئەمریکا بخاتە ژێر پرسیارەوە و نە ئامادە بوو تێچووی سەربازی و ئابووری و دیپلۆماسی شەڕێکی شەڕانگێزانە بدات کە ڕاستەوخۆ دەستی پێنەکردبوو. بە تایبەتی لە دۆخێکدا کە قەیرانی هورمز بەستراوەتەوە بە تێچووی وزە و زنجیرەی دابینکردن و ئاسایشی کەشتیوانییەوە، سیئۆل پێی باشتر بوو ڕێڕەوی هەڵسەنگاندن و ڕاوێژکاری و بەڕێوەبردنی مەترسی پەیڕەو بکات نەک دەستبەجێ بەشداری لە کۆبوونەوەی سەربازیدا بکات. ئەم ڕێبازە لە کردەوەدا سوودی هەبوو بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان، چونکە ڕێگری لە کۆریای باشوور کرد کە ببێتە بەشێک لە هاوپەیمانییەکی ئۆپەراسیۆنی دژ بە ئێران.
ەڕێوەبردنی دەرفەتە سنووردارەکان لە چوارچێوەی بەرژەوەندی هاوبەشدا
لە داهاتوودا دەتوانرێت ڕەفتاری وریایانەی کۆریای باشوور وەک دەرفەتێکی سنووردار بەڵام بەڕێوەبردن بۆ سیاسەتی دەرەوەی ئێران هەڵسەنگێندرێت نەک وەک نیشانەی گۆڕانکاری ستراتیژی سیئۆل.
کۆریای باشوور لە چوارچێوەی هاوپەیمانییەکی ئەمنی لەگەڵ ئەمریکادا بەردەوامە لە کارکردن و سروشتییە کە لە قەیرانەکانی ناوچەکەدا ڕەچاوکردنی واشنتۆن پشتگوێ نەخات؛ بەڵام ئەزموونی شەڕی ئەم دواییە دەریخست کە سیئۆل هەوڵدەدات کەمترین ئاستی پەیوەندی لەگەڵ ئێراندا بپارێزێت و گرژییەکان بەڕێوەببات و ڕێگری بکات لە زیانگەیاندن بە بەرژەوەندییە ئابووری و دەریاییەکانی.
لەم ڕوانگەیەوە، ئێران دەتوانێت بە ڕوانگەیەکی حیسابکراو، توانای وتووێژ سەبارەت بە ئاسایشی دەریایی، وزە، پشتیوانی کونسوڵگەری بۆ هاووڵاتیانی بیانی و یارمەتییە مرۆییەکان بۆ دروستکردنی ڕێڕەوێکی پەیوەندیی بەردەوامتر لەگەڵ کۆریای باشوور کەڵک وەربگرێت؛ ڕێگایەک کە لەسەر بنەمای زۆرترین چاوەڕوانی نییە، بەڵکوو لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە پراکتیکی و بەدیهاتووەکانی هەردوولا بێت.
لە ڕوانگەی چاودێرانەوە، بۆ تاران، دەبێ یەکمایەتی ستراتیژی گۆڕینی پێگەی ژێئۆپۆلەتیکی ئێران بێت بۆ زمانی دیپلۆماسی بەرپرسیارانە.
ئێران بە جەختکردنەوە لەسەر ڕۆڵی خۆی لە سەقامگیرکردنی گەرووی هورمز و دەستەبەرکردنی ڕێڕەوی وزە، دەتوانێت پەیامێک بۆ سیئۆل و زلهێزەکانی دیکەی ئاسیا بنێرێت کە ئاسایشی ناوچەکە بە گوشاری سەربازی و نەهێشتنی ئێران بەدی نایەت، بەڵکوو بە تێوەگلانی ڕاستەوخۆ و ڕێزگرتنی یەکتر و تێگەیشتن لە نیگەرانییە ڕەواکانی هەردوولا.
لەم چوارچێوەیەدا پێشنیارەکانی وەک گفتوگۆی بەردەوامی نێوان بەرپرسانی سیاسی و دەریایی، دانانی میکانیزمێکی ڕاوێژکاری لە کاتی قەیرانەکاندا، هاوکاری لەگەڵ دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان بۆ فریاگوزاری مرۆیی و جیاکردنەوەی پرسە مرۆیی و ئابوورییەکان لە گرژییە ئەمنییەکان دەتوانن یارمەتیدەر بن لە کەمکردنەوەی تێڕوانینە هەڵەکان.
ڕێبازێکی لەو شێوەیە بۆ ئێران ئەو سوودەی هەیە کە وێنەیەکی چالاکانە، عەقڵانی و بەرپرسیارانەی سیاسەتی ناوچەیی تاران بەبێ پاشەکشەکردن لە هەڵوێستە پرەنسیپییەکانی تاران دەخاتە ڕوو.
لە بەرامبەردا کۆریای باشوور ئەگەر بیەوێت بەرژەوەندییە درێژخایەنەکانی لە ڕۆژئاوای ئاسیا بپارێزێت، دەبێت خۆی لە سیاسەتێکی بەس کاردانەوە دوور بخاتەوە و ڕۆڵێکی چالاکتر لە بەڕێوەبردنی قەیرانەکاندا بگێڕێت. سیئۆل هاوکات لەگەڵ پاراستنی پەیوەندییە ستراتیژییەکان لەگەڵ ئەمریکا، دەتوانێت کەناڵەکانی وتووێژ لەگەڵ تاران بە کراوەیی بهێڵێتەوە، یارمەتییە مرۆییەکان لە ئاستێکی ڕەمزییەوە بەرەو میکانیزمێکی ڕێکوپێکتر بەرزبکاتەوە و کەناڵە دیپلۆماسی و تەکنیکییەکان لەسەر بابەتەکانی وەک ئاسایشی کەشتیوانی، وزە و پاراستنی هاووڵاتیانی خۆی بەهێز بکات، لەبری ئەوەی بە تەواوی پشت بە چوارچێوە سەربازییەکان ببەستێت.
Your Comment