شەهباز شەریف سەرۆک وەزیرانی پاکستان پاگەندەی کرد کە ڕێککەوتنێک لە نێوان ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی ئێران واژۆ کراوە.
ناوبراو زیادی کرد: دوای دانوستانی چڕوپڕ، بە شانازییەوە ڕایدەگەیەنین کە ڕێککەوتنی ئاشتی لە نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی ئێران کراوە، هەردوولا ڕاگرتنی دەستبەجێ و هەمیشەیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان لە هەموو بەرەکان بە لوبنانیشەوە ڕاگەیاند.
شەهباز شەریف ئاماژەی بەوەدا: "ئاهەنگی فەرمی واژۆکردن لە ڕۆژی هەینی 19ی حوزەیران لە سویسرا بەڕێوەدەچێت".
ناوبراو زیادی کرد: سوپاسی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی ئێران دەکەین بۆ پابەندبوونیان بە دۆزینەوەی چارەسەرێکی دیپلۆماسی بۆ ئەم ململانێیە.
هەروەها سوپاس و پێزانینی دڵسۆزانەمان بۆ براکانمان لەم هەوڵە نێوەندگیرییەدا، سەرکردایەتی گەورەی دەوڵەتی قەتەر، بۆ پشتیوانیکردنیان لە گەیشتن بەم ڕێککەوتنە دەردەبڕین. هەروەها بە تایبەتی سوپاسی سەرکردایەتی بیرمەندی پێشکەوتووی شانشینی سعودیە و کۆماری تورکیا دەکەم بۆ بەشدارییە گەورەکانیان لەم بوارەدا.
شەهباز شەریف وتیشی: "بە بوونی ئەم ڕێککەوتنە، نێوەندگرەکان ئاسانکاری بۆ زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەم هەفتەیەدا دەکەن. ئەم گفتوگۆیانەی پێش جێبەجێکردن، بنەمای گفتوگۆی تەکنیکی و مەراسیمێکی فەرمی واژۆکردن دەڕەخسێنن".
Your Comment