٦ کانوونی دووەم ٢٠٢٦ - ١٤:٣١
Source: Mehrnews
تەشەنەی ناکۆکیی کوردەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عێراق

گۆڤاری نیوعەرەب لە ڕاپۆرتێکدا ڕوانیویەتییە ناکۆکیی حزبە کوردییەکان بۆ دیاری‌کردنی بەربژێری سەرۆک‌کۆماریی عێراق هاوکاتی نزیکبوونەوەی لە کۆتایی مۆڵەتی دیاری‌کراو پەرلەمان بۆ ئەو کارە.

 بەشی نێودەوڵەتی: بەپیی دەستووری عێراق، سەرۆک کۆمار دەبێ بە دەنگی دوو لەسەر سێی پەرلەمانی ئەو وڵاتە دیاری بکرێت و گەیشتن بەو ڕێژە دەنگە پێویستی بە کۆدەنگیی بەربڵاوی هەموو باڵە سیاسییەکانە؛ میکانیزمێک کە دەتوانێ هەلی ئەوە بۆ ڕکابەرانی سیاسی بڕەخسێنێت کە ڕەوتی هەڵبژاردنەکە دوابخەن و ئاستەنگ بخەنە بەردەمی.

بەپێی نۆڕمی باوی سیاسیی پاش ساڵی 2003، پۆستی سەرۆک کۆمار دراوەتە کورد، سەرۆک وەزیری دراوەتە شیعە و سەرۆکی پەرلەمان دراوەتە سوننەی عێراق و بەوەشەوە، بەشداربوونی چەندین بەربژێری سەربەخۆی کورد لە ڕکابەرییەکان، گومانەکان لەبارەی توانی بەرەی کوردەکان بۆ کۆدەنگی لەسەر بەربژێرێکی یەکەی بەرز کردۆتەوە.

ئەوە لە کاتێکدایە کە پاش هەڵبژاردرانی سەرۆک کۆمار لە پەرلەمان، ئەو دەبێ لە ماوەی 30 ڕۆژدا بەربژێری گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی عێراق بۆ پێکهێنانی دەوڵەت ڕابسپێرێت و لە قۆناغی دواتردا، کابینەی پێشنیاری دەنگی متمانەی پەرلەمان بەدەست بێنێت.

لەمناوە شوان داودی، ڕۆژنامەنووسی پێشووی کورد و پەرلەمانتاری پێشووی عێراق، ناوی خۆی وەک بەربژێری سەربەخۆی سەرۆک کۆماری ڕاگەیاندووە و مشومڕی دێرینی حزبە کوردەکان بۆ ئەو پۆستەی بە هۆکاری سەرەکیی ناونووسی خۆی باس کردووە.

هاوکات ئەمیرە جابر، وەک ژنێک خۆی بەربژێری پۆستی سەرۆک کۆماری کردووە و ئامانج لەو کارەی سازدانی ئاڵنگارییەک لە بەردەم سیستەمی پشکبەندی ئیتنیکی-مەزهەبی پاش 2003 و ئەوەی کە لە دەستووردا ژن و پیاو یەکسانن، ڕاگەیاندووە.

پەرلەمانی عێراق لە پێنج‌شەممەی ڕابردووەوە ڕەوتی ناونووسیی بەربژێرانی دەست پێکردووە و بەپێی ڕیساکان، بەربژێران دەبێ لەدایکبووی عێراق و لە باوک و دایکێکی عێراقی بن. تەمەنیان دەبێ لانی‌کەم 40 ساڵ و خاوەن بڕوانامەی خوێندنی باڵا و بەری لە پێشینەی دادگایی و سزا بن.

یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە سەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانی هێشتا بەربژێری فەرمی خۆیی نەناساندووە و ڕاپۆرتەکان باس لە بوونی ناکۆکیی ناوخۆیی لەو حزبە و لێکدانەوەی بژێرەگەلێکی وەک نزار ئامەدی، ئاسۆ فەرەیدوون، عەبدوللەتیف ڕەشید(سەرۆک‌کۆماری ئێستا) و خالد شوانی(وەزیری دادی عێراق) دەکەن.

لە بەرەی پارتیش بە سەرۆکایەتی مەسعوود بارزانی، تا ئێستا نەگەیشتوونەتە کۆدەنگیی یەکجاری و ناوگەلێکی وەک فوئاد حسێن(وەزیری دەرەوەی ئێستای عێراق)، نێچیرڤان بارزانی(سەرۆکی هەرێم) و ڕێبەر ئەحمەد(وەزیری ناوخۆی هەرێم) ل بژێرەکاندا هاتووە و چاوەروان دەکرێت کە گفتوگۆی فەرمیی نێوان دوو حزبەکە، پاش دانوستانەکان بە ئەنجام بگات.

لە لایەکی ترەوە، موسەنا ئەمین، سەرۆکی فراکسیۆنی پەرلەمانی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، ڕایگەیاندووە کە بە پاڵپشتیی سێ باڵی ئۆپۆزیسیۆنی کورد، دەیەوێ بەربژێری سەرۆک کۆماری بێت.

ئەم مشت‌ومڕانە لە کاتێکدایە کە بەپێی دەستووری عێراق بڕیارە پۆستی سەرۆک‌کۆماری پۆستێکی تەشریفی و زۆرتر فۆڕماڵیتە بێت، بەڵام ڕەوتی هەڵبژاردرانی لە کاتێکدا ئەنجام دەدرێت کە کەشی سیاسیی عێراق بە هۆی بەربەستە پەرلەمانییەکان و ڕکابەرییەکان لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیران، ئاڵۆزتر بووە.

Your Comment

You are replying to: .
captcha