لە سەروبەندی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری نوێی عێراق، ژمارەیەک لە هاووڵاتیانی عێراقی بۆ ناونووسی بۆبەربژێری ئەو پۆستە، هەوڵێکی بێ وێنەیان داوە، هەوڵێک کە ئەگەرچی شانسی ڕاستەقینەی بۆ سەرکەوتنیان نییە، بەڵام بە شێوەی ڕاستەوخۆ سیستەمی سیاسی دوای سەددام و ڕێکاری نەگۆڕی دابەش کردنی دەسەڵات بە پێی پشکی ئێتنیکی و ئایینی بەرەو کێشە دەبات.
ئەو بەربژێرانە دەڵێن ئامانجی ئەوان گەییشتن بە بانترین پۆستی ئەو وڵاتە نییە، بەڵکوو شکاندنی یەک ڕەوتی سیاسی پارتەکان و نارەزایەتی بە سیستەمی "پشک"ییە؛ پێکهاتەیەک کە بە بڕوای رەخنەگران، هۆکاری سەرەکی بەردەوام بوونی گەندەڵی، ناکارامەیی دەوڵەت، بێکاری بەربڵاو و داڕمانی خزمەتگوزاری گشتی لە عێراق دێتە ئەژمار.
سەرۆک کۆماریی؛ سیمبولی پشی ئێتنیکی
بە گوێرەی سیستەمی دابەش کردنی دەسەڵاتی ئێتنیکی-ئایینی کە دوای هێرشی ئەمریکا بۆ عێراق لە ساڵی 2003 و رووخانی سەدام حسێن پێک هات، پۆستی سەرۆک کۆماری درایە کورد، سەرۆکی پەرلەمان درایە ئەهلی سوننە و سەرۆک وەزیریس بە شیعەکان تەرخان کرا. ئەو دابەش کردنە، ئەگەرچی لە سەرەتادا بە ئامانجی ڕێگری لە گەڕانەوەی دیکتاتۆری داڕێژرا، بەڵام لە کردەوەدا بووە هۆی سەقامگیری دابەشکاری حزبی و ئێتنیکی.
لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی نەنووسراوی نێوان حزبە کوردیەکان، سەرۆک کۆماری عێراق درایە یەکێتی نیشتمانی، لە حاڵێکدا کە ئیدارەی هەرێم درایە پارتی. یەکێتی ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند کە تەنیا بەربژێری بۆ سەرۆک کۆمار، نزار ئامێدی وەزیری پێشووی ژینگەی عێراقە. پارتی تا ئێستا هەڵوێستی خۆیی سەبارەت بە پاڵپشتی لە ئەو بەربژێرە یان ناساندنی بژاردەیەکی سەربەخۆ ڕانەگەیاندووە.
ڕەخنەگران، ئەو ڕێککەوتنە پشت پەردەیەی نموونەیەکی ڕوون لە سیستەمی پشک خستن دەزانن؛ سیستەمێک کە بە وتەی ئەوان، ڕکابەری ڕاستەقینە، شیاوسالاری و وەڵامدانەوەی لە پێکهاتەی دەسەڵات وەلاناوە.
بەربژێرە سەربەخۆکان؛ ناڕەزایەتی لە دروونی یاسا
لە هەمان پێوەندیدا، ئەحمەد تەوفیق، ئەندازیاری خانەنشین کرای کیمیا و کارناسی ئابووری 69 ساڵان، لە پارێزگای سلێمانی بەرەو بەغدا کەوتە ڕێ هەتا وەکوو بەربژێری سەربەخۆ بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری ناو بنووسێت. ئەو دەڵێت کە بەربژێریەکەی پەیامێکی سیمبولیک بۆ خەڵکی عێراق و کۆمەڵگای جیهانی هەیە.
ناوبراو لە گفتوگۆ لەگەڵ ڕۆژنامەی نەشناڵ جەختی کرد: دەمەوێت بە خەڵکی عێراق و جیهان بڵێم کە کەسانی شیاو و توانای زۆرمان لە دەرەوەی بازنەی سیاسەتوانانێک هەیە کە هەر جار لەسەر بنەمای پشک خستن دەست نیشان دەکرێن.
ناوبراو هۆشداریی داوە کە درێژەی ئەو ڕەوتە دەتوانێت ببێتە هۆی داڕمانی سەرجەم سیستەمەکە و تەنانەت پاڵپشتانی دەرەکی عێراقیش لە کۆتاییدا لێی دوور دەکەونەوە.
بنبەستی سیاسی دوای هەڵبژاردنەکان
عێراق لە 11ی نۆڤەمبەری 2025 شەشەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی خۆیی لە ساڵی 2003 بەڕێوە برد؛ هەڵبژاردنێک کە بە بەشداری چاوەڕوان نەکراوی 56.11 لەسەدی دەنگدەران بەڕێوە چوو. هاوپەیمانی بووژانەوە و گەشە بە ڕێبەری سەرۆک وەزیری ئێستا واتا محەمەد شیاع سوودانی ، بە بەدەستهێنانی 46 کورسی لە کۆی 329 کورسیەکەی پەرلەمان لە پلەی یەکەم وەستا بەڵام هیچ ڕەوتێکی سیاسی نەیتوانی زۆرینە بەدەست بهێنێت.
ئەو دۆخە، جارێکی دیکە وڵاتی بەرەو ڕەوتێکی درێژ بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانیە سیاسیەکان برد؛ رەوتێک کە لە ڕابردوودا هەندێک جار چەند مانگ و تەنانەت زیاتر لە یەک ساڵی خایاند. پەرلەمانی نوێ هەفتەی رابردوو یەکەم کۆبوونەوەی خۆی بەڕێوە برد و بە هەڵبژاردنی هەیبەت حەلبووسی وەکوو سەرۆکی پەرلەمان، ڕەوتی فەرمی پێکهێنانی دەوڵەت دەستی پێکرد.
داواکاری بۆ کۆتایی پێدانی پشک
بەربژێرە سەربەخۆکانی سەرۆک کۆماری خوازیاری وەلانانی سیستەمی بەش کردن و چوون بەرەو حکومەتێکی گشت گیر و لەسەر بنەمای شیاوسالارین. ئەوان پێیان وایە شێوەی بەش کردن نەک کێشەکانی عێراقی چارەسەر نەکردووە، بەڵکوو خۆی بووەتە هۆکاری سەرەکی قەیرانە پێکهاتەییەکان.
ئەمیرە جابر، ڕۆژنامەڤانی 43 ساڵان پێی وایە کە ڕێز بۆ دەستوور کە بە ڕاشکاوی سیستەمی پشک کردن بە فەرمی ناناسێت، مەرجی سەرەکی چوونە دەرەوەی عێراق لە قەیرانی ئێستایە.
نیشانەیەک لە ناڕەزایەتی قووڵی کۆمەڵایەتی
هەرچەندە ئەو بەربژێرە سەربەخۆیانە شانسێکی کەمیان بۆ سەرکەوتن هەیە، بەڵام بوونی ئەوان لە ئاستی سیاسی نیشانەی ناڕەزایەتی زۆری کۆمەڵگای عیراق لە دەسەڵاتدارانە. ئەو جموجوڵە سیمبولیکە، لە درێژەی شەپۆلی بەربڵاوتر لە نارەزایەتیەکان و داواکاری ڕێفۆرم خوازانەیە کە خوازیاری کۆتایی سیستەمی پشک کردن و جێگیر بوونی دەوڵەتی وەڵامدەر، روون و کارامەن.
Your Comment