نەعمان کورتۆلۆمۆش، سەرۆک پەرلەمانی تورکیا لە لێدوانێک بۆ ڕۆژنامەی حورییەت، سەبارەت بە مەرجەکانی دەوڵەت بۆ پڕۆسەی ئاشتی ڕایگەیاند: سەرەتا دەبێ پەکەکە چەک دانێت و خۆی بە یەکجاری هەڵوەشێنێتەوە و پاشان دەمپارتی دەبێ پابەندی بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ کۆتایی شەڕی چەکدارانە بێت. ئینجا دەکرێت ڤە گۆڕینی هەندێک یاسا و ڕەخساندنی بەستێنی یاسایی پێویست، ڕەوتی ئاشتی ببەینە پێش.
ڕاشیگەیاند: چاودێری بەسەر ئەوەی کە هێزە چەکدارەکان بەڕاستی چەکیان داناوە، ئەوەی کە گۆڕانکارییەکانی سووریا مەترسیی بۆ تورکیا نابێت، ئەرکی دەزگا ئەمنییەکان و دەوڵەت، نەک کۆمیسیۆنی پەرلەمانی.
ناوبراو لەبارەی داواکاریی بەردەوامی دەمپارتی و ڕەوتە کوردییەکان بۆ ناردنی کۆمیسیۆنی پەرلەمانی بۆ ئیمرالی و بیستنی ڕوانگەکانی ئۆجەلان، جەختی کرد: تەنیا لە ئەگەر ڕەزامەندیی زۆرینەی ئەندامانی کۆمیسیۆن (سەرووی سێ کەس لە پێنج ئەندامی کۆمیسیۆن) وەفدێک دەچێتە ئیمرالی، دەنا ئۆجەلان ڕا و پێشنیارەکانی تا ئێستا لە ڕێگەی وەفدی ئیمرالی و پارێزگارانی ڕەوانە کردووە.
سەرۆک پەرلەمانی تورکیا، بیری هێنایەوە کە کۆمیسیۆنی "هاوڕیزی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی"، کۆمیسیۆنێکی یاسادانەر نییە، بەڵکوو تەنیا دەتوانێ پلانگەلێک ئاراستەی پەرلەمان بکات و زیادی کرد: بێگومان پێویستی جیدی بە ڕیفۆڕمی یاساکان هەیە و دەبێ یاساگەلێک دابنرێن کە ڕێگەچارە و ڕێخۆشکەر بن بۆ گەڕانەوەی کەسانێک کە چەکیان داناوە؛ بۆ زیندانی و تاراوەکان، بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم و هەروەها پێداچوونەوە بە یاسای داد و سزا.
کورتۆلۆمۆش لە درێژەدا جەختی لەوە کرد کە لە تورکیادا هیچ زمانێک جگە لە زمانی تورکی ناتوانێ زمانی فەرمی بێت و قسەکردن لەوبارەیە، بێئەنجامە و بەوەشەوە ئاخاوتن بە زمانی دایکی، وەک شیری دایک بۆ هەمووان حەڵاڵە.
Your Comment