٢١ ئاب ٢٠٢٥ - ١٠:٤٢
Source: Mehrnews
کوردەکانی سووریا نیگەرانی هێرشی تورکیان

کوردەکانی سووریا سەرەڕای نەبوونی هەڕشەیەک ڕاستەوخۆ لە لایەن تورکیاوە، خۆیان بۆ هێرشی شیمانەیی ئەرتەشی تورکیا ئامادە دەکەن.

 کوردەکانی سووریا ئەگەرچی لە هێرشی شیمانەیی دەوڵەتی ناوەندی ناترسن. بەڵام خۆیان بۆ هێرشی چاوەرواننەکراوی ئەرتەشی تورکیا ئامادە دەکەن؛ هێرشێک کە لە ئەگەری خۆبواردنی کوردەکان لە ڕادەستکردنی چەک بە دیمەشق ڕوو بدات.

کوردەکان بە پێچەوانەی کەمینەکانی تری سووریا، تا ئیستا بەرەوڕووی کۆمەڵکوژی یان پێشێلکارییە ڕێکخراوەکانی وەک ئەوەی بەسەر عەلەوی، درۆزی یان مەسیحییەکاندا هاتووە، نەبوون و خۆیان ئەم ئاسایشە گرێ‌دەدەنەوە بە ڕادەست‌نەکردنی چەکەکانیان و ئەزموونی ناوچە کەنارئاوییەکان و سوەیدا، بە بیانوویەکی ئاشکرا دەهێننەوە بۆ تەڤڵ‌نەبوون لە ئەرتەشی نوێی سووریا و تەنیا قەناعەتیان بوە هێناوە کە وەک یەکەیەکی سەربەخۆ و تایبەت بە ڕۆژهەڵاتی فورات لە پێکهاتەی ئەرتەشی سووریادا چالاک بن.

کەچی بەوەشەوە، پاش ڕێککەوتنی 10ی مارچی ئەحمەد شەرع سەرۆکی دەوڵەتی گواستنەوەیی سووریا و مەزلووم کۆبانی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک، بەرپرسانی تورکیا گەلێ جار هەڕەشەیان لە کوردەکانی سووریا کردووە و لەمدواییەشدا هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاندووە: "تاقەتی ئەنقەرە بەسەر هاتووە و لە ئەگەری پابەندنەبوونی کوردەکان بە ڕێککەوتن، تورکیا دەست هەڵناپێکێت.

هەر بۆیە ئەنجومەن و میدیا کوردییەکان، بەردەوام جەخت لە "هەڵوێستی دژبەرانەی" تورکیا دەکەن و هوشدار دەدەن کە ئەنقەرە پاش ئەزموونی هاوشێوەی لە دژی عەلەوی و درۆزی، بڕیارە ئەمجار کوردەکان بکاتە ئامانج.

بۆ وێنە ڕۆژنامەی کوردیی "یەنی ئۆزگور پۆلێتیکا"ش سیاسەتەکانی ئەردۆغان هەمبەر بە سووریای بە سیاسەتەکانی نتانیاهۆ شووبهاندووە، و نووسی: پاڵپشتیی ڕۆژئاوا و دەوڵەتانی عەرەبی لە تورکیا، ئەنقەرەی هان داوە بۆ پەرەدان بە هەڵمەتەکانی و لەمناوە تورکیا بە ئامانجی کردنەوەی کەشێکی شەڕئاژۆیانە و نزیککردنەوەی هێزەکانی خۆی و ملیشیاکانی سەر بە ئەحمەد شەرع لە ناوچە کوردنشینەکان و گوشار خستنە سەر هەسەدە، بەردەوام دەبێت لە پێشێل‌کردنی ئاگربڕ و هێرشی پەرتەوازانەی ئاسمانیی بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا.

ئەو ڕۆژنامەیە بە ئاماژە بەوەی کە سیاسەتەکانی تورکیا لە سووریا ڕەنگدانەوەی دوژمنایەتیی دێرینی ئەردۆغان لەگەڵ کوردەکانە، بیریشی هێنایەوە: ئەنقەرە تەنانەت ڕێخۆشکەر بوو بۆ دانیشتنەکانی باکۆ لە نێوان شەرع و ئیسرائیل و خۆی بەشێکە لەو پیلانە.

هاوکات زەکی عەقڵ، شرۆڤەکاری سووری لە لێدوانێک بۆ ئەو ڕۆژنامەیە جەختی کرد: هەڵمەتەکانی تورکیا هیچ لەگەڵ پاگەندەکانی ئەو وڵاتە بۆ برایەتی تورک و کورد یان برایەتی عەرەب و وکورد ناخوێنێتەوە و بە کردەوە، ئەو هەلەی کە دەیتوانی سووریا بە ئاراستەی سیستەمێکی دیموکراتیکدا دەبرد، دەکاتە ئامانج.

ناوبراو بە ئاماژە بە پاڵپشتیی ئاشکرای تورکیا لە گرووپێک بە پێشینەی ئەلقاعیدە و سەپاندنی حکوومەتێکی دیکتاتۆری فیرقەیی و ڕادیکاڵی ئیسلامی بە سەر سووریادا، ڕایگەیاند: هەموو هەڵمەتەکانی تەحریرولشام بە پاڵپشتی و ڕێنوێنیی ئەنقەرە ئەنجام دەدرێت، بە چەشنێک کە تەنانەت ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی تورکیاش پێداگرە لە سەرخستنی حکوومەتێکی ناوەندخواز لە دیمەشقدا.

ئەو شرۆڤەکارە سوورییە ڕاشیگەیاند: تورکیا تەنانەت هەوڵەکان بۆ بووژاندنەوەی ڕێککەوتنی دیمەشق بە ناوبژیگەریی تام باراکی نوێنەری ئەمریکا لە سووریای بەرەوڕووی شکست کرد و نەیهێشت دانیشتنی پاریس بەڕیوە بچێت و لە بری ئەو، بەرپرسانی سووریا ناچار کرد لە واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی سەربازی لەگەڵ ئەنقەرە؛ ڕێککەوتنێک کە سووریا بۆ تورکیا دەکاتە حەوشە و حەسارێکی بێ دەروازە.

زکی عەقڵ لە کۆتاییدا، ڕوونی کردەوە کە ئامانجی کۆتایی ئەنقەرە ئەوەیە کە کوردەکانیش پاش عەلەوی و درۆزییەکان تەسلیم ببن و ئەمە نیشاندەری درێژەدان بە سیاسەتی دێرینی دوژمنایەتی تورکیا لە دژی کوردەکانە.

Your Comment

You are replying to: .
captcha