بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی ابنا - وەزارەتی دەرەوەی ئێران بەدەرکردنی بەیاننامەیەک وێڕای بەناڕەوا زانینی ئامادەبوونی سەربازانی ئەمریکی لە سوریاو هیواخواستن بۆ چەسپانی ئاشتی و سەقام لەو وڵاتەو لە ناوچەدا پاش چوونەدەری سەربازانی ئەمریکی لە سوریا، ئەگەری هاتنی هێزی سەربازیی تورکیا بۆخاکی سوریای بەجێی نیگەرانی زانی.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران پێی داگرت: چوونی سەربازانی تورک بۆ سوریا ، خەسار و زیانی ماددی و مرۆیی بەرفراوانی بەدواوە دەبێ و بەم پێیە، کۆماری ئیسلامیی ئێران نەیاری هەرچەشنە هەڵمەتێکی شیمانەیی سەربازییە.
لەو بەیاننامەدا هاتووە: کۆماری ئیسلامیی ئێران ئامادەیە خێرا پەیوەندیی دابمەزرێنێ لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا و سوریا بەمەبەستی نەهێشتنی نیگەرانییەکانی بەردەم لەڕێی ئاشتیانەو جەخت لەوە دەکا کە ڕێزگرتن لەسەروەریی نیشتمانی و یەکپارچەیی خاکی سوریاو هەروەها ڕێککەوتنی "ئادنا" ، بنەماگەلی شیاون بۆ وتووێژ و دانوستان.
بەپێی ڕێککەوتنی ئادنا کە لە بیستی ئۆکتۆبری١٩٩٨ و لەژێر چاودێریی ئێران و میسر لەنێوان تورکیاو سوریا مۆرکرا، دوو وڵات بەڵێنیان دا پێش بگرن بە هاتنی گرووپە ترۆریستییەکان بۆنێو خاکی یەکتری.
بەپێی ئەو ڕێککەوتنە، سوپای تورکیا ڕێگەی پێدرا بۆ سەرکوت کردنی گرووپە ترۆریستییەکان تەنیا هەتا قووڵیی پێنج کیلۆمتریی بچێتە نێو خاکی سوریاو هاوکات بتوانێ ڕێوشوێنی ئاسایشیی پێویست بگرێتەبەر بێتوو ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکەی بکەوێتەبەر مەترسی.
.........
340