٢١ حوزەیران ٢٠٢٦ - ١٣:٢٥
Source: Mehrnews
ئێران دژی پیلانە فریوکارانەکەی ئیسڕائیل و ئەمریکا چ بکات؟

بەشی نێوەدەوڵەتی_ مەشخەڵ كەوڵۆسی:

ئیسرائیل و ئەمریكا پەنایان بۆ بژاردەیەكی فریودان بردووە، ئەویش ئەوەیە: ئەگەرچی ترامپ وای نیشان دەدات كە دەیەوێت ناتانیاهۆ ئاقڵ بێت، بەڵام لەژێرەوە لەسەر یارییەك لەگەڵ ناتانیاهۆ رێككەوتبێت، بەوەی ئەمریكا بەشێوەی فەرمی بكشێتەوە و، لە دیوێكی تردا، ئیسڕائیل بەر ببێتە لوبنان.

ئێران و ئەمریکا دەقێکی لێکتێگەیشتنیان واژۆ کردووە و بڕگەی سەرەکی وەستاندنی شەڕ لە هەموو بەرەکانە بە لوبنانیشەوە، بەڵام دەبینین ئیسڕائیل ناوەستێت و دەیەوێت لوبنانیش بە دەردی غەزە بەرێت. لەم حاڵەدا ئێران دەبێت کاردانەوەی چی بێت و چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم پێشێلکڵریەدا بکات، لەسەر ئەم بابەتە مەشخەڵ کەوڵۆسی بۆ مێهری نووسی:

لەڕاستیدا ئەوەی ڕوودەدات، بە ئاشكرا و بەبێ هیچ پەردەیەك لەژێر یەك خاڵدا جێگەی دەبێتەوە، ئەویش ئەوەیە ئەمریكای ترامپ دەیەوێت بەهەر نرخێك بووە لەو جەنگە بكشێتەوە كە لەگەڵ ئێران بەرپای كرد.
تاكو ئەم ساتە ترامپ و مەكینە سەربازییەكەی، نەیانتوانیوە هیچكام لە ئامانجەكانیان بەدی بهێنن و، بەپێچەوانەوە، پاشەكشەی زۆر ئاشكرایان كردووە.
لەپێناوی پاراستنی ناوبانگ و ئاوی ڕووی مەكینەی سەربازی خۆی، ترامپ دەیەوێت هەرچی زووە و بەهەر نرخێك بووە لەو جەنگە بكشێتەوە، بەناوی ڕێككەوتنەوە نەك بەناوی دۆڕان.
لێرەدا ئەوەندەی تێبینی دەكرێت، ئیسرائیل و ئەمریكا پەنایان بۆ بژاردەیەكی فریودان بردووە، ئەویش ئەوەیە: ئەگەرچی بەزارەكی ترامپ وای نیشان دەدات كە دەیەوێت ناتانیاهۆ ئاقڵ بێت، بەڵام زۆرینەی گومانەكان بەرەو ئەوەن كە ترامپ لەژێرەوە لەسەر یارییەك لەگەڵ ناتانیاهۆ رێككەوتبێت، بەوەی ئەمریكا بەشێوەی فەرمی بكشێتەوە و، لە دیوێكی تردا، دەستی ئیسرائیل واڵا بكات بۆ ئەوەی چی دەكات لە لوبنان بیكات.
لەبەر ئەوە پێم وایە لەم قۆناغەدا سەركەوتنی ئەمریكا ئەوە نیە كە سەركەوتنی سەربازی لەدژی ئێران تۆمار بكات، چونكە ئەوە سیناریۆی یەكەم بوو بەڵام پێی نەكرا، لەئێستادا سەركەوتنی ئەمریكا لەوەدایە دۆسییەكان جیابكاتەوە، خۆی وەك ئەوە پیشان بدات كە بەڕێككەوتن لەجەنگەكە هاتۆتە دەرەوە، ئەوە ئیسرائیلە ڕێككناكەوێت.
پرسیارەكە ئەوەیە: ئایا ئێران ڕێگە بەم سیناریۆیە دەدات؟ ئایا ئەو ستراتیژی فریودانە بەسەر ئێراندا تێدەپەڕێت؟
لێرەدا ئێمە ئاماژەی گرنگی شیكاریمان هەیە، ئەویش بەردەوامی ئیسرائیلە لە بۆردوومانی لوبنان، لەكاتێكدا لە یەكەم خاڵی لێكتێگەیشتنی نێوان ئەمریكا و ئێران، باس لەكۆتایی جەنگ دەكات لەهەموو بەرەكان بە لوبنانیشەوە.
ئایا ئیسرائیل چۆن و بەپشتیوانی كێ پابەند نابێت؟ لێرەدا دەگەڕێمەوە بۆ لێدوانێكی جەی ڤانسی جێگری ترامپ كاتێ گوتی: مەرج نیە هەمیشە بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا و ئیسرائیل یەك بن!
ئەم لێدوانە بەئاشكرا هەڵكردنی چرای سەوزە بۆ ئیسرائیل تاكو بەگوێرەی بەرژەوەندی خۆی كار بكات و لە ڤیتۆی ئەمریكی نەترسێت! ئەگەرچی هەندێك پێیان وابوو، لێدوانەكەی ڤانس بۆ سەركۆنەكردنی ئیسرائیلە.
لەهەر گۆشەیەكەوە سەرنج بدەین، ئەگەری پابەندنەبوونی ئیسرائیل بە ڕێككەوتنەكەوە بەهێزترە وەك لەوەی پابەند بێت، چونكە هیچ لایەنێكی ئیسرائیلیش واژۆی لەسەر ڕێككەوتن نەكردووە، ئیتر چۆن داوای لێدەكرێت پابەند بێت؟ دیارە ئەو داوایە لەسۆنگەی ئەوەیە كە ئەمریكا لەجیاتی ئیسرائیلیش بڕیار دەدات.
بە ئاشكرا ئەو قسەیە ڕاستە، بەڵام وادیارە ئەمریكا و ئیسرائیل كایەیەكی ژێر بەژێریان سازكردووە، بێ ئەوەی نرخ و بەهایەك بۆ بەڵێن و بۆ واژۆی خۆیان، یان بۆ نەریتی دیپلۆماتی و تەنانەت بۆ پاكستان و قەتەریش كە نێوەندگیرن دابنێن.
ئێران دەبێ چی بكات؟ بەڕای من پێویستە هەموو توانای خۆی بۆ ئەوە بەكاربهێنێت، ئەمریكا نەتوانێت بەرەكان و دۆسییەكان لەیەكتر جیابكاتەوە، یان وەستانی شەڕ لەهەموو بەرەكان، یان گەڕانەوە بۆ جەنگ لەهەموو بەرەكان. ئەوجا ئۆپشنەكانی خۆی لەسەر ئەو بنەمایە ڕێك بخاتەوە. چونكە ئەمریكا لەئێستادا نایەوێت و توانای ئەوەی نیە جەنگێكی تر دەستپێبكاتەوە، ڕەنگە فشاری زیاتر بكات بۆ ئەوەی ئیسرائیل پابەند بكات، ئەگەر دڵنیابوو لەوەی كایە ژێربەژێرەكەی لەگەڵ ئیسرائیل ئاشكرا بووەو سەركەوتوو نابێت.

مەشخەڵ كەوڵۆسی
20ی6ی2026

Your Comment

You are replying to: .
captcha