بە گوێرەی ڕاپۆرتە مەیدانی و هەواڵگریە ئەمنیەکان، داعش ستراتیژی دووفاقەیی شوێنگیری دەکات کە بریتین لە: دزە لە نێو وەزارەتی بەرگری سووریا لە سێبەری ئاژاوە بە هۆی ئاوێتە بوونی هێزە سەربازیەکان و کەلکوەرگرتن لە ئاڵۆزی ناوخۆیی نێوان گرووپە ئێتنیکی و ئایینیەکان لەوانە کوردەکان، درۆزیەکان و عەلەویەکان و دژایەتی نێوانیان لەگەڵ حکومەتی کاتی.
لامار ئارکاندی، لێکۆڵەری بواری گرووپە توندڕەوەکان، بە کەناڵی ئەلحوڕەی وتووە کە ژمارەیەک لە هێزەکانی داعش دوای شکستی ئەو گرووپە لە باغۆز، بەرەو ناوچەی ژێر دەسەڵاتی دژبەران لە ئیدلب هەڵاتوون و دوای ڕووخانی حکومەتی پێشووش، لە چوارچێوەی پێکهاتەی نوێی سەربازی لە پێکهاتەی وەزارەتی بەرگری سووریا ئاوێتە بوون. بە وتەی ناوبراو ئەو کەسانە هێشتا پابەندی ئایدۆلۆژیا و پەروەردەکەیانن و چاوەڕوانی هەلی گونجاون بۆ بووژانەوەی دووبارە.
بە پێی ئەو ڕاپۆرتگەلە، داعشییەکان بە ڕواڵەتی فەرمیەوە ئەگەری هاتوچۆیان لە ناوچە جیاجیاکانی سووریا هەیە. بەرز بوونەوەی ژمارەی هێرشەکانی ئەو گرووپەش نیگەرانیەکانی چڕ کردووەتەوە؛ بە شێوەیەک کە داعش لە ساڵی ڕابردوو 121 ئۆپراسیۆنی ئەنجام داوە کە لە چاو ساڵی 2024 کە 117 هێرش بووە، زیادی کردووە.
شرۆڤەکاران بەشێک لە بووژانەوەی داعشیان داوەتە پاڵ بنبەستی سیاسی لە کوردستانی سووریا و جێبەجێ نەکرانی ڕێککەوتنی نێوان کورد و دیمەشق.
کارناسان هۆشداریی دەدەن کە بەردەوام بوونی کێشە ناوخۆییەکان و دواخستنی جێبەجی کرانی ڕێککەوتنی سیاسی، ڕێگای گەڕانەوەی داعشی هەموار کردووە. لە ئێستادا، هەزاران ئەندام و فەرماندەی ئەو گرووپە لە زیندانی غویران و بنەماڵەکانیان لە کەمپی هۆل لە ژیر دەسەڵاتی هەسەدەدان، بابەتێک کە نیگەرانیەکانی لە ئەگەر هێرشە ڕێکخراوەکان بۆ ئازادی زیندانیان زیاد کردووەتەوە.
Your Comment