ڕۆژنامەی نەشناڵ ڕاپۆرتی دا کە ئەمریکا لە چوارچێوەی پێکهاتەی نوێ دوای گۆڕانکاری سیاسی لە دیمەشق، گەڵاڵەیەکی پێشکەشی ڕێبەرانی کوردی سووریا کردووە کە بە پێی ئەوە، پێکهاتەی سەربازی و ئیداری ناوچە کوردنشینەکانی پارێزگای حەسەکە بپارێزرێت، بەڵام هەسەدە ئەبێ بەشێکی زۆر لە ناوچە زۆرینە عەرەب نشینەکان، لەوانە ڕەقە و دێرەزوور، ڕادەستی حکومەتی ناوەندی بکات.
سەرچاوەیەکی سووری لە واشنتۆن کە لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکی سەبارەت بە داهاتووی هەسەدە دیداری هەبووە، بە نەشناڵی وتووە: ئەمریکا ڕوونی کردووەتەوە کە ئیدارەی هەسەدە بەتایبەتی لە ناوچە عەرەب نشینەکان ناکارامە بووە. کەواتە بەشێکی زۆر لە ئەو ناوچانە ئەبێ ڕادەستی دیمەشق بکرێت.
بە وتەی ئەو سەرچاوە، ئەمریکا داوای کردووە کە حەسەکە لە دەستی کورد بمێنێتەوە و ڕەقە و دێرەزوور ڕادەستی حکومەتی ناوەندی بکرێت و هەسەدە بە شێوەی سیمبولیک و بە فەرماندەیی کوردەکانەوە ئاوێتەی ئەرتەشی نوێی سووریا بکرێت.
ئەو سەرچاوە زیادی دەکات: ئەوەی کە لە حەسەکە ڕوو دەدات، جۆرێک لامەرکەزی بوون لە کردەوەیە، تەنانەت ئەگەر لە یاسا بە ئەو ناوەوە وەسف نەکرێت.
بە گوێرەی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی نەشناڵ، ئەمریکا پاراستنی پێکهاتەی هێزەکانی کوردی سووریا و خۆبەڕێوەبەری پارێزگای حەسەکەی قبووڵ کردووە بەڵام گوشاری خستووەتە سەر کورد بۆ ڕادەست کردنی ڕەقە و دێرەزوور.
Your Comment