٢١ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ - ١٨:٣٨
Source: Mehrnews
بۆچی ئەوەندە کڕینی ئێف 35 بۆ تورکیا گرینگە

ڕۆژنامەی هیندوستانی ئامارجی لە ڕواپۆرتێکدا دەڕوانێتە پێداگریی تورکیا بۆ گەڕانەوە سەر پلانی کڕیاریی ئێف 35 لە ئەمریکا و دەنووسێ: ئەم پێداگرییەی تورکیا تەنیا بۆ بووژاندنەوەی هێزی ئاسمانی نییە، بەڵکوو هەوڵێکی هێمایینە لەپێناو مسۆگەرکردنەوەی پێگەی لەدەستچووی لە نێوان زلهێزان و پەل‌داکوتانی لە سیستەمی ئا

بەشی نێودەوڵەتی: پاش چەند ساڵ لە وەلانرانی تورکیا لە پلانی فرۆکە جەنگییەکانی ئێف 35، هەوڵی بێ‌بڕانەوەی ئەنقەرە بۆ گەڕانەوە سەر ئەو پڕۆژەیە، ڕەنگدانەوەی کیشمەکێشی قووڵتری بۆ دەستەبەرکردنی پێگە، ئاسایش، زێدەخوازیی ژێئۆپۆلیتیک و دزەی لە ناتۆیە و لە دیداری ئەردۆغان و ترامپ، سەرۆک‌کۆمارانی تورکیا و ئەمریکا لە 25ی سێپتامبێری ئەمساڵی زایینی لە کۆشکی سپی، یەکێک لە تەورە سەرەکییەکانی نێوان ئەو دووە، گرێبەستی 6 ملیارد دۆلاریی کڕینی 40 فرۆکەی ئێف 35 بوو.

ئەوە لە کاتێکدایە کە بە هۆی کڕینی سیستەمی بەرگریی ئێس 400ی ڕووسی لە لایەن تورکیاوە لە 2019دا، ئەمریکا بە بیانووی ئاشکرابوونی کۆدە نهێنییەکانی ئەو فرۆکە جەنگییە، تورکیای لە ڕێزی کڕیارانی ئێف 35 سڕییەوە. بەوەشەوە تورکیا بەڵێنیی ناچالاک‌کردنی بەشە هەستیارەکانی سیستەمی ئێس 400ی دا و واشنتۆن مەرجی تری وەک وەستاندنی هاوردەی نەوت و گازی لە ڕووسیا هێنایە گۆڕی.

تورکیا بۆ نەگەیشتە ئێف 35؟

تورکیا لە سەرەتای دەیەی 2000ـه‌وە بەدوای کڕینی سیستەمی پەدافەندی ئاسمانی پاتریۆتی ئەمریکاوە بووە؛ بە مەرجی گواسترانەوەی تەکنۆلۆژیا و بەرهەم‌هێنانی هاوبەشی. بەڵام واشنتۆن دژی ئەو داواکارییە بوو و ملی بە گواستنەوەی تەکنۆلۆژیاکەی نەدەدا و ئەوە بووە هۆی هاندرانی تورکیا بۆ کڕینی ئێس 400ی ڕووسی لە 2019 و سڕانەوەی یەکجاریی ناوی تورکیا لە لیستی کڕیارانی ئێف 35.

ڕەنگە سەرەکی‌ترین هۆکاری ئەو شتە بگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە تورکیا تەنیا کڕیارێکی سەڵت نەبوو، بەڵکوو ئەو خوازیاری خۆبەڕیوەبەری و گواسترانەوەی تەکنۆلۆژیا سەربازییەکانیش بوو. ئەم داواکارییە وەک بەشێک لە سیاسەتی دەرەوەی تورکیا لە دوای دەیەی 2000 هەوڵێک بوو بۆ دوورکەوتنەوە لە سیاسەتی خۆتەریک‌خستنی ئەتاتورکی بەرەو دەستێوەردانی ناوچەیی و سەرهڵدانەوەی نیۆعوسمانیزم. گۆڕانکارییەک کە هاوکات بوو لەگەڵ گەشەی پیشەسازیی بەرگریی ناوخۆیی و سەرهەڵدانی تۆڕێک لە کۆمپانیا و سەرمایەدانەرانی نزیک لە ئاڵقەی ئەردۆغان.

ڕێک لەو سەردەمانەدایە کە تورکیا خوازیاری کڕیاریی پاتریۆت دەبێ و هاوکاتی هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆیی سووریا لە 2011دا، تورکیا مەترسیی هاویشترانی مووشەک لە لایەن دیمەشق دەکاتە بیانوو بۆ ڕازی‌کردنی ئەمریکا، بەڵام هەر ئەو کاتیش دانوستانەکان بە ئەنجام ناگات و تەنیا بۆ ماوەیەکی کەم (2013 تا 2015) ناتۆ سیستەمگەلی پاتریۆتی لە تورکیادا دادەبەستێت.

پێمل‌نەبوونی ئەمریکا بۆ فرۆشتنی پاتریۆت وێڕای تەکنۆلۆژیەکەی، دەبێتە هۆی ڕێککەوتنی ئەنقەرە لەگەڵ کۆمپانیای چینی (CPMIEC) بۆ کڕینی سیستەمی بەرگری وێڕای تەکنۆلۆژیاکەی، بەڵام گوشاری ئەمریکا بە هۆی لە لیستی گەمارۆدابوونی ئەو کۆمپانیایە، لە ئەنجامدا تورکیای ناچار بە هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی لەگەڵ چین لە 2015دا دەکات و پاش کوودەتای 2016 و پەیوەندی پاڵپشتیی پووتین لە ئەردۆغان، تورکیا پەنا دەباتە بەر ڕووسیا و ڕازی دەبێت بە کڕینی ئێس 400؛ ئەم کارە هەمدیسان کاردانەوەی ئەمریکای بەدواە بوو و واشنتۆن لە 17ی ژووئیەی 2019دا ڕایگەیاند: فرۆکەی ئێف 35 ناتوانێ لە پەنای سیستەمێکی ڕووسیدا بێت کە بۆ کۆکردنەوەی زانیاری داڕشتراوە.

گرینگیی ئێف 35 بۆ زێدەخوازییە ستراتژییەکانی تورکیا

عیسمەت ئاکچا مامۆستای زانکۆ و شرۆڤەگەری ناسراوەی تورکیا، بە ئاماژە بەوەی کە پێداگریی تورکیا بۆ گەڕانەوە سەر پلانی ئێف 35، هەوڵێکە بۆ سەقامگیرکردنی پێگەی تورکیا لە هێرارشییەتی ئەمنی جیهانیدا، وتی: ئەگەرچی ترامپ چرای زەردی بە تورکیا نیشان داوە، بەڵام تەکوزی جیهانی ڕێگە بە وەدی‌هاتنی ئەو ئاواتەی ئەنقەرە نادات. چونکە ئێمە لە قۆناغێکدا دەژین کە هێزی سەربازی زیاتر لە هەر قۆناغێکی تر، دیاریکەرە.

ئاکچا دۆستایەتی نزیکی ترامپ و ئەردۆغانی بە هەلێک زانی بۆ دەست‌پێ‌ڕاگەیشتنی تورکیا بە ئێف 35 وەک کۆڵەکەی سیستەمی سەربازیی ناتۆ، سەرەڕای ناڕەزایەتی تەکوزی جیهانی و وتیشی: بەو کارە جیهان بەرەوڕووی دۆخێکی ترسێنەری چەند جەمسەری و ناسەقامگیری دەبێت کە بە مۆڵەتی مانۆڕدان بە وڵاتانی مامناوەندی وەک تورکیا، دەگەینە بەردەم دۆخێک کە کس نازانێت شەش مانگی دواتری چ دەبێت.

ئەو شرۆڤەکارە زیادیشی کرد: بە هەموو ئەوانەوە تورکیا ناتوانێت سەربەخۆیی ستراتژیکی هەبێت، چونکە ئەو ئەندامی ناتۆیە و پێکهاتەی سەربازی و دوکتەریەنی ئەمنیی هێشتاش پەیوەستە بە ناتۆوە.

یاریی دووفاقەی ڕێبەرانی ئەمریکا و تورکیا

ئەگەرچی ئەردۆغان دوای دیداری لەگەڵ ترامپ دڵخۆشە بە کڕینی ئێف 35، بەلام هەر خود ڕاپەڕاندنی مەرجەکانی ئەمریکا و لەوان ناچالاک‌کردنی سیستەمی ئێس 400 و وەستاندنی هاوردەی وزە لە ڕووسیا، پاشهاتی زۆر قورسی لە ناوخۆ و دەرەوەی تورکیا بەدواوە دەبێت. چونکە لە لایەکەوە پاشەکشێی لە پڕۆژەی ئێس 400 بە مانای نەمانی سەربەخۆیی ستراتژیک و خۆبەڕیوەبەریی سەربازیی تورکیا وەک ئامانجە سەرەکی و دروشمە گرینگەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئەردۆغانە و هەمیش وەستاندنی هاوردەی وزە لە ڕووسیا، دەتوانێ قەیرانی ئابووری و هەڵاوسانی قورسی بۆ ناوخۆی تورکیا بەدواە دەبێت.

کەواتە پێداگرییەی تورکیا بۆ گەڕانەوە سەر پلانی کڕیاریی ئێف 35، تەنیا بۆ بووژاندنەوەی هێزی ئاسمانی نییە، بەڵکوو هەوڵێکی هێمایینە لەپێناو مسۆگەرکردنەوەی پێگەی لەدەستچووی لە نێوان زلهێزان و پەل‌داکوتانی لە سیستەمی ئاسایشی ناتۆدا؛ هەوڵێکی پڕ لە مەترسی و ڕیسکی زۆر لە دنیای ناسەقامگیر و چەندجەمسەریی ئەوڕۆکەدا.

Your Comment

You are replying to: .
captcha