٢٠ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ - ٢٣:١٤
Source: Mehrnews
ئاگربڕی غەزە لەرزۆکە؛ ئەمریکا و ئیسرائیل هۆکاری گەشانەوەی شەڕەکانی ناوچەن

شرۆڤەگەری لێهاتووی عەرەب وێڕای شکێنەر وەسف‌کردنی ئاگربڕی کەرتی غەزە، وتی: ئەمریکا و ئیسرائیل هۆکاری گەشاندنەوەی شەڕەکانی ناوچەن

بەشی نێودەوڵەتی: عەبدولباری ئەتوان سەرنووسەری ڕۆژنامەی "رای الیوم" لە لێدوانێکی تایبەتی بۆ هەواڵنێری ئاژانسی مێهر ئاگربڕی غەزەی بە ئاگربڕێکی شکێنەر زانی و وتی: بە هۆی نامتمانەیی بە ڕژیمی زایۆنی، ئەو ئاگربڕە ئاگربڕێکی شکێنەرە. چونکە پێشتریش ئاگربڕی جۆراوجۆر و ئاڵوگۆڕی ئەسیران کراوە و هیچکام بە ئەنجام نەگەیشتن. یان کاتێک دەڕوانینە لوبنان، پاش 8 مانگ لە ئاگربڕ، ئیسرائیل زیاتر لە 5 جار ئاگربڕەکەی پێشێل کردووە و هەرچی ڕۆژە هێرشی کردۆتە سەر لوبنان و خەڵکەکەی دەکوژێت و ئەگەری دووپاتبوونەوەی ئەو ئەزموونە لە غەزەشدا هەیە.

ئاوەدان‌کردنەوەی غەزە؛ بەڵێنییەکی درۆیین

عەتوان هەروەها سەبارەت بە ڕەوتی ئاوەدان‌کردنەوەی غەزە وتیشی: ئەمە قۆناغێکی زۆر ئاڵۆزە، چونکە هەموو ناوچەکە خاپوور کراوە و ڕژیمی زایۆنی نزیکەی لەسەدا 95ی ماڵەکان و بینا بەرزەکانی غەزەی لەناو بردووە و زیاتر لە دوو ملیۆن کەسی لانەواز کردووە. لە لایەکی ترەوە ئایا ئیسرائیل خۆی ڕێگە بە ئاوەدان‌کردنەوەی غەزە دەدات و ئەگەر ڕێگە دەدات، کێ تێچووەکانی ئەو کارە لە ئەستۆ دەگرێت؟ هەر بۆیە قسەکردن لە ئاوەدان‌کردنەوەی غەزە و ئەوەی کە ئایا وڵاتانی عەرەبی ئەم تێچووە لە ئەستۆ دەگرن یان نا، جارێ زووە. چونکە ئێمە هێشتا لە قۆناغی یەکەمی ئاگربڕداین و لەوانەیە ئیسرائیل لە ماوەیەکی کەمدا ئاگربڕەکە پێشێل بکات و بگەڕێتەوە سەر پلانی داگیرکردنی غەزە.

ناوبراو ڕەخنەشی لە پاڵپشتیی واشنتۆن لە تلاڤیڤ گرت و ڕایگەیاند: واشنتۆن خۆی بۆ لەناوبردنی غەزە چراسەوزی بە تلاڤیڤ دابوو و تا کاتێک ئەمریکا پاڵپشتی لە ئیسرائیل بکات، ئەو جەنایەتانە بەردەوام دەەبێت و نۆژەن‌کردنەوەی تەنیا دروشمێکی بێ ناوەڕۆک دەمێنێتەوە. لە کاتێکدا یەکەمایەتیی سەرەکی بۆ خەڵکی غەزە دەبێ ڕزگاریی لە کۆمەڵکوژی، برسێتی، وێرانی و هەروەها ئاسانکاری بۆ گەیشتنی یارمەتیی مرۆڤدۆستانە بێت.

پلانی ئیسرائیل بۆ زاڵبوون بە سەر ناوچەدا

سەرنووسەری ڕۆژنامەی "رای الیوم" هەروەها سەبارەت بە کاریگەریی بەفەرمی‌ناسرانی دەوڵەتی فەلەستین لە لایەن هەندێک وڵاتەوە، ڕاشیگەیاند: گرینگترین پرسی ئێستاکە پاراستنی ئاگربڕە و چیتر قسەکردن لە ڕێگەچارەی دوو دەوڵەتی یان پێکهاتنی وڵاتی سەربەخۆی فەلەستین لە ڕۆژەڤدا نییە، چونکە ئەمریکا خۆی وەک پاڵپشتی ئاگربڕ و پلانی ئاشتی، دەوڵەتی فەلەستین بە فەرمی ناناسێت و بڕوای بە گەیشتن بە ڕێگەچارەی پاوەجێ نییە. لە لایەکی ترەوە ئیسرائیلیش بەدوای پاراستنی سنوورەکانی ساڵی 1948ـه‌وە نییە، بەڵکوو بیر لە سازدانی ئیسرائیلی گورە دەکاتەوە؛ پلانێک کە دوای داگیرکاریی فەلەستین، ڕووی لە وڵاتانی عەرەبیی وەک سووریا، لوبنان، میسر، عێراق و عەرەبستانیش دەکات. یان باشترە بڵێین چیتر ئیسرائیل هەوڵی کۆنتڕۆڵی هەموو ناوچەکە دەدات بۆ داڕشتنەوەی پێکهاتەی ژێئۆپۆلیتیکیی ناوچە.

زیادیشی کرد: ئەمریکا و ڕژیمی زایۆنی بەدوای لەناوبردنی ژێرخانە سەربازی و ناڤۆکییەکانی ئێرانیشەوە بوون و ئەوان پسپۆڕی شەڕ و لەناوبردنن، نەک ئاشتی و سازێنەری. کەواتە دەبێ هوشیار بین تا لە بەرامبەر پلانی ڕژیمی ئیسرائیل بۆ زاڵبوون بە سەر ناوچەدا بوەستین.

پلانی شاراوەی تلاڤیڤ و واشنتۆن لە غەزە

ئەم شرۆڤەکارە نێودەوڵەتییە، سەبارەت بە پلانی شاراوەی تلاڤیڤ و واشنتۆن لە غەزە، وتی: غەزە سەرظاوەگەلی دەوڵەمەندی نەوت و گازی هەیە و ڕژیمی زایۆنی و تیمی ترامپ دەیانەوێ سەدان ملیارد دۆلار لەو سەرچاوانە سوود بکەن و بۆ وەدی‌هاتنی ئەو ئامانجە، ئەوان دەیانەوێ دانیشتووانی غەزە، وردە وردە وەدەر بنێن و ئیسرائیل ئەو پیلانە شۆمەی خەریکە قۆناغ بە قۆناغ ڕادەپەڕێنێت. ئەمە هەمان گەمەی ئیسرائیل بە ئاگربڕ و پێشێل‌کردنیەتی و ترامپیش لەو ڕێبازەدا بۆ بەرژەوەندیی خۆی و ئیسرائیل وەک دەڵاڵێک دەجووڵێتەوە و گوێی لە ڕەنجی ئەو خەڵکە نییە.

ناوچە بەرەوڕووی شەڕێکی نوێ

عەتوان لە کۆتاییدا جەختی کرد: ناوچە هێشتاش بەرەوڕووی شەڕێکی نوێیە و سەرۆک کۆماری ئێستاکەی ئەمریکا، نەک بەدوای ئاشتی، بەڵکوو بەدوای شەڕەوەیە و ئەو بۆ تۆکمەی ڕژیمی زایۆنی هاتۆتە سەر کار و بە بەخشینی 26 ملیارد دۆلار یارمەتی ماڵی بە تلاڤیڤ، ڕێگە بۆ هەڵگیرسانەوەی شەڕەکان لە داهاتوودا هەموار دەکات.

Your Comment

You are replying to: .
captcha