٥ ئەیلوول ٢٠٢٥ - ٢٣:٥٨
Source: Mehrnews
پەرلەمانتارێکی ئێران: ئەگەری کشانەوەی تاران لە پەیمانی NPT هەیە

نوێنەری خەڵکی تاران لە مەجلیس جەختی کرد: سنەپ‌بەک نابێ کارا و بەردەوام بێت و پاشان هەڵوەشاندنەوەی بڕیارنامە پێشووەکان بە یەکجاری و گەڕاندنەوەی دۆسیەی ئەتۆمی ئێران بۆ دۆخی ئاساییی بژێرەیەکی گونجاوی ترە.

مالک شەریعەتی لە لێدوانێک بۆ هەواڵنێری   بە ئاماژە بە هەڵمەتی نایاسایی ئەورووپییەکان لە دەسپێکردنی پڕۆسەی چالاک‌کردنەوەی میکانیزمی سنەپ‌بەک، وتی: ڕاستە وڵاتانێک کە لە ڕابردوودا بەڵێنەکانیان هەمبەر بە بەرجام ڕەچاو نەکردووە، بۆیان نییە هەڵمەتێکی لەو جۆرە بنوێنن، بەڵام بەوەشەوە ئەو هەڵمەتە سیاسییە دەستی پێکردووە و بە ئەنجامگەیشتنی 35 تا 65 ڕۆژ درێژە دەخایێنێت.

بڕیارنامە دژە ئێرانییەکان دەبێ بۆ هەمیشە هەڵوەشێتەوە

نوێنەری خەڵکی تاران لە مەجلیس ڕوونی کردەوە: باشترین بژێرە بۆ ئێران لە هەنگاوی یەکەمدا پێشگری لە کارابوونی میکانیزمی سنەپ‌بەکە و بەپێی بەرجام پاش 10 ساڵ، واتە لە 26ی ڕەزبەر، بڕیارنامەی 2231 و بڕیارنامە پێشووەکان بە یەکجاری و بۆ هەمیشە هەڵدەوەشێنەوە و دۆسیەی ئەتۆمی ئێرانیش دەبێ بگەڕێتەوە سەر دۆخی ئاسایی، ئەمە ویستێکە کە هەموو بەرپرسانی دەوڵەت، مەجلیس و ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی تەرکیزیان لە سەریەتی و هەموو هەوڵی خۆمان بۆ خستۆتە گەڕ.

کاردانەوەی شیمانەیی ئێران؛ کشانەوەی لە NPT

ناوبراو بە ئاماژە بە ئەگەری بێ‌ئەنجامبوونی هەوڵەکانی ئێران و پێداگریی وڵاتانی ئەورووپی بە پاڵپشتیی ئەمریکا بۆ کاراکردنی میکانیزمی سنەپ‌بەک، وتی: لەو ئەگەردا دەستی ئێمە بۆ هەڵمەتی کاردانەوەیی کراوەیە و یەک لەو بژێرانە، کشانەوەی ئێران لە ئێن‌پی‌تی‌ـیە کە هەم هەنگاوێکی پیشبینی‌کراوەیە و هەمیش یاسایی و هەمیش لە دەوڵەتانی پێشووی (ڕۆحانی و شەهید ڕەئیسی) بە شیوەی نووسراوە بە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وەزی ئەتۆمی ڕاگەیێندراوە کە لە ئەگەری کاراکردنی میکانیزمی سنەپ‌بەک، ئەنجامی دەدەین.

پاشهاتەکانی کشانەوەی ئێران لە NPT بۆ لایەنی بەرامبەر

شەریعەتی بە ئاماژە بە درێژخایاندنی پڕۆسەیەکی 90 ڕۆژە بۆ کشانەوەی یەکجاریی ئێران لە ئێن‌پی‌تی، ڕایگەیاند: بێ‌گومان ئەمکارە پاشهاتگەلێکی بۆ لایەنەکانی بەرامبەر دەبێت، کەوایە ئەوان دەبێ لە نێوان درێژەی ڕێگەی نایاسایی و سیاسیی خۆیان و کاراکردنی میکانیزمی سنەپ‌بەک، یان گەڕانەوە بۆ سەر بەڵێنەکانیان، یەک ڕێگە هەڵبژێرن و بڕیاری لە سەر بدەن. چونکە ئێران بەڵێنەکانی لە بەرجام ڕاپەڕاندووە و ئەوە ئەوانن کە پابەندی بەڵێنەکانی خۆیان نەبوون و ئەوە ئەمریکا بووە کە لە بەرجام کشاوەتەوە.

درێژکردنەوەی میکانیزمی سنەپ‌بەک بۆ ئێران گونجاو نییە

ناوبراو جەختیشی کرد: بێ‌گومان لە نێوان دوو بژێرەی "کاراکردنی میکانیزمی سنەپ‌بەک" یان "درێژەی کاراکردنی میکانیزمی سنەپ‌بەک" بێ‌گومان درێژەی کاراکردن بژێرەیەکی خراپترە، چونکە ئەورووپییەکان بەدوای ئەوەوەن کە ئێمە لە بری درێژکردنەوەی میکانیزمی سنەپ‌بەک، باج و هەڤیازییان پێ دەدەین و ئەمە لە خۆیدا ویستێکی زێدڕۆیانەیە.

نوێنەری خەڵکی تاران زیادیشی کرد: درێژەدان بەو میکانیزمە ئێران دەخاتە دۆخی دواکەوتی و ئەمەش دەبێتە هۆی دواکەوتیی دۆخی پلان‌داڕشتنی ناوخۆیی. لایەنی دووەمی ئەم بابەتە قبووڵ‌کردنی کارێکی نایاسایی و ناڕەوای ئەورووپییەکان لە لایەن ئێمەوەیە.

یارمەتیی سیخۆرانە و هەواڵگرانەی ئاژانس بە دوژمنانی ئێران

شەریعەتی لە بەشێکی تر لەو لێدوانەدا باسی لە یارمەتیی سیخۆرانە و هەواڵگرانەی ئاژانسی نێودەولەتی وزەی ئەتۆمی لە بە دوژمنانی ئێران، سەرەڕای پاڵپشتی‌نەکردن لە ڕەوتی پیتاندنی ئێران کرد و وتی: پڕۆسەی درێژکردنوەی میکانیزمی سنەپ‌بەک لە ئەستۆی ئەنجومەنی ئاسایشە و ئێران بە هۆی ئەوەی ئەندامی ئەو ئەنجومەنە نییە، هیچ ڕۆڵێکی لەو میکانیزمەدا نابێت، بۆیە مەجلیس لای وایە لە پڕۆسەیەکدا کە ئێمە مافی دەنگدان لەبارەیمان نییە و ناتوانین هیچ بڕیارێکی بۆ بدەین، پێویست بە دانوستان لەبارەشیەوە نییە.

درێژەی سنەپ‌بەک؛ دەرفەتێکی مەترسیدار بۆ ئێران

ئەندامی کۆمیسیۆنی وزەی مەجلیسی شۆڕای ئیسلامی، وتیشی: ئەگەرچی هەندێک لایان وایە درێژەی میکانیزمی سنەپ‌بەک بە قازانجی ئێرانە بۆ خۆتۆکمەکردن، من لام وایە کە ئەو کارە بۆ پشتبەستن نابێت و هیچ گەڕەنتییەک نییە کە دوای 6 مانگ یان ساڵێک، میکانیزمەکە کارا نەبێتەوە. کەواتە درێژەی میکانیزمی سنەپ‌بەک دەبێتە هۆی دووپات‌بوونەوەی خولی نهێم و گوشار بۆ سەر گەلی ئێران و ئێمە نابێ بچینە ناو ئەو سیکل و خولە کێشەدارە، کەواتە خراپترین بژێرە بۆ ئێمە درێژەدان بەو میکانیزمەیە.

Your Comment

You are replying to: .
captcha