بەشی نێودەوڵەتی- حسێن عەبدوڵحسێن: 9 مانگ پاش ڕووخانی بەشار ئەسەد و بەدەسەڵات گەیشتنی ئەحمەد شەرع، ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دانیشتنێکی بۆ لێکدانەوەی قەیرانی سووریا بەڕیوە برد و داوای لە دیمەشق کرد کە "دەوڵەتێک لە نێوان خەڵکی سووریا و بە دەستی خەڵکی سووریا و بۆ خەڵکی سووریا" پێک بێنێت، بەڵام لە گۆشەنیگای ئەو ئەنجومەنە، سەرەڕای گۆڕانی سەرکردایەتی، سووریا هێشتاش وڵاتێکی تێکشکاوە و بۆ دەرچوون لە قەیران دەبێ بڕیارنامەی 2254 ڕاپەڕێندرێت و ڕێگە بە پاوانکردنی دەسەڵات بە ئیسلامخوازان نەدرێت.
بەوەشەوە ئەگەرچی لە ڕۆژهەڵاتی ناوین و لە سووریادا تەنیا ئەمریکا توانای زەخت خستنە سەر دەوڵەتی نوێی سووریای هەیە، بەڵام "تام باراک"ی نوێنەری ئەمریکا لە بری گوشارخستنە سەر دیمەشق، پێدەچێ زۆر حەزی لە ڕژیمی ئیسلامخوازی شەرعە. بۆ وێنە لە کاتێکدا کە هێزەکانی شەرع لە ناوچە کەنارئاوییەکاندا، عەلەوییەکانیان کۆمەڵکوژ کردووە و لە باشوور هەڵیانکوتاوەتە سەر درۆزییەکان و ئەگەری ئەوەش هەیە لە داهاتوودا هێرش بکەنە سەر کوردەکان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریادا، تام باراک ئەو هێرشانە گرێ دەداتەوە بە "کەسانی دزەکردوو" و هیچ بەهایەک بە بەڵگەکان و دانپێدانانی ئەسیران نادات.
بەو پێیە، دەکرێ ڕاشکاوانە بەو ئەنجامە بگەین کە ئەمریکا مەیلی لە کۆنتڕۆڵی زێدەخوازیی ملهۆرانەی شەرع نییە و هەر ئەوەش بۆتە هۆی نامومکینبوونی ڕاپەڕاندنی بڕیارنامەی 2254ی ئەنجومەنی ئاسایش و ئەحمەد شەرع ئەگەرچی بە دروشمی بنیاتنانی "سووریایەکی نوێ" هاتووە سەرکار، بەڵام بە کردەوە هەمان ڕێگەیەک ڕابردوو دەڕوات و دەسەڵاتی بێڕکابەر قۆرغە کردووە.
هەڵوێستی کوردەکان دژی ناوەخوازی
حەوتەی ڕابردوو کوردەکانی سووریا لە ناوچەی خۆسەری باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا کۆبوونەوەیەکیان بە بەشداریی نوێنەرانی ئیتنیک و مەزهەبەکانی سووریا بەڕیوە برد و خوازیاری ئیدارەی خۆجیی ڕۆژهەڵاتی فورات لە دەرەوەی کۆنتڕۆڵی ناوەندگەرانەی دیمەشق بوون. ئەم ئایدیایە دژوایەتی توندی شەرعی بەدواوە بوو و فەرمانی دا کە لیژنەی دەوڵەت گفتوگۆکانی داهاتووی لەگەڵ کوردەکان لە پاریس هەڵوەشێنێتەوە.
ئەوە لە کاتێکدایە کە بە گوێرەی چاودێران، شەرع تۆڕێک لە ملیشیاکانی بۆ بایکۆتی دژبەرانی ڕێکخستووە و خۆی بە چاوی "خەلیفەی ئەمەویی نوێ" دەبینێت و بەو کارە هیشانی داوە کە بە دوای دەسەڵاتێکی زۆر بەرزتر لە ئەسەدەکانە، بەبێ ئەوەی ماوەیەکی دیار بۆ لە دەسەڵاتمانەوەی دیاری کرابێت.
پاشهاتە ناوچەییەکان
بێ گومان دەستەوەستانیی ئەمریکا دەبێتە هۆی ئەوەی کە وڵاتانی دراوشی خۆیان بە شیوەی یەکلایەنە بەرهەڵەستی ئەم دۆخەی سووریا ببنەوە و پێشبینی دەکرێت کە:
ـ لوبنان کۆنتڕۆڵی سنوورەکانی لەگەڵ سووریا گرژتر و تۆکمەتر بکات،
ـ ئیسرائیل بەردەوام بێت لە هێرشی ئاسمانیی بۆ سەر سووریا،
ـ عێراق هەمبەر بە گەڕانەوە و سەرهەڵدانەوەی هەڕەشەی داعش هەشیار بێت،
ـ ئۆردۆن هەمبەر بە قاچاخی ماددەی هوشبەری، ملیشیاکان و هەڕشەگەلی وەدیهاتوو لە ناسەقامگیریی سووریا هوشیار بێت.
هەر بۆیە بە گشتی دەتوانین بڵێین کە درێژەی دانیشتنەکانی ئەنجومەنی ئاسایش بۆ سووریا، تەنیا یەک ئەنجامی هەیە و ئەویش چارەسەرنەبوونی کێشە و قەیرانی ئەو وڵاتە تەنانەت پاش ڕووخانی ئەسەدە.
Your Comment