١٦ ئاب ٢٠٢٥ - ١١:٤٦
Source: Mehrnews
ئالاسکا لە ڕوانگەی ڕۆژئاواوە؛ ئایا دیداری ترامپ و پووتین نەخشەی شەڕی ئۆکراین دەگۆڕێت؟

ترامپ و پووتین بڕیارە لە ئالاسکا بۆ گفتوگۆ لەبارەی ئۆکراین لە پشت دەرگا داخراوەکاندا دیدار و گفتوگۆ بکەن و ئەم دیدارە دەتوانێ داهاتووی ئاسایشی ئەورووپا سەرلەنوێ داڕێژێتەوە.

 بەشی نێودەوڵەتی: ئەوڕۆ هەینی 15ی ئەگێست، دۆناڵد ترامپ و ڤیلادیمیر پووتین، سەرۆک کۆمارانی ئەمریکا و ڕووسیا لە ئالاسکا پێکەوە دیدار دەکەن؛ دیدارێک کە کۆشکی سپی ناوی "پرۆڤەی بیستن" و نەک شوێنی بڕیاردانی کۆتایی وەسف کردووە.

لە سەرودەمی ئەو دیدارەدا، ولۆدیمیر زلێنسکی ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە (13ی ئەگێست) وێڕای ڕێبەرانی ئەورووپی لە پرێس کۆنفڕانسیکدا بۆ ترامپ، هێڵە سوورەکانی کیەفی بیر هێنایەوە و هاوکات ئەورووپییەکان سەبارەت بە "مامەڵەی ئاشتی لە بری زەوین" هوشداریان بە سەرۆک کۆماری ئەمریکا دا کە هەر هەنگاوێک بە هاوبەشیی ڕاستەوخۆی ئەوان هەڵبگرێت.

بۆ ئالاسکا؟

هەڵبژاردنی ئالاسکا وەک شوێنی دیداری ترامپ و پۆتین، بەپێی لێکدرانی لایەنە ئەمنی، جوگرافی، دیپلۆماسی و پەیامگەیاندنی سیاسییە. واتە:

یەکەم لەباری ئەمنییەوە، ویلایەتی ئالاسکا شوێنی بنکەی هاوبەشی "مەندۆرف-ڕیچاردسۆن" وەک کۆمەڵەیەکی سەربازی بە ژێرخانی کامڵ و کۆنتڕۆڵی چەند توێژی و لە ژێر چاودێریی هەمیشەیی، لە نزیکیی ئەنکوریجە، کە دەکرێ وەک "بوارێکی ئەمنیی داخراوە" لێی بڕوانی و دەتوانێ باشترین شوێنێک بێت بۆ کۆنتڕۆڵی هەر جۆرە هاتوچۆ و زانیارییە هاوپەیوەندەکانی.

دووەم لەباری جوگرافییەوە، شوێنێکی ستراتژیکە کە لە ڕۆژئاوایی‌ترین باکووری ئەمریکا و نزیکترین شوێن بە سنوورەکانی ڕووسیا هەڵکەوتووە و هاوکات مەودای کەمی فرۆکەیی بۆ وەفدی ڕووسی هەیە و ئەوەش دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی تێچووە ئەمنییەکان لە ڕێگەدا بۆ هەر دوولا.

سێهەم لەباری پەیامی هێمایین و دیپلۆماتیکیەوە، وەک دەزانین ئەمریکا ئەندامی دادگەی سزای نێودەوڵەتی نییە و هەر بۆیە ئەو دادگەیە ناتوانێ پووتین لە ناو خاکی ئەمریکادا قۆڵبەست بکات و بەڕێوەچوونی دانیشتنی ترامپ-پووتین لە ئەلاسکا وەک بەشێک لە خاکی ئەمریکا هاوکاتی لەکۆڵ‌کردنەوەی ئەو کێشەیە، بیرهێنەرەوەی دانیشتنەکانی سەردەمی شەڕی ساردە.

چوارەم، هەڵبژاردنی ئەلاسکا هاوکێشەیەکە لە نێوان نمایشی هێز و کەمکردنەوەی هەستیارییە سیاسییەکان، کە هاوکاتی ئەوەی بە واتای میوانداریی ئەمریکایە، بە هۆی دووربوونی جوگرافیایی لە پایتەخت و ناوەندە سیاسییەکانی ئەمریکا، کەشێکی هێمن‌تر و یەکسان‌تر بۆ گفتوگۆی دوولایەنە دەخەمڵێنێت.

ئاستەنگەکانی بەردەم سەرکەوتنی ئەلاسکا

گرینگترین ئاستی بەردەم سەرکەوتنی دانیشتنی ئەلاسکا، نەبوونی ئۆکراین لەو دانیشتنەیە کە پێشتر ڕێبەرانی ئەورووپایی لەبارەیەوە هوشداریان دابوو کە بەبێ ئامادەبوونی زلێنسکی، دانیشتنەکە ناشەرعی دەبێت.

دیارە ئەو نیگەرانییە ڕیشەی لە ئەزموونی مێژوویی "ڕێککەوتنی مۆنیخ"ـه کە تێیدا دەسەڵاتە ئەورووپییەکان بەبێ ئامادەبوونی نوێنەرانی چێکوسلواکی، بڕیاریان لە سەر چارەنووسی ئەو وڵاتەدا دا و ئەنجامەکەی بووە هۆی داڕمانی گشتییەتی پێکهاتەی ئەمنیی ئەو وڵاتە و هەڵگیرسانی ئاگری شەڕی دووەمی جیهانی.

ئاستەنگێکی تری بەردەم سەرکەوتنی دانیشتنی ئەلاسکا، کەڵێنی قووڵی نێوان هەڵوێستەکانی مسکۆ و کییەفە کە یەکیان پێداگرە لە سەر تەڤڵ‌کردنی ناوچە داگیرکردووەکانی و ئەوی تریان وێڕای هاوپەیمانانی ئەورووپی دابڕینی خاکی وڵاتەکەی بە هێڵی سوور دەزانێت و هەر ئەم ناکۆکییە بنەماییە دەتوانێ هەر جۆرە گفتوگۆیەک بگەیێنێتە بەربەست، مەگین ئەوەیکە لە سەرەتاوە باس لە چوارچێوە و پرسە پێشەکییەکانی ئاگربڕ بکەن.

ئاستەنگێکی تر نامتمانەیی توند و گوشاری ناوخۆیی بۆ هەر دوو لایە. ترامپ لە ناوخۆی ئەمریکا لە ژێر گوشاری ڕەوتە سیاسی و میدیاکانە کە هەر جۆرە پوەن‌دان بە پووتین بە خیانەت دەزانێ و پووتینیش لە کەشی ناوخۆیی ڕووسیادا بە دوای نمایشی هێز و سەرکەوتنە و نایەوێ پاشەکشێ بکات و دیارە ئەو گوشارانە دەبنە هۆی دەستەوەستانی لە ڕێککەوتنی دیپلۆماتیکدا.

هەر بۆیە ڕۆژەڤی شیمانەیی ئەلاسکا لە سێ دەستەدا پۆلێن‌بەندی دەکرێن:

1. ئاگربڕی ڕاستگۆیانە بە بەشداریی چاودێرانی نێودەوڵەتی و میکانیزمی چاودێریی ڕوون؛

2. پاکێجی گەڕەنتییە ئەمنییەکان بۆ ئۆکراین کە بریتییە لە پاڵپشتی سەربازی، زانیاری و ئابووریی درێژخایەن، بەبێ ئەوەی پێویست بە ئەندامێتی کییەف لە ناتۆدا بکات؛

3. گفتوگۆ لەبارەی گەمارۆکان بەتایبەت ئیمکانی هەڵپەساردن یان سنووردارکردنیان لە بری هەنگاوی دیار و سەرنج‌ڕاکێشی مسکۆ و لەوان گۆڕینەوەی ئەسیران.

و گفتوگۆ لەبارەی پرسی سنوورەکانی و ناوچە داگیرکراوەکان بە وتەی ڕێبەرانی ئەورووپی دەبێ لە قۆناغی دواتر و بە ئامادەبوونی ڕاستەوخۆی ئۆکراین ئەنجام بدرێت.

سناریۆ شیمانەکانی بەردەم

لە ئەنجامی ڕەشبینیی ئۆکراین، هوشیاری ئەورووپا و پەیامی "پڕۆڤەی بیستن"ی کۆشکی سپی، دەکرێ سێ سناریۆ بۆ ئەنجامی دانیشتنی ئەلاسکا وێنا بکەین:

1. ڕاگەیێندراوێکی پووچ و سیاسی: ئەم سناریۆیە زۆرترین ئەگەری لە سەرە کە تێیدا لایەنەکان ڕاگەیێندراوێکی گشتی و بەری لە بەرپرسایەتییەک دەدەنە دەرێ کە چەمکەکانی "پێشکەوتن لە تێگەیشتنی بەرامبەر"، "درێژەی گفتوگۆکان" یان "زەروورەتی دۆزینەوە ڕێگەچارەی ئاشتی‌خوازانە" لە خۆ دەگرێت. دیارە ڕاگەیێندراوێکی لەو جۆرە هەم، تێچوویەکی سیاسیی کەمتری بۆ ترامپ و پووتین هەیە و هەمیش هەڵگری پەیامی کرانەوەبوونی کەناڵی دیپلۆماسی بۆ ڕای گشتییە. لەو ئەگەرەدا لایەنەکان بەبێ دانانی خشتەیەکی زەمانی یان بەرپرسایەتییەکی پراتیکی، بەکردەوە دانیشتنەکە دەکەنە ڕووداوێکی هێمایین.

2. نەخشەڕێیەکی سنووردان بۆ ئاگربڕ و هەڵمەتی مرۆیی: لێرەدا لایەنەکان سەبارەت بە کۆمەڵێک هەنگاوی سنووردار و مومکینی وەک ئاگربڕی کاتی و گۆڕینەوەی ئەسیرانی سەربازی و مەدەنی و دیاری‌کردنی کاتی دانیشتنەوەی دووەم ڕێک دەکەون. ئەم سناریۆیە دەتوانێ "دەسکەوتێکی کۆنکرێت" بێت و گوشارە نێودەوڵەتییەکان بۆ سەر مسکۆ بپارێزێت.

3. ڕێککەوتنێکی ئاڵۆز و وەهماوی: ئەم بژێرە لە گۆشەنیگای کییەف و ئەورووپا پڕمەترسی‌ترین ڕێگەیە و لەو ئەگەرەدا ترامپ و پووتین مومکینە بەبێ گەڕەنتییەکی ئەمنی و ئامادەبوونی خود ئۆکراین، بە شێوەی وێڕایی یان ڕاشکاوانە سەبارەت بە "زەوین لە بری ئاگربڕ" ڕێک بکەون. دیارە ئەنجامی ئەو ڕێککەوتنە، پاوەجێی دەسکەوتی سەربازیی ڕووسیا و لاوازبوونی پێکهاتەی ئەمنیی ئەورووپا و کەلێن کەوتنە نێوان بەرەی یەکگرتووی ڕۆژئاوایە.

Your Comment

You are replying to: .
captcha