مەسعوود پزشکیان لە گفتوگۆ لەگەڵ تاکر کارلسۆن، هەواڵنێری ئەمریکایی، سەبارەت بە داهاتووی ئاگرىر و چاوەڕوانییەکانی ئێران لە دەرئەنجامەکانی وەستانی شەڕی ئێران و ئەمریکا، وتی: ئێمە دەسپێکەری شەڕ نەبووین و نامانەوێ شەڕ درێژەی هەبێت. من لەو ڕۆژەوە بوومەتە سەرۆک کۆماری ئێران، دروشمی من یەکگرتوویی ناوخۆیی و سەقامگیریی ئاشتی و ئاسایش لەگەڵ دراوسێکان و جیهان بووە.
سەرۆک کۆماری ئێران لە وەڵامی هەڵمەتی دەستدرێژانەی ترامپ بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران بە پاساوی نامومکینبوونی ئاشتی لە ئەگەری پێداگریی ئێران لە پلانی ناڤۆکیی، وتیشی: لە ڕاستیدا نتانیاهۆ لە ساڵی 1992دا پەرەی بەو باوەڕە داوە کە ئێران بەدوای چەکی ئەتۆمییەوەیە و هەر سەرۆک کۆمارێکی ئەمریکا هاتووە، بە هەمان بۆچوون و درۆوە بە چەواشە براوە. بەڵام ئێمە نەک تەنیا بە دوای چەکی ئەتۆمییەوە نەبووین، نین و نابین، بەڵکوو ڕێبەری ئێران لەوبارەیەوە فەرمان و فتوای داوە. تەنانەت لە هاوکاریی تەواوی ئێمە لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی هەڵوێستی ئاشتیخوازانەی ئێمە تاقی کرایەوە، بەڵام بەداخەوە بە هۆی ئاکاری ئەوان، ڕەوتەکە بەرەو ئاڵۆزی چوو.
ناوبراو لە درێژەدا سەبارەت بە چۆنیەتی ئاگاداربوونی کۆمەڵگای جیهانی لە ئاستی پیتاندن و ڕەوتی پلانی ئەتۆمیی ئێران لە پاش پچرانی هاوکاریی کۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ ئاژانسی وەزی ئەتۆمی، ڕوونی کردەوە: ئێمە بە پێی بانگهێشتی سەرۆک کۆماری ئەمریکا خەریکی دانوستان و گفتوگۆ بووین و واشنتۆن بەڵێنی دابوو کە تا ئێمە مۆڵەت بە ئیسرائیل نەدەین، هیچ هێرشێک ناکرێت. بەڵام لە دانیشتی شەشەمدا، ڕێک لە جەنگەی دانوستانەکاندا، هێرشمان کرایە و دیپلۆماسی لەناو برا. بەوەشەوە لەبارەی چاودێرییەوە، بێ گومان ئامادەین دووبارە بەشداری گفتوگۆکان بین و درێژەی بە ڕاستیدۆزییەکان بدەین. ئێمە هیچکات لە بەر ڕاستیدۆزی هەڵنەهاتووین و ئامادەین بۆ ئەنجامدانەوەی دووبارەی. بەلام بەداخەوە، پاش هێرشی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێمە، زۆربەی جیهازات و ناوەندەکانی ئێمە زیانیان پێگەیشتووەر و بە ئاسانی ناکرێت، پێیان ڕابگەین. کەواتە دەبێ چاوەڕوان بین، بزانین ئایا دەتوانین دووبارە کەڵکیان لێ وەربگرینەوە یان نا؟
پزشکیان هەروەها سەبارەت بە بۆچوونی دەوڵەتی ئێران لەمەڕ سیخوڕیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران و ڕادەستکرانی زانیارییە نهێنییەکان لە لایەن ئاژانسەوە بە ڕژیمی زایۆنی، ڕایگەیاند: لە بابەتی متمانە بە ئاژانس، بە هۆی هەڵمەتەکانی ڕژیمی زایۆنی بە کەڵکئاژۆیی لە زانیاریگەلی پشکێنەران، پێیان بەدبینین. بەوەشەوە ئێمە بەردەوام ئامادەی هاوکاری بووین و مۆڵەتمان داوە کە ئاژانس هەموو ئەو ناوەندانەی لە ژێر چاودێرییدا بووە، بپشکنێت. نامتمانەیی کاتێک تەشەنەی سەند کە ڕاپۆرتی ئەمدواییەی ئاژانسی، بیانووی دایە دەست ڕژیمی زایۆنی تا بەبێ هیچ مۆڵەتێک هێرش بکاتە سەر ناوەندە ئەتۆمییەکانی ئێمە. بەداخەوە ئاژانس هێرشکرانە سەر ئەو ناوەنداندی کە لە ژێر چاودێریی خۆیدا بوو و ئێمە بە پێی NPT قبووڵمان کردبوو، ئیدانە نەکرد. ئەم بابەتە لە گۆشەنیگای یاسای نێودەوڵەتییەوە ڕەوا نییە و بۆتە هۆی سازبوونی نامتمانەیی لە نێوان خەڵک و یاسادانەرانی ئێمە هەمبەر بە ئاژانس.
سەرۆک کۆماری ئێران لە وەڵامی پرسیار لە ئەگەری ئامادەیی ئێران بۆ گەڕانەوە سەر میزی دیپلۆماسی و دانوستان بەپێی باوەڕی دژەشەڕانەی کۆماری ئیسلامی ئێران و چاوەڕوانیی تاران لە ڕێککەوتنی گونجاو لەگەڵ ئەمریکا، ڕاشیگەیاند: لام وایە کە ئێمە دەمانتوانی زۆر بە ئاسانی و لە ڕێگەی گفتوگۆوە کێشەکانمان چارەسەر کردبا و چوارچێوەی گفتوگۆکان دەیتوانی بە پێوەری یاساگەلی نێودەوڵەتی و مافی وڵاتان با. ئێمە هیچ چاوەروانییەکمان جگە لە ڕێزنان لە یاساگەلی نێودەوڵەتی نەبووە و نییە. ئەوە نتانیاهۆیە کە ناوچەکەی لە شەڕ گلاندووە و هەوڵی تێکدانی گفتوگۆکانی نێوانمانی دا. ئێمە بەدوای ئاشتییەوەین و باوەڕم وایە کە لە دنیای بچوکی ئێمەدا، مرۆڤەکان دەبێ لە ئاشتی و ئاسایشدا بژین. بەلام هێرشمان کرایە سەر و گەلی ئێمەش لە دۆخێکی ئاوادا دەستەوەستان نابێ و بەرگری لە خۆی دەکات. پێموا لە ئێستادا سەرۆک کۆماری ئەمریکا دەتوانێ هاوکات ناوچەکە بە ئاراستەی ئاشتی و ئاسایشدا ببات یان تووشی شەڕێکی بێ کۆتایی بکات.
ناوبراو سەبارەت بە پلانی ئێران بۆ بەشداربوونەو لە دانوستانەکان لەگەڵ ئەمریکا و دەرئەنجامەکانی ئەو دانوستانە، جەختی کرد: ئێمە لەگەڵ دانوستاندا کێسەمان نییە. بەڵام کارەساتێک کە ڕژیمی زایۆنی لە ناوچە و وڵاتی ئێمەدا بەدی هێناوە و لەوان تیرۆر و شەهیدکردنی فەرماندە و زانایانی ئێمە لەگەڵ خێزانەکانیان و خەڵکی مەدەنی، دۆخەکەی قەیراناوی کردووە. ئەگەرچی هیوادارم لەو قەیرانە تێپەڕین و دیسان بتوانین بگەڕێینەوە سەر میزی دانوستان. ئەگەرچی ئەوە پێویستی بە مەرجی متمانەکردن بە ڕەوتی گفتوگۆکان هەیە و نابێ لە ناوەڕاستی گفتوگۆکاندا دیسان ڕێگە بە ڕژیمی زایۆنی بدرێت کە هێرش بکا و ئاگری شەڕ داگیرسێنێت.
پزشکیان لە درێژەدا وێڕای پشتڕاستکردنەوەی هەوڵ و هەڵمەتی تیرۆریستانە لە دژی خۆی، سەرەڕای نەبوونی ڕاپۆرت و بەڵگەیەک لە لایەن ناوەندە هەواڵگری و فەرمییەکانی ئەمریکاوە، ئاشکرای کرد: ئەو هەڵمەتە لە لایەن ڕژیمی زایۆنییەوە ئەنجام درا، نەک لە لایەن ئەمریکاوە. واتە کاتێک لە دانیشتنێکی ناوخۆیی خەریکی پێداچوونەوە بە پلانەکاندا بووم، ئەو شوێنەی ئێمەی لێ بوو، لە لایەن زایۆنییەکانەوە بە خەستی بوردۆمان کرا، بەلام کاتێک خودا نەیەوێ، هیچ ڕوو نادات.
سەرۆک کۆماری ئێران لە وەڵامی پرسیار لە ترسی خەڵکی ئەمریکا لە هێرشی ئێران بۆ سەر ئەو وڵاتە و ناساندنی ئەمریکا بە شەیتانی مەزن لە دروشمەکانی خەڵکی ئێراندا، وتی: ئەم وێنایە لە ئێران هەیە و لە 200 ساڵی ڕابردوودا ئێران یەکجاریش هێرشی نەکردۆتە سەر هیچ وڵاتێک و دروشمی "نەمان بۆ ئەمریکا"ش بە هیچ جۆرێک بە مانای نەمان و مەرگی خەڵکی ئەمریکا نییە، ئەو دروشمە واتە نەمانی جەنایەت و پاڵپشتی لە کۆمەڵکوژی و سیاسەتگەلێک کە بۆتە هۆی ئاژاوە لە ناوچەدا، بۆ وێنە داعشێک کە خود سەرۆک کۆماری ئەمریکا ئاشکرای کرد کە پەروەردەی ئەوانە و بۆتە هۆی ئاژاوە و جەنایەت لە ناوچەدا و دروشمی مەرگ ڕووی لەوانە.
ناوبراو سەبارەت بە فتوای مەرجەعە ئایینی و زانایانی ناوداری ئێرانی لە دژی دۆناڵد ترامپی سەرۆک کۆماری ئەمریکاش، ڕوونی کردەوە: تا ئەو جێگەی بزانم ئەوان دژی کەس فتوایان دەرنەکردووە و ئەوی بڵاوبۆتەوە، ئەگەرچی هیچ دەروەستی بە دەوڵەت یان ڕێبەرییەوە نییە- تەنیا دەڵێ کە بێڕێزی بە مەزهەب یان کەسایەتییە مەزهەبییەکان لە گۆشەنیگای باوەڕەوە، ناڕەوا و شەرمەزارانەیە و ئەمە تەنیا دەروەستی بە سەرۆک کۆماری ئەمریکا یان کەسایەتییەکی تایبەوە نییە و لەو سۆنگەوە زانایانی ئایینی تەنیا ڕای خۆیان دەربڕیوە و ئەم فتوایە هیچکات بە مانای کوشتن یان هەڕەشە نییە.
پزشکیان لە وەڵامی پرسیار لە پەیوەندییەکانی ئێران و ئیسرائیل و دەنگۆی دابینکرانی چەک و چۆڵی ئێران لە ساڵەکانی سەرەتای شۆڕش لە لایەن تلاڤیڤ و هۆی وەرچەرخان و ناکۆکی بنەمایی نێوان ئێران و ئیسرائیل، ڕایگەیاند: ئەو جەنایەتە دڵتەزێنانەی کە بە بەر چاوی هەموو جیهانەوە لە لایەن ڕژیمی زایۆنییەوە ئەنجام دەدرێت و لەوان کوشتنی ژنان و منداڵان و بوردۆمانی قوتابخانە و زانکۆ و نەخۆشخانە و بەستنی ڕێگەی ئاو و خۆراک و دارۆ بەڕووی خەڵکدا، نمانەی ئاشکرای کۆمەڵکوژین و خەڵکی ناوچە ناتوانن چاوپۆشی لەو ئاکارانە بکەن. ئینجا تا ئەو جێگەی من بزانم، ئێران هیچکات چەکی لە ڕژیمی زایۆنی وەرنەگرتووە و بەدوای شەڕەوە نەبووە و شەڕەکان بەسەرماندا سەپاوە، تەنانەت شەڕ لەگەڵ عێراقیش.
سەرۆک کۆماری ئێران هەروەها سەبارەت بە ئامانجی ڕاگۆڕینەوەکان لەگەڵ ئەمریکا و ئەگەری خەمڵانی جیهانێک کە تێیدا گەمارۆکان هەڵوەشاونەوە و کۆمپانیاگەلی ئەمریکایی بتوانن لە ئێران سەرمایەدانەری بکەن، جەختی کرد: لەو ساوە بوومەتە سەرۆک کۆمار، هەوڵم داوەڤ سەرەتا یەکگرتوویی ناوخۆیی تۆکمەتر بکەم و پاشان پەیوەندییەکی تەندروست و ئیجابیم لەگەڵ دراوسێکاندا هەبێت و لە گفتوگۆیەک کە لەگەڵ ڕێبەری باڵای ئێراندا بوومە، بەڕێزیشیان لەو باوەڕەدان کە سەرمایەدانەرانی ئەمریکایی دەتوانن بێنە ئێران و هیچ ئاستەنگێک بۆ چالاکیی ئەوان نییە. چاوتان لێیە ئەوە بۆچوونی رێبەری ئێرانە، بەڵام بەداخەوە ئەوە ڕژیمی زایۆنییە کە ئیزنی حەسانەوە و ئاسایش بە ناوچەکە نادات. بۆیە لام وایە کە سەرۆک کۆماری ئەمریکا دەتوانێ یان هەلومەرجەکە بە ئاراستەی ئاشتی و ئاسایشدا ببا و ڕژیمی زایۆنی کۆنتڕۆڵ بکات؛ یان بکەوێتە داوی نتانیاهۆ و شەڕێکی بێ کۆتاییەوە. کەواتە ئەو بڕیارەێکە لە ئەستۆی سەرۆک کۆماری ئەمریکا و ئێمە بۆ هەر جۆرە هاوکارییەکی ئابووری، پیشەسازی و بازرگانی لەگەڵ ئەمریکادا ئامادە بووین و دەبین و ئەوە گەمارۆکانە پێش بەو کارە دەگرن.
ناوبراو لە کۆتاییدا سەبارەت بە ڕۆڵگێڕانی هاوپەیمانانی ئێرانی وەک چین و ڕووسیا لە ئەگەری هەڵگیرسانەوەی شەڕ، بۆ پاڵپشتیی ئابووری و سەربازی لە ئێران، ڕاشیگەیاند: ئەوی بۆ ئێمە گرینگە، باوەڕمان بە خودا و بڕواکانی خۆمانە. ئێمە توانستی بەرگری لە خۆمان هەیە و ئەگەر پێویست بێت تا دوادڵۆپی خوێنمان بەرگری لە وڵاتمان و تەواوەتی سەرزەوینیی دەکەین. ئەگەرچی دەشڵێم ئێمە بەدوای شەڕەوە نین و هیچکات نەمانویستووە چەکی ئەتۆمی چێ بکەین.
Your Comment