بەشی نێودەوڵەتی: دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە سەر پلانی ئەتۆمیی تاران، بەیانی (چوارشەممە) هەنگاو دەنێتە ناو قۆناغی "ئاستی تەکنیکی"؛ قۆناغێک کە بە گوێرەی ئاسۆشیتدپرێس و شرۆڤەکارانی ئەتۆمی، نیشاندەری پێشکەوتی خێرای دانوستانەکانە.
بەوەشەوە کارناسانێکی ناپەیوەند بەو دۆسیە کە نەیانویست ناوی ئاشکرا ببێت، بە ئاسۆشیتدپرێسـیان ڕاگەیاندووە کە ئەم پێشکەوتە بە مانای ڕێککەوتنی خێرای لایەنەکان نییە، بەڵکوو بەپێچەوانە، بەو مانایە کە دانوستانەکانی نێوان عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و ستیڤ ویتکاف ڕاسپاردەی تایبەتیی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە کاروباری ڕۆژئاوای ئاسیا، نەکراوەتە بازرگانییەکی باڵادەست.
کێلسی داوێنپۆرت بەڕێوەبەری یەکەی سیاسەتی پەرەنەدان لە ئەنجومەنی کۆنتڕۆڵی چەک و چۆل، لەوبارەیەوە وتی: ڕەزامەندی بۆ دانوستانی تەکنیکی، واتە لایەنەکانی دانوستان، ئامانجە کردەکی و واقیعگەراکانیانی خۆیان دەربڕیوە و بەدوای کۆڵینەوە لە وردەکارییەکانن، چونکە ئەگەر ویتکاف پێداگر بایە لە ویستی لانیزۆریی وەک هەڵوەشاندنەوەی پلانی پیتاندن، یەوا ئێران هیچ ئەنگێزەیەکی نەدەبوو بۆ درێژەدانی دانوستانەکان لە ئاستی تەکنیکی.
بەوەشەوە لەم قۆناغەدا هەندێک ئاستەنگی شیمانەیی وەک "چ ئاستێک لە پیتاندن لە لایەن ئێرانەوە گونجاوە؟ پلانی مووشەکی بالستیکی تاران چی بەسەر دێت؟(پرسێک کە ترامپ لە 2018دا کردییە بیانووی کشانەوەی لە بەرجام)، کامە گەمارۆ هەڵدەوەشێنەوە و کامیان بەردەوام دەمێنێتەوە؟"، بەدی دەکرێن.
ڕیچارد نفیو، مامۆستای توێژینگەی ناوەندی واشنتۆن بۆ سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی نزیک، لەوبارەیەوە دەڵێ: گرنگترین تایبەتمەندیی دیاریکەری بایەخی دانوستانە تەکنیکییەکان، ئەوەیە کە ئایا گەڕەنتییەکی سیاسی بۆ هەنگاوەکان لە ئارادایە و ئەوەی کە کارناسان دەبێ چی تاوتوێ بکەن.
کارناسان و ڕێککەوتنی ئەتۆمی 2015
لە ڕێککەوتنی 2015دا کارناسانی باڵای ئێران و ئەمریکا (لە لایەن ئەمریکاوە ئێرنێست مۆنیز وەزیری وزە و عەلی ئەکبەر ساڵحی سەرۆکی کاتیی ڕێکخراوەی وزەی ناڤۆکی لە لایەن ئێرانەوە) بەشداری ڕێککەوتنەکە بوون و پێشینەی تەکنیکی هەر دوو کارناساکە لە بە ئەنجامگەیشتنی ڕێککەوتنەکەدا ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو.
کەچی لەگەڵ ئەوەی ئەمریکا بە شیوەی یەک لایەنە لەو ڕێککەوتنە (بەرجام) کشاوە، ئێرانیش لە هەنگاوێکی بەرامبەردا، وردە وردە دەستی کرد بە بەرزکردنەوەی ئاستی پیتاندنی خۆی لە دەرەوەی ڕێککەوتنەکە، چونکە بە پێی بەرجام بڕیاربوو پیتاندنی ئۆرانیۆمی ئێران تەنیا بە ڕەسەنایەتیی لەسەدا 3،67 و پاراستنی خەزێنەی ئۆرانیپم لە ئاستی تەنیا 300 کیلۆگرام بێت، کەچی لە نوێترین ڕاپۆرتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، ئیدعا کراوە کە سەرجەم خەزێنەی ئۆرانیۆمی پیتاندراوی ئێران لە فێڤرییەی ئەمساڵی زایینی گەیشتۆتە 8294،4 کیلۆگرام.
لە بەرجامدا هەروەها مەرجگەلێک سەبارەت بە شیوە و کاتی هەڵوەشانەوەی گەمارۆکان و بەربەستە زەمانییە هاوپەیوەندەکان دیاری کاربوون کە بە گوێرەی شرۆڤەگەران گەیشتنەوە بەو بەربەستانە، هەڵوەشانەوەی گەمارۆکان و کاتبەندی و هتد، پێویستی بە زانستی کارناسانە.
داوێنپۆرت لای وایە: ڕێککەوتنی ناپەرەسەندن بێمانایە ئەگەر نەکرێ بە شێوەیەکی کارا ڕاپەڕێندرێ و دروستییەکەی لێک بدرێتەوە. ئەمریکا بۆ ئەو کارە پێویستی بە تیمێکی تەکنیکی بەهێز و چالاکە.
بەرز و نزمیی دانوستانەکان
ئاسۆشیتدپرێس ئیدعای کردووە کە ئەوی تا ئێستا لە دانوستانو گفتوگۆکاندا وتراوە، هەم بۆ ئەمریکاییەکان و هەمیش بۆ ئێرانییەکان نهێنی بووە و تەنیا ئەوەندەیە کە لایەنەکان هەمبەر بە ڕەوتی دانوستانەکان گەشبینن. کەچی پرسی جێناکۆکییەکی بەرچاو کە لە لێدوانێکی ویتکاف ئاماژەی پێدرا، بۆتە هۆی دڵنیگەرانی لە ڕاپۆرتەکان. ئەوەیش ئەوەیە کە "ئێران دەتوانێ بەردەوام بێت لە پیتاندنی ئۆارنیۆمی خۆی بە ڕەسەنایەتی لەسەدا 3،67"، کە هەمان ڕێژەی دیاریکراو لە بەرجامە.
ویتکاف بەڵام چەند کاتژمێر دواتر لە وەرسووڕانێکی ئاشکرادا، قسەی گۆڕی و وتی: "ئێران دەبێ خۆی لە پلانی پیتاندن و چەکەمەنی داماڵێت و ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران تەنیا کاتێک دەگاتە ئەنجام کە ڕێککەوتنێکی (ترامپپەسەند) بێت". لە وەڵامدا عێراقچی هوشداری دا و جەختی کرد: ئێران دەبێ توانانی پیتاندنی هەبێ و "پرسی پیتاندن، جێی دانوستان نییە".
ئاسۆشیتدپرێس، لای وایە کە جگە لەو بابەتە، کارناسان و شرۆڤەکارانێک کە لەگەڵ ئەو میدیایەدا گفتوگۆیان کردووە، ڕەوتی دانوستانەکانیان تا ئێستای کار، ئیجانی هەڵسەنگاندووە.
Your Comment