«محەمەد حەلبوسی» سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە توییتێکدا رایگەیاندووە کە، جاری یەکەم نییە بەھای دینار گۆڕانکاریی بەسەردا دێت، رێکارەکانی بانکی ناوەندیی عێراقیش گونجاوە لەگەڵ داواکارییە نێودەوڵەتییەکان و سیاسەتی نەختینەیی و ئامانجەکەشی رێکخستنی جوڵەیەکی دراڤی بیانی و رێگری کردنە لە بە قاچاخ برانی.
سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق راشگەیاندووە، بەھای دینار دەگەڕێتەوە بۆ دۆخی ئاسایی خۆی و ھەر لە ئێستاشەوە نیشانەکانی باش بوونی دۆخی ئابووری و گوزەرانی خەڵک دەرکەوتوون.
سەرۆکی پەرلەمانی عێراق جەختی لەوەش کردووەتەوە کە، پێویست بە نیگەرانی و ترس ناکات و ئاماژەکان لەبارەی ئابووریی عێراقەوە ئەرێنیین، بەتایبەت بەھۆی یەدەگی نەختینەیی و ئاستی داھات کە زیادی کردووە.
حەلبوسی باسی لەوەش کرد کە: لە ئەنجامی رێکارەکانی بانکی ناوەندی و ھەوڵەکانی حکومەت بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاڵوگۆڕ و قاچاخچێتی و پارێزگاریکردن لە سەقامگیری بەھای دۆلار دەگەڕێتەوە بۆ دۆخی ئاسایی خۆی و گوزەرانی خەڵک باشتر دەبێت.
342/