بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل ئەمڕۆ چوارشەممە لە وەڵامی راگەیەندراوەكەی ئێران سەبارەت بە رێككەوتنە ئەتۆمیەكەی 2015 رایگەیاند، "ئێمە رێگەنادەین ئێران ببێتە خاوەنی چەكی ئەتۆمی و لەگەڵ هەمو ئەوانەی دەیانەوێـت بمانكوژن بەردەوام دەبین لە جەنگ".
ئەو لێدوانەی نەتانیاهۆ لەكاتێكدایە، بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە حەسەن رۆحانی، سەرۆك كۆماری ئێران لە رێگەی راگەیاندنی فەرمی وڵاتەكەیەوە رایگەیاند، "بە باڵیۆزی هەریەك لە وڵاتانی بریتانیا و فەرەنسا و ئەڵمانیا و چین و روسیای راگەیاندوە ئێران رادەوەستێت لە پابەندبونی بە هەندێك بڕگەی ئەو رێككەوتنە ئەتۆمیەی ساڵی 2015 لەنێوان ئێران و ویلایەتە یەكگرتوەكان و ئەو وڵاتانەدا ئەنجامدراوە".
بڕیارەكە بەشێوەیەكی فەرمی بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە گەیەندراوەتە باڵیۆزخانەی هەریەك لەو وڵاتانە لە تاران-ی پایتەختی ئێران.
لە پەیامەكەدا هاتوە، "ئێران ماوەی 60 رۆژ مۆڵەت دەداتە هەریەك لەو وڵاتانەی واژۆیان لەسەر رێككەوتنەكە كردوە بۆ بڕیاردانیان لەسەر بابەتەكانی تایبەت بە كەرتەكانی نەوت و بانكەكان".
سەرۆک کۆماری ئێران دەشڵێت، "ئەوروپیەکان وادەزانن ئەمریکا سەرۆکی جیهانە، ئەوەش بوەتەهۆی ئەوەی رێگری بکات لە بڕیاردانی سیادی".
هاوكات فلۆرێنس بارلی، وەزیری بەرگری فەرەنسا لەبارەی بڕیارەكەی ئێرانەوە ئەمڕۆ چوارشەممە لە لێدوانێكیدا رایگەیاند، "هیچ شتێك لە كشانەوەی ئێران لە رێككەوتنە ئەتۆمیەكەی ساڵی 2015 خراپتر نیە و ئەوروپیەكان دەیانەوێت بەردەوامی بە رێككەوتنەكە بدەن" وتیشی ئەگەر ئێران رێز لە پابەندبونی بە رێككەوتنە ئەتۆمیەكە نەگرێـت، پێدەچێت دوبارە سزاكان بەسەریدا بسەپێندرێتەوە.
هەر لەوبارەیەوە وەزارەتی دەرەوەی چین ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند، رێككەوتنی ئەتۆمی ئێران دەبێت بە شێوەیەكی تەواو جێبەجێ بكرێت و سەرجەم لایەنەكانیش بەرپرسن لە گرەنتیكردنی پابەندبون بەو رێككەوتنەوە.