ناوەندی هاوبەشی سەربازیی رووسیا و ئێران، کە پشتیوانی ئەسەد دەکەن، دژایەتی خۆیان بەرامبەر بە هێرشەکەی ئەمریکا بۆ سەر بنکەی سەربازی شوعەیرات لە سووریا دەربڕی و رایانگەیاند "هێرشەکە هێڵە سوورەکانی بەزاند".
رۆژی یەکشەممە 9-4-2017 لە راگەیێندراوێکدا، ناوەندی هاوبەشی سەربازیی رووسیا و ئێران هۆشداری تووندی بە ئەمریکا و هاوپەیمانانی داوە و رایگەیاندووە "لەمەودوا هەر لایەنێک هێڵە سوورەکان لە سووریا ببەزێنێت بەتووندی وەڵامی دەدەینەوە و ئەمریکاش باش ئاگاداری تواناکانی ئێمەیە".
بە پێی هەواڵ دەری ئەهلی بەیت ع.ابنا: هەینی رابردوو سوپای ئەمریکا هێرشێکی مووشەکی بۆ سەر فڕۆکەخانەی سەربازیی شوعێراتی سەر بە سوپای سووریا ئەنجامدا. بەرپرسانی ئەمریکا دەڵێن، فڕۆکەکانی سووریا لەو فڕۆکەخانەیەوە بۆ ئەنجامدانی هێرشە کیمیاییەکەی رۆژی سێشەممەی رابردووی خان شەیخون فڕیون، کە بەهۆیەوە نزیکەی 100 کەس بە گازی کیمیایی سارین گیانیان لەدەستدا.
""
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیاش دەڵێت، ئەمریکا هێرشی سەربازیی بۆ سەر فڕۆکەخانەی سەربازیی شوعێرات سووریا ئەنجامدا، "تاوەکو کوشتاری موسڵ لەبیری خەڵکی بباتەوە".
ماریا زاخارۆڤا بە میدیاکانی وڵاتەکەی راگەیاند، هیچ کەس گومانی لەوە نییە کە دەبێت ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دژی رێکخراوی داعش بەردەوام بن، بەڵام دەبێت ژیانی خەڵکی سڤیلیش رەچاو بکرێت.
ماریا زاخارۆڤا دەڵێت "بێگومان ئێستا کاتی ئەوەیە موسڵ لە بیری خەڵک بباتەوە، چونکە ئۆپەراسیۆنی موسڵ نزیکەی نیو ساڵە بەردەوامە و کوشتارێکی گەورەی تێدا ئەنجامدراوە".
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا دەڵێت "ئەوەی لە موسڵ روودەدات تەنانەت ناکرێت لەگەڵ بارودۆخی حەلەب بەراورد بکرێت. هەروەک دەزانن، لە موسڵ هیچ رێڕەوێکی مرۆیی نەکراونەتەوە و ئەوانەش شارەکەیان بەجێهێشتووە لە رەوشێکی خراپدا ژیان بەسەردەبەن و تەنانەت ژیانیان لەوانە خراپترە لەناو شارەکەدا ماونەتەوە".
١٠ نیسان ٢٠١٧ - ١٠:٠٨
News ID: 823002
هێرشەکە بۆ لەبیربردنەوەی کوشتاری خەڵکی موسڵ بوو