٣١ کانوونی دووەم ٢٠١٧ - ١٥:٤٣
 ئەمریکا چەکی پێشکەوتوو دەداتە هێزەکانی سووریای دیموکرات

هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بەسەرۆکایەتی ئەمریکا چەکی پێشکەوتووی بە هێزەکانیان داوە، بەجۆرێك پێشتر ئەو چەکانەیان پێنەداون و هاوکارییەکانییان تەنها لە چەکی سووکدا بووە

دوای دوو هەفتە تێپەڕبوون بەسەر دەستبەكاربوونی دۆناڵد ترەمپ، هێزەكانی هاوپەیمانان بەسەرۆكایەتیی ئەمریكا هاوكاریی سەربازییان پێشكەشی هێزەكانی سووریای دیموكرات كرد، هاوكارییەكەش بەجۆرێكە لەماوەی شەڕی داعشدا شتی وا نەبووە.

تەڵال سیلۆ، گوتەبێژی هێزەکانی سووریای دیموکرات، رۆژی سێشەممە 31-1-2017 لە لێدوانێكی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بەسەرۆکایەتی ئەمریکا چەکی پێشکەوتووی بە هێزەکانیان داوە، بەجۆرێك پێشتر ئەو چەکانەیان پێنەداون و هاوکارییەکانییان تەنها لە چەکی سووکدا بووە".

ئەم پشتگیرییەی هاوپەیمانان بۆ هێزەکانی سووریای دیموکرات بەسەرۆكایەتی یەكینەكانی پاراستنی گەل YPG، دوای دوو هەفتە لە دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ دێت وەکو سەرۆکی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریکا. بەپێی زانیارییەكان چەک و ئۆتۆمبێلە سەربازییەکان نزیکەی چوار بۆ پێنج رۆژ پێش ئێستا گەیشتوونەتە دەست هێزەکانی سووریای دیموکرات.

سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن، ناردنی هاوکاریی سەربازی نوێ بۆ هێزەکانی سووریای دیموکرات ئاماژەیەکە بۆ پشتگیریکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات لەلایەن ئیدارەی ترەمپەوە، کە بەنیازە ناوچەی ئارام لە سووریا دروست بکات.

هێزەکانی سووریای دیموکرات دوای نزیكەی سێ مانگ لە دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی كۆنرۆڵكردنەوەی رەققە و گرتنەوەی رووبەرێكی فراوان لە دەوروبەری شارەكە، ئێستا دەیانەوێت هێرش بۆ سەر رێگای نێوان هەردوو پارێزگای رەققە و دێرەزوور دەستپێبكەن و لەیەكیان داببڕن، کە هەردووکیان لەژێر دەستی داعشدان.

رۆژی یەکشەممە 6-11-2016، هێزەکانی سووریای دیموکرات كە پێكهاتەی سەرەكی هێزەكان شەڕڤانانی یەپەگەن، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا دەستپێکردنی (ئۆپەراسیۆنی تووڕەیی فورات)یان بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی شاری رەققە، پایتەختی دیفاكتۆی داعش راگەیاند، ئۆپەراسیۆنەكە بە هاوبەشی لەگەڵ 8 هێز و 30 هەزار شەڕڤان و چەکدار تاوەكو ئێستا بەردەوامە.