وەزارەتی بەرگری عێراق ئاشکرایکرد: بەپێی زانیارییەکان ئەبوبەکر بەغدادی لە عێراق نەماوەو زۆربەی بەرپرسانی داعش لە موسڵ کوژراون و ژمارەیەکیشیان بەرەو سوریا، ھەڵاتوون.
بە پێی هەواڵ دەری ئەهلی بەیت ع .ابنا: عەقید لەیس نعێمی وتەبێژی رەسمی وەزارەتی بەرگری عێراق رایگەیاند: بەپێی زانیارییە ھەواڵگرییەکان، ئەبوبەکر بەغدادی سەرکردەی گروپی تیرۆریستیی داعش، لە بەشی خۆرئاوای موسڵ نییەو لەماوەی رابردوودا عێراقی بەرەو شوێنێکی نادیار جێھێشتووە، وتیشی: زۆربەی سەرکردەکانی داعش، لەکاتی ئۆپراسیۆنی ئازادکردنەوەی ناوچەکانی بەری خۆرھەڵات کوژراون و بەشێکیشیان بەرەو ناوچەکانی تری عێراق و سوریا، ھەڵاتوون.
سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی ئۆپراسیۆنەکان، وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی عێراق روونیکردەوە: سەعاتی سفر بۆ ئازادکردنەوەی ناوچەکانی بەری خۆرئاوا، لەلایەن فەرماندەو بەرپرسانی باڵای سەربازیی ژووری عەمەلیاتە نەینەوا دیاری دەکرێت، وتیشی: لە ئایندەیەکی نزیکدا تەواوی شارەکە، لە تیرۆریستان پاک دەکرێتەوە.