سوورییەکان داوای بەردەوامیی ئاگربەست دەکەن
دانیشتووانی شاری حەلەب لە باکووری سووریا هیوا دەخوازن ئاگربەستەکە بە پێچەوانەی ئاگربەستەکانی ساڵانی رابردوو شکست نەهێنێت و، هەموو لایەنەکان پێیەوە پابەندبن.
ئاگربەستی نوێی سووریا بەسەرپەرشتیی رووسیا و تورکیا، لە شەوی 29 لەسەر 30-12-2016 چووە بواری جێبەجێکردنەوە، چاوەڕێش دەکرێت ئەگەر ئاگربەستەکە سەرکەوێت هەردوو لایەنی حکومەتی سووریا و ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە لە شاری ئەستانا، پایتەختی کازاخستان بە سەرپەرشتی رووسیا و ئێران و چەند لایەنێكی دیکە کۆببنەوە.
ئاگربەستەکە تاوەکو ئێستا چالاکە و جگە لە چەند پێشێلکارییەکی بچووک لە ناوچەکانی دەوروبەری دیمەشق، لە شار و ناوچە گرنگەکانی سووریا جێگیرە و، لەماوەی 24 کاژێری رابردووشدا هیچ جۆرە پێشێلکارییەک تۆمار نەکراوە.
لەماوەی رابردوودا چەندین ئاگربەست لەنێوان هەردوولا ریککەوتنیان لەسەر کراوە، بەڵام هیچیان بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ نەماونەتەوە. هەردوو لایەنی ئۆپۆزیسیۆن و حکومەت یەکدی تۆمەتبار دەکەن بەوەی ئاگربەستی شکاندووە و پێشێلکاری کردووە.
دانیشتوویەکی حەلەب لەبارەی ئاگربەستەکەوە دەڵێ "چەکدارەکان پابەند نابەن... هەمیشە حکومەتی سووریا پابەندی ئاگربەستەکان دەبێت و ئەوان پابەند نابن. هیوادارین ئەمجارە هەموو لایەنەکان پابەندی ئاگر بەستەکە بن و قەیرانەکە کۆتایی بێت".
جگە لە خەڵکی حەلەب، هاوکات لە دیمەشقی پایتەختیش دانیشتووانی ئەو شارە ئومێدیان بە ئاگربەستەکە هەیە و دەڵێ "بڕیارێکی بوێرانەیە و هەموومان لە سووریا چاوەڕێی بڕیاری لەو جۆرە بووین. ئومێدەوارین ئاگربەستەکە هەمیشەیی بێت، چونکە باوەڕمان وایە زۆر خوێن لە سەرانسەری وڵات رژاوە".
١ کانوونی دووەم ٢٠١٧ - ١٢:١٢
News ID: 802053
دانیشتووانی شاری حەلەب لە باکووری سووریا هیوا دەخوازن ئاگربەستەکە بە پێچەوانەی ئاگربەستەکانی ساڵانی رابردوو شکست نەهێنێت و، هەموو لایەنەکان پێیەوە پابەندبن.