چیرۆکى ئەو ژنە کوردە کە لە دواى ٦١ ساڵ بە بنەماڵەکەى شاد بوویەوە
حۆرییە کچە کوردێکى شارى حەسەکە بوو، کە ٦١ ساڵ لەوە پێش لەلاى خێزانێکى عەرەبى شارى حەسەکە گەورە کرا و لە دواى ٦١ ساڵ ڕاستیى خۆى و بنەماڵەکەى بۆ دەرکەوت و بە بنەماڵە ڕاستەقینەکەى شاد بوویەوە.
ئاژانسى هەواڵى هاوار لە ڕۆژئاواى کوردستان ئەمڕۆ ٣٠ى کانوونى یەکەمی ٢٠١٦ چیرۆکى حۆرییە عوسمان حەمۆى بڵاوکردەوە، کە لە دواى ٦١ ساڵ بنەماڵەى ڕاستەقینەى خۆى ناسییەوە و پێیان شاد بوویەوە.
حۆرییە عوسمان حەمۆ لە گەڕەکى نشوەى ڕۆژئاى شارى حەسەکە لەگەڵ بنەماڵەیەکى عەرەب ژیانى بەسەر دەبرد. حۆرییە لە منداڵیەوە هەستى بەوەکردبوو، هەڵسوکەوتى باوکى هەندێک جیاوازە لەو هەڵسوکەوتەى کە لەگەڵ منداڵەکانى تریدا دەیکات، بەڵام هۆکارەکەى نەزانیبوو.
حۆرییە لە گەنجێتیدا لاوێکى کورد دەچێتە داواى و باوکى خوازبێنیى ئەو لاوە کوردە بۆ حۆرییە قبوڵ ناکات. لە دواى ماوەیەکی تر گەنجێکى عەرەب دەچێتە خوازبێنیى و باوکى خوازبێنیى ئەو گەنجە عەرەب قبوڵ دەکات و حۆرییە ژیانى هاوسەر گیریى لەگەڵ ئەنجام دەدات. بەرهەمى ئەو ژیانەش دوو کوڕ و چوار کچ بوون. لە دواى ئەوەى باوکى منداڵەکانى حۆرییە کۆچى دوایى دەکات، حۆرییە بەردەوام دەبێت لە گەورەکردنى منداڵەکانى و بەخێوکردنیان.
چیرۆکى حۆرییە چۆن زانرا؟
باوکى حۆرییە عوسمان حەمۆ لە ساڵى ٢٠١٣دا تووشى نەخۆشییەک دەبێت و پێش ئەوەى کۆچى دوایى بکات منداڵەکان و کچەزا و کوڕەزاکانی و هەروەها ڕیش سپییەکانى گەڕەکەکەیان و منداڵەکانى حۆرییەی کۆکردەوە و باوکى حۆرییە وتى "پێش ئەوەى بمرم دەمەوێت ڕاستییەکتان پێ بڵێم. حۆرییە کچى من نییە. ٦١ ساڵ لەوە پێش پیاوێک بە ناوى عوسمان داوێى کورد و هاوسەرەکەى و هەر دوو کچە دوانەکەى هاتن بۆ ماڵى ئێمە. داواى لە هاوسەرەکەم کرد کە حۆرییەى کچیان بەخێو بکەین، چونکە شیرى دایکى بەشى بەخێوکردنى هەر دوو منداڵەکە ناکات. ئێمە ئەوەمان قبوڵ کرد، چونکە پەیوەندیمان لەگەڵیان بەهێز بوو و کچێکى هاوتەمەنى ئەویشمان هەبوو".
حەمۆ وتیشى "کچەکەمان کە هاوتەمەنى حۆرییە بوو مردبوو و زۆر خەفەتمان بۆ خوارد، بەڵام ئێمە زۆر هۆگرى حۆرییە بوو بووین. لەبەر ئەوەش داوایان لێکردین حۆرییەیان بۆ بەخێو بکەین. لە دواى ماوەیەک عوسمانى داوێی باوکى حۆرییە و دایکیمان ئاگادار کردەوە و پێمان وتن ئامادەین کچەکەتان وەربگرین و بەخێوى بکەین، بەڵام حۆرییە ناوە ڕاستەقینەکەى نەبوو، ناوى مەهدییە بوو و لە دواى ئەوە ناوى حۆرییەمان بۆ هەڵبژارد".
بۆ باوکى حۆرییە خوازبێنیى گەنجە کوردەکەى قبوڵ نەکرد؟
ئەو گەنجە کوردەى کە هاتبووە خوازبێنیى حۆرییە خاڵى حۆرییە و حۆرییە و گەنجەکەش ئەوەیان نەدەزانی، بۆیە باوکى حۆرییە قبوڵى نەکرد کە حۆرییە شوو بکات بەو گەنجە و حەمۆ لەو بارەیەوە وتى "کاتێک ئەو گەنجە هاتە خوازبێنیى حۆرییە من پرسیارم بۆ بنەماڵەکەى و کەسوکارەکەى کرد. لە دواى ئەوەى زانیم کە ئەو گەنجە خاڵى حۆرییە ئیتر ڕێگام نەدا ئەو و حۆرییە پێکەوە هاوسەرگیرى بکەن".
بنەماڵەى حۆرییەوە، چۆن حۆرییەیان ناسییەوە؟
لە دواى گێڕانەوەى ئەو چیرۆکە، ڕیش سپییە کورد و عەرەبەکانى ئەو گەڕەکە چوون بۆ سەردانى ماڵى مەهدییە (حۆرییە)، کە لە گەڕەکى خشمان بوو لە باکوورى شارى حەسەکە و ئەو ڕاستییەیان بۆ گێڕانەوە. هەست و سۆزێکى تایبەت لە ناو بنەماڵەکاندا دروست بوو بوو و هەستى خۆشى سەرتاپاى ماڵەکەى داپۆشیبوو.
حۆرییە چۆن پێشوازیى لە بنەماڵە ڕاستەقینەکەى کرد؟
لە دواى ئەوەى بنەماڵەى ڕاستەقینەوەى حۆرییە لەگەڵ ڕیش سپییەکاندا سەردانى ماڵى حۆرییەیان کرد. سەرەتا حۆرییەوە حەپسا و واق وڕماو بوو، بەڵام لە پاش چەند خولەک لە سەیرکردنى میوانەکان، برایەکى چاوەکانى پڕ دەبن لە فرمێسک و ناوچاوانى حۆرییەى خوشکى ماچ دەکات. حۆرییە دەپرسێت چى بووە؟ ڕیش سپییەکان و بنەماڵەکەى چیرۆکەکەى بۆ دەگێڕنەوە.
لە دواى ئەوەى حۆرییە ڕاستییەکانى بیست و لە هۆکارى ئەوە تێگەیشت، کە بۆ باوکى وەک منداڵەکانى تر لێى نزیک نەبوووەتەوە.
بە دواى ئەوەدا بنەماڵەکەى ئاهەنگێکیان گێڕا و و هەموو خزمەکانیان بانگهێشت کردبوو و پێیان وتن، لە دواى ٦١ ساڵ بە مەهدییەى کچیان شاد بوونەتەوە.
حۆرییە لەبارەیەوە وتى "من هەستم بەوە دەکرد، کە لە نێوان من و ئەو بنەماڵەیەى کە منى تێدایە دەژیم، جۆرێک لە جیاوازى هەبوو. باوکم نەیدەگرتمە باوەش و ماچى نەدەکردم. سەربارى ئەوەى کە ئێستا تەمەنم ٦١ ساڵە، بەڵام دڵخۆشم کە پێش مردنى خۆم، بنەماڵەکەم و برا و خوشکەکانم ناسییەوە و پێیان شاد بوومەوە".
٣٠ کانونی یەکەم ٢٠١٦ - ١٧:٥٠
News ID: 801731
حۆرییە کچە کوردێکى شارى حەسەکە بوو، کە ٦١ ساڵ لەوە پێش لەلاى خێزانێکى عەرەبى شارى حەسەکە گەورە کرا و لە دواى ٦١ ساڵ ڕاستیى خۆى و بنەماڵەکەى بۆ دەرکەوت و بە بنەماڵە ڕاستەقینەکەى شاد بوویەوە.