٣٠ کانونی یەکەم ٢٠١٦ - ١٣:٥٤
ئاگربەست لە سوریا ڕاگەیەندرا

دوای پێنچ ساڵ جەنگ و کوژرانی ٤٥٠ هەزار مرۆڤ و برینداربوونی زیاتر لە ملیۆنێک کەس، هەروەها ئاوارەبوونی ١٢ ملیۆن کەس کە نیوەی دانیشتوانی وڵاتەکەیە. داڕمانی هەموو ژێرخانەکان و وێرانبوونی شارەکان، ئاگربەستێک لە سوریادا ڕاگەیەندرا.

ئاگربەست لە سوریا ڕاگەیەندرا

دوای پێنچ ساڵ جەنگ و کوژرانی ٤٥٠ هەزار مرۆڤ و برینداربوونی زیاتر لە ملیۆنێک کەس، هەروەها ئاوارەبوونی ١٢ ملیۆن کەس کە نیوەی دانیشتوانی وڵاتەکەیە. داڕمانی هەموو ژێرخانەکان و وێرانبوونی شارەکان، ئاگربەستێک لە سوریادا ڕاگەیەندرا.

به پێی هەواڵ دەریی ئەهلو بەیت(ع) ، ابنا: ڤلادیمێر پۆتینی سەرۆکی ڕووسیا ڕێککەوتنی ئاگربەستەکەی ڕاگەیاند و وەزارەتی دەرەوەی تورکیاش تەئکیدی لێکردەوە و حکومەت و ئۆپۆسزیۆنی سوریاش پابەندبوونی خۆیان پێوەی ڕاگەیاند.

پوتین ئاشکرایکرد، کە سێ بەڵگەنامە ئیمزاکراون، یەکەمیان بەڵگەنامەی ئاگربەستە لەنێوان حکومەت و ئۆپۆسزیۆنی سوریادا، دووەمیان یاداشتنامەی چاودێریکردنی ئاگربەستەکەیە و سێهەمیشیان ڕێککەوتنە لەسەر دەستپێکردنی گفتوگۆی ئاشتی.

ئەوەشی وت کە ژمارەی هێزەکانی ڕووسیا لە سوریادا کەمدەکاتەوە، بەڵام بەردەوام دەبن لە هاوکاریکردنی حکومەتی ئەو وڵاتە و شەڕکردن دژی تیرۆریزمی جیهانی.

هەرچەندە سێرگری لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا وتی، کە ئاگربەستەکە لە شەوی ٣٠ ئەم مانگەوە دەچیتە بواری جێبەجیکردنەوە، بەڵام سوپای سوریا ڕایگەیاند کە لە کاتژمێر ١٢ ی ئەمشەوەوە هەموو کردەوە سەربازیەکانی ڕادەگرێت.

ڕێککەوتنەکە لەلایەن حەوت گروپی ئۆپۆسزیۆنەوە ئیمزا کراوە، کە زیاتر لە ٦٠ هەزار چەکداریان هەیە، بەڵام ڕیکخراوی داعش لەخۆناگرێت. لێدوانی جیاوازیش سەبارەت بە جەبهەی فەتحی شام دەدرێت کە پێشتر بە بەرەی نوسرە ناسرابوو، سوپای سوریا دەڵێت ڕێککەوتنەکە ئەوان و ئەو گروپانەشی کەسەر بەوانن ناگرێتەوە، بەڵام وتەبێژێکی ئۆپۆسزیۆن بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند، کە تەنها ڕێکخراوی داعش لە ئاگربەستەکە کراوەتە دەرەوە.

ڕووسیا و تورکیا، کە هەریەکەیان پشتگیری لایەنێکی شەڕەکەیان دەکرد، دڵنیاییاندا لەوەی کە هەردولایان گەرەنتی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە دەکەن و هەموو چالاکییە سەربازیە ئاسمانی و زەمینیەکان ڕادەوەستێن.

بەرپرسە ڕووسەکانیش ئاماژەیان بەوەدا کە لەداهاتوودا دەکرێت ڕێککەوتنەکە فراوانبکرێت بەجۆرێک ئەمریکا و سعودیە و قەتەر و میسریش بەشداربن.

بڕیارە ئەمشەو ٢٩/٣٠ ی ١٢ی ٢٠١٦ لە سەرتاسەری سوریادا چەکەکان بێدەنگبن و دوای پێنچ ساڵ هاووڵاتیانی ئەو وڵاتە شەوێکی هێمن بەسەر بەرن، بەڵام ترس و گومان لە دەستپێکردنەوەی جەنگ کات و کارێکی زۆرتری دەوێت تا بڕەوێتەوە.