ڤلادیمیر پوتین سەرۆکى ڕووسیا لە کۆنفڕانسى ڕۆژنامەنووسیى ساڵانەیدا، کە لە شارى مۆسکۆى پایتەختى ڕووسیا بەڕێوە چوو ڕایگەیاند، کورد بە مافەکانى خۆى دەگات و ئێمە بە پێى پێوەر و مافە نێودەوڵەتییەکان مامەڵە لەگەڵ کورد دەکەین.
به پێی هەواڵ دەریی ئەهلو بەیت(ع) ، ابنا: ئەمڕۆ ٢٣ى کانوونى یەکەمی ٢٠١٦ ڤلادیمیر پوتین سەرۆکى ڕووسیا لە کۆنفڕانسى ڕۆژنامەنووسى ساڵانەیدا، کە لە ساڵى ٢٠٠١ەوە بەشێوەیەکى بەردەوام بەڕێوە دەچێت و ئەمساڵیش بە بەشداریى هەزار و ٣٥٠ ڕۆژنامەنووس بەڕێوە چوو، لەبارەى زۆرێک لە ڕووداوەکانى ساڵى ٢٠١٦ەوە قسەى کرد.
بەپێى بەشى کوردیى ماڵپەڕى ئاژانسى هەواڵى سپوتنیک، ڤلادیمیر پوتین سەرۆکى ڕووسیا لە بەشێک لە قسەکانیدا لەبارەى هەڵوێستى حکومەتى ڕووسیا بۆ سەربەخۆیى کوردستان لە عێراق ڕایگەیاند "ڕووسیا پەیوەندییەکى تایبەت و دڵسۆزانەى لەگەڵ کورددا هەیە".
سەرۆکى ڕووسیا ئاماژەى بەوەشکرد "پێشمەرگەى کورد لە بابەتى شەڕ لەگەڵ تیرۆریزدا کاریگەریى زۆرە و ئازان و ئەگەر بابەتەکەش بوو بە بابەتى سەربەستى (سەربەخۆیى) ئێمە لە چوارچێوەرى مافە نێودەوڵەتییەکاندا دەجوڵێینەوە".
ڤلادیمیر پوتین ئەوەشى ڕاگەیاند "لە ئەنجامدا مافى گەلى کورد پەسەند و قبوڵ دەکرێت، بەڵام دەبێت هەموو بابەتە تایبەتەکان لەلایەن عێراق و گەلى کوردەوە دیارى بکرێن. ئێمە دەست لەکاروبارى ناوخۆیى عێراق وەرنادەین".
پوتین لە کۆنفڕانسە ڕۆژنامەنووسییە ساڵانەکەیدا باسى ئەوەشیکرد، کە چین هاوپەیمانى ستراتیژیى ڕووسیا و ڕووسیاش دەیەوێت نرخى نەوت لە بازاڕە جیهانیەکاندا جێگیر بێت. ئەوانیش کار دەکەن بۆ بەدەستهێنانى سەرچاوە جۆراجۆر و جیاوازەکانى وزە. خۆشحاڵیش دەبەن بەوەى ئەوروپا سزا ئابووریەکانى لەسەر ڕووسیا هەڵبگرێت. ئابوورییەکەشیان لە چوارچێوەى پێشخستنى کەرتى کشتوکاڵ دا بەرەو پێش دەبەن.
سەرۆکى ڕووسیا باسى ئەوەشیکرد، نایەوێت وشەى تیرۆریزم لە پاڵ وشەى ئیسلامدا بەکار بهێنرێت و دەیەوێت ئەو دوو وشە جیاواز بەکاربهێنرێن. داواشى لە ئەمەریکا کرد بەشداریى هاوکارییەکانى ڕووسیا و تورکیا و ئێران بێت بۆ سوریا، چونکە ئەگەر ڕووسیا و ئێران و تورکیا نەبونایە گواستنەوەى هاووڵاتیان و چەکدارەکان لە حەلەب ڕووى نەدەدا.
بەپێى قسەکانى پوتین، کوشتنى ئەندریە کارلۆڤ بۆ تێکدانى پەیوەندییەکانى نێوان ڕووسیا و تورکیا بووە. لەبارەى هەڵبژاردنەکانى ئەمەریکاشەوە وتى، دەبێت دیموکراتەکانى ئەمەریکا فێرى ئەوە ببن کە دۆڕان قبوڵ بکەن و نابێت ماناى ناوى حزبەکەیان لە بیر بکەن.
٢٣ کانونی یەکەم ٢٠١٦ - ١٦:١٢
News ID: 800250
ڤلادیمیر پوتین سەرۆکى ڕووسیا لە کۆنفڕانسى ڕۆژنامەنووسیى ساڵانەیدا، کە لە شارى مۆسکۆى پایتەختى ڕووسیا بەڕێوە چوو ڕایگەیاند، کورد بە مافەکانى خۆى دەگات و ئێمە بە پێى پێوەر و مافە نێودەوڵەتییەکان مامەڵە لەگەڵ کورد دەکەین.