وەزارەتی نەوتی عێراق ئەمڕۆ ١ کانوونی یەکەمی ٢٠١٦ ڕایگەیاند، ناوەندی هەناردەی نەوتی عێراق بەروبوونەوەی ئەوتۆی بەخۆیەوە دیوە کە بێ پێشینە بووە و لە مانگی تشرینی دووەمی ٢٠١٦ بڕی نەوتی هەناردەکراو گەیشتووەتە ٤ ملیۆن و ٥١ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
عاسم جیهاد وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "بەگوێرەی داتا و زانیارییە سەرەتاییەکان بۆ مانگی تشرینی دووەمی ڕابردوو، لەسەرانسەری عێراقدا و بۆیەکەمجار ڕێژەی هەناردەکردنی نەوتی خاو ژمارەیەکی پێوانەیی تۆمارکردووە و گەیشتووەتە ٤ ملیۆن و ٥١ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا".
وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق ئاشکرایکرد، بڕی نەوتی هەناردەکراو لە ڕێڕەو و بەندەرەکانی باشوری وڵاتەوە بەرزبوونەوەیەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و ڕۆژانە لە ٣ ملیۆن و ٤٠٧ هەزار بەرمیل هەناردە کراوە.
عاسم جیهاد ئاشکرایکرد، بڕی هەناردەی نەوتی کێڵگە نەوتییەکانی شاری کەرکوک گەیشتووەتە ٦٤ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، بەڵام ڕێژەی هەناردەی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە ٥٨٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
ئەو بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەناردەی نەوتی عێراق لە کاتێکدایە، مانگی ڕابردوو وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند "وەزارەتەکەیان لە هەوڵی بەردەوامدایە بۆئەوەی لە نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠١٦دا ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بگەیەننە چوار ملیۆن بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا".
ڕاشیگەیاندووە "بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە لە بازارەکانی جیهاندا، زیانێکی زۆر بەر کەرتی ئابوری عێراق گەیشتووە و بۆیە یەکێک لەچارەسەرەکان زیادکردنی بری بەرهەمهێنانی نەوتە، لەو چوارچێوەیەشدا هەوڵدەدرێت لە ئایندەیەکی نزیکدا ئاستی بەرهەمهێنانەکە بەرزتربکرێـتەوە".
لە ناوەراستی مانگی حوزەیرانی ساڵی ڕابردوودا نرخی نەوت لە بازارەکانی جیهاندا ڕووی لە دابەزین کرد، بە جۆرێک نرخی بەرمیلێک نەوت لە ١١٥ دۆلارەوە بۆ ٤٠ دۆلار دابەزی و لە ئێستاشدا نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە بازارەکانی جیهاندا بۆ خوار ٤٥ دۆلار دابەزیووە.
١ کانونی یەکەم ٢٠١٦ - ١٩:١٨
News ID: 795430
وەزارەتی نەوتی عێراق ئەمڕۆ ١ کانوونی یەکەمی ٢٠١٦ ڕایگەیاند، ناوەندی هەناردەی نەوتی عێراق بەروبوونەوەی ئەوتۆی بەخۆیەوە دیوە کە بێ پێشینە بووە و لە مانگی تشرینی دووەمی ٢٠١٦ بڕی نەوتی هەناردەکراو گەیشتووەتە ٤ ملیۆن و ٥١ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا.