سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووری هەدەپە، داوای لە ئەردۆغان، باخچەلی و ئۆجالان کرد کە لە هەنگاوە بەرچاو و گرینگەکانی خۆیان لە ڕێگای ئاشتی نەکشێنەەوە و سەرەنج نەدەنە قسەی کەسانێک کە لەوانەیە ببنە لەمپەری ئەو ڕەوتە. هەروەها زیادی کرد: ئیمانتان بە خۆتان هەبێت، چونکوو 86 ملیۆن کەس بە هەموو بوونیانەوە چاوەڕوانی ئاشتین.
دەمیرتاش لە نامەکەیدا لە زیندانەوە نووسی: وەکوو برای ئێوە و سیاسەتوانێک کە هەوڵ دەدات بۆ ئاشتی، داوا لە هەموو لایەنە چالاکەکانی ئەو ڕەوتە دەکەم کە لە هەنگاوەکانیان کە هەڵیانناوە بۆ ئاشتی نەگەڕێنەوە دواوە، هێور بن و گوێ نەگرنە ئەوانەی کە لەوانەیە گومانتان تێدا دروست بکەن. بڕواتان بە خۆتان و ڕاستی هەبێت کە 86 ملیۆن کەس چاوەڕوانی ئاشتین.
ناوبراو لە بەشێکی دیکە لە نامەکەیدا پەرلەمانتان دەخاتە بەردەنگەوە و دەڵێت: ساڵەهایە گەنجانی ئێمە لە کێوەکان و ئۆپراسیۆنە دەرەکیەکان گیانیان لەدەست دەدەن ، ئێستا کە ئەم هەلە مێژووییە بۆ کۆتایی هێنان بە هەموو پێکدادانەکان ڕەخساوە، ئەو مەترسیە ڕابگرن و بچنە ئیمراڵی تا ڕێگاچارەیەک بۆ ئەو پرسە بدۆزنەوە. هەروەها وتی: وەرن پێکەوە ئازادانە لەگەڵ یەک هەڵسوکەوت بکەین و بە دەمارگرژی و ترسەکانی ڕابردوومان نەبینە لەمپەری ئەو هەلە مێژووییە.
Your Comment