٩ تشرینی دووەم ٢٠٢٥ - ١١:١٥
Source: Mehrnews
لێدوانێکی نوێ لەبارەی شوێنی ئۆرانیۆمە پیتێندراوەکانی ئێران

بەڕیوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی بە ئاماژە بەوەی کە ئەو ناوەندە بەردەوامە لە گفتوگۆ لەگەڵ تاران بۆ درێژەی پشکنینەکانی، وتی: ئۆرانیۆمی پیتاندراوی لەسەدا ٦٠ی ئێران هێشتاش لە دامەزراوە ئەتۆمییە بۆردومان کراوەکاندا ماونەتەوە.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، ڕافائێل گەرووسی بەڕیوەبەرەی گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لە لێدوانێک بۆ کەناڵی تەلەڤیزیۆنیی LCIی فەڕەنسا، سەبارەت بە دۆخی پلانی ئەتۆمی ئێران پاش هێرشی دەستدرێژکارانەی ئەمریکا و ئیسرائیل لە مانگی ژوئەندا و درێژەی پشکنینەکان، وتی: دۆخی ئێران ئاڵۆزە و ئەم ئاڵۆزییە بۆ ئێمە زۆرتر لە ئاستی چالاکییە ئەتۆمییەکانی دایە. ناکۆکی هەیە، چ لە پەیوەندی لەگەڵ ڕۆژئاوا و چ لەگەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان.

وتیشی: لە دوای هیرشەکانی ژوئەن، ئێمە هێشتا دەرفەتی گەڕانەوە بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانمان نەبووە. هەڵبەت ئەوە بە مانای نەمانی یەکجاریی ئاژانسی نییە، بەڵکوو ئێمە وردە وردە خەریکی دەستپێکردنەوەی پشکنینەکانین، بەڵام تەنیا لەو دامەزراوانەی کە هەستیار نین. بەڵام ئەو سێ دامەزراوەی لە ژوئەندا بۆردومان کراون (فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهان) هێشتاش مۆڵەتی پشکنیان نەدراوە.

بەڕیوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی ئەتۆمی جەختی سەبارەت بە دۆخی ئەو سێ دامەزراوەیە، ڕوونیشی کردەوە: دەکرێ ئاماژە بە دوو خاڵ بکەین، یەکەم؛ ژێرخانە فیزیاییەکان زیانێکی زۆریان پێگەیشتووە و دووەم؛ ئۆرانیۆمی پیتاندراوی لەسەدا 60 کە نزیک لە ئاستی سەربازی و شیاوی چێ‌کردنی چەکی ئەتۆمییە، هێشتاش لەو دامەزراوانەدان.

گەرووسی جەختیشی کرد: دەبێ ئەو دامەزراوانە بۆ چاودێری و پشکنین لە بەردەستدا بن، چونکە ئێران بڕیارێکی باشی داوە و ڕایگەیاندووە کە نایەوێ لە پەیمانی ئێن‌پی‌تی بکشێتەوە. بەڵام مانەوە لە چوارچێوەی ئەو پەیمانە، پێویستی بە قبووڵ‌کردنی پشکنینەکانە و ئێمە لە ئێستادا خەریکی دانوستان لەگەڵ تاران لەوبارەیەن.

Your Comment

You are replying to: .
captcha