٢٩ کانونی یەکەم ٢٠٢٥ - ١٤:٠٤
Source: Mehrnews
بەرەی نوێی ئیسرائیل دژی تورکیا؛ لە کۆبوونەوەی سێ‌قۆڵی تا بووژاندنەوەی "ئیست‌مێد"

جموجۆڵەکانی ئەم دواییەی ڕژیمی زایۆنی بەشێکە لە ستراتژییەکی گەورە بۆ کۆنتڕۆڵی پێگەی ناوچەیی و نێودەوڵەتیی تورکیا کە ئاراستەی تەنیا بە مەدیتەرانەی ڕۆژهەڵاتی سنووردار ناکرێت.

بەشی نێودەوڵەتی: ساڵانێکە کە مەدیتەرانەی ڕۆژهەڵاتی بۆتە دیمەنی ڕکابەری و ململانێی نێوان ئەکتەرانی ناوچەیی کە ئامانجیان کۆنتڕۆڵی پێگەی تورکیا و تەریکخستنی ئەو وڵاتە لە ئاوە باشوورییەکانی خۆیەتی. ئەنقەرە ئەگەرچی بە بەهرەمەندی لە دیپلۆماسیی چالاکی توانیویەتی لە زۆربەی گوشارەکان تێپەڕێت، بەڵام ئێستا هەلومەرجەکە گۆڕاوە و بەڵگەگەلێک سەبارەت بە سەرهەڵدانی بەرەیەکی نوێ بە سەرکردایەتی ڕژیمی زایۆنی لە دژی تورکیا لە ئارادایە.

چیرۆکەکە لەوێوە دەست پێدەکات کە سەرکردەکانی ئیسرائیل، یۆنان و قێبرێسی باشووری لە دەیەمین کۆبوونەوەی سێ‌قۆڵیان، ئەمجار لە قودسی ڕۆژئاواییدا کۆبوونەوە و بە گوێرەی هەواڵەکان لەو دانیشتنەدا سەبارەت بە پێکهێنانی "هێزی هەڵمەتی هاوبەش" ڕێککەوتن؛ هێزێک کە بە گوێرەی ڕاپۆرتە میدیاییەکان پێکهاتووە لە نزیکەی 2 هەزار و 500 سەرباز (1000 سەربازی ئیسرائیلی، 1000 سەربازی یۆنانی و 500 سەربازی قێبرێسی باشووری) کە ڕاسپاردەیان "پاراستنی ژێرخانە گرینگەکانی مەدیتەرانەی ڕۆژهەڵاتی" ڕاگەیێندراوە. ئەوە لە کاتێکدایە کە میدیا یۆنانی و ئیسرائیلییەکان ڕاستەوخۆ ئەو هەنگاوەایان لەپێناو کۆنتڕۆڵی تورکیادا لێکداوەتەوە.

پەیوەندییەکانی یۆنان و ئیسرائیل لە ڕابردووەوە تا ئێستا

ئەمە یەکەمین هاوکاریی سەربازی لە نێوان ئیسرائیل و یۆنان نییە؛ پەیوەندییە سەربازییەکانی دوو لایەن لە ساڵی 2008ـه‌وە دەستی پێکردووە و لە ساڵانی ڕابردوودا قووڵتر بۆتەوە. هەر دوو لا لە ئاڤریلی 2025ـیشدا مانۆڕی نێودەوڵەتیی "ئینیۆخووسی 2025" کە زیاتر لە 10 وڵات تێیدا بەشدار بوون، بەڕێوە برد و هەروەها لە 3ی نوامبێری 2025دا هێزی ئاسمانی هەر دوو لا بۆ یەکەمین جار پڕۆڤەی سووتمەنی‌گرتنی ئاسمانی هاوبەشیان بە ئاسمانی یۆنانەوە ئەنجام دا.

ئێستا ئەم هاوکاریی بە ئاراستەی ستراتژیکدا ڕۆییوە و بۆتە هۆی نیگەرانیی جیدیی ئەنقەرە؛ چونکە بەپێی هەندێک لە راپۆرتەکان، بنیامین نتانیاهۆی سەرۆک‌وەزیرانی ڕژیمی زایۆنی، هەوڵ دەدا واشنتۆنیش بهێنێتە ناو ئەم هاوپەیمانییە دژە تورکیاییە و بە گوێرەی سەرچاوەگەلی ئیسرائیلی، نتانیاهۆ بڕیارە لە دیداری خۆی لەگەڵ دۆناڵد ترامپ ئەم بابەتە بورووژێنێت.

بەلام پرسیاری گرینگ لێرەدا ئەوەیە کە ئایا ئەمریکا قبووڵی دەکا کە بە ئاشکرا بەشداری ئاوەها بەرەیەکی دژە تورکیایی بێت و پشت لە یەکێک لە ئەندامانی ناتۆ بکات؟

بێ‌گومان وڵامی لێبڕاوانە "نا" نییە، چونکە واشنتۆن بە کردەوە هەر ئێستاش لە زۆربەی پڕۆژەگەلی ڕۆژهەڵاتی مەدیتەرانە لە پێناو سنووردارکردنی ڕۆڵی تورکیادا چالاکە و دژی بەشداریی ئەنقەرە لە پڕۆژەی دۆزینەوەی گازی لەو ناوچەیەیە.

لەمناوە ڕەهەندی وزەش دەکەوێتە ناوەندی ڕکابەرییەکانەوە. تورکیا دەمێک ساڵە تێدەکۆشی ببێتە جەمسەر و ناوەندی سەرەکیی گواستنەوەی وزە لە ڕۆژهەڵات بۆ ڕۆژئاوا و بە بەهرەمەندی لە ژێرخانە بەربڵاوەکانی خۆی، بواری ترانزیتیی گاز و نەوت لە ڕۆژهەڵاتی ناوین و ئاسیای ناوەندییەوە بۆ ئەورووپا بگرێتە دەست.

ئیسرەائیل پلانی "ئیست‌مێد" دەبووژێنێتەوە

لە بەرامبەر پلانی ناسراو بە "ئیست‌مێد(EastMed)" بە پاڵپشتیی ئەمریکا و هاوبەشیی ئیسرائیل، قێبرێسی باشووری و یۆنان داڕژاوە بۆ ئەوەی گازی ڕۆژهەڵاتی مەدیتەرانە بەبێ تێپەڕین لە تورکیاوە بگاتە ئەورووپا. ئەگەرچی ئەم پلانە بەهۆی تێچووی قورسی ڕاپەڕاندن و خەزێنەی کەمی گازی، بە کردەوە هەڵپەسێردرا، بەڵام وادیارە ئیسرائیل خەریکی دەیبووژێنێتەوە.

"ئەلی کووهێن"، وەزیری وزەی ئیسرائیل، مانگی ڕابردوو بە هەمان ئامانج و مەبەست سەردانی ئاتێنی کرد و لە دیدار لەگەڵ هاوتاکانی خۆی لە ئەمریکا، یۆنان و قێبرێسی باشووری، پرسی بووژاندنەوەی ئەم پڕۆژەی تاوتوێ کرد و لە لێدوانێک بۆ ڕۆژنامەی جروزاڵۆم پۆست ڕایگەیاند کە پڕۆژەی "ئیست‌مێد" دیسان خراوەتە ڕۆژەڤەوە.

ئەنجام

سەرجەم دەکرێ بڵێین کە جموجۆڵەکانی ئەمدواییەی ئیسرائیل بە بەشێک لە ستراتژیی گەورەی کۆنتڕۆڵی ناوچەیی و نێودەوڵەتی تورکیا بزانین و ئەم کۆنتڕۆڵە تەنیا بە مەدیتەرانەی ڕۆژهەڵاتی سنووردار نابێت و لە کەنارەکانی مەدیتەرانەی ڕۆژهەڵاتی تا باکووری سووریا و لە دۆسیەی غەزەوە تا ئاستەنگنانەوەی سیاسی لە ناوەندە ڕۆژئاواییەکان، هەموو بەشێکن لە پیلانی تلاڤیڤ بۆ بەستنەوەی تورکیا لە جەغزی هێلە سوورەکاندا و لەمناوە پاڵپشتیی ئیسرائیل لە هێزە کوردەکانی سووریا، یەکێکە لە دەرکەوتەکانی هەوڵ بۆ کۆنتڕۆڵی تورکیا، کە ئەنقەرە بەردەوام وەک هەڕەشەیەکی راستەوخۆ لە دژی ئاسایشی خۆی دەزانێت. لە غەزەش هەڵوێستی ڕاشکاوانەی ئەنقەرە لە حیماس، بۆتە هۆی تەشەنەی ناکۆکییەکانی تلاڤیڤ و ئەنقەرە.

هاوکات دژایەتی نافەرمیی تلاڤیڤ لەگەڵ ڕادەستکردنی فرۆکەی جەنگیی ئێف 35 بە تورکیا یەکێکی تر لە هێما ئاشکراکانی ئەو بەرەنگارییەیە و دیارە بە دانانی ئەم پاژانە لەگەڵ کۆبوونەوە سێ‌قۆڵییەکە، دەردەکەوێت کە پەیوەندییەکانی تورکیا و ئیسرائیل هەنگاوی ناوەتە قۆناغێکی هەستیار و چەندڕەهەندی لە ڕکابەریی ژێئۆپۆلیتیکی کە وەک وتمان تەنیا بە ڕۆژهەڵاتی ناوینەوە نابەسترێتەوە و لە کەنارەکانی مەدیتەرانەوە تا پێکهاتەی ناتۆ و هاوکێشەی وزەی جیهانی درێژەی هەیە.

Your Comment

You are replying to: .
captcha