سەردار غوڵامڕەزا جەلالی لە لێدوانێکدا وێڕای پشتڕاستکردنەوەی شیمانەی پێشتری هێرشکرانە سەر ناوەندە ئەتۆمییەکان، وتی: هەر بۆیە پلانی "شەهید فەخریزادە" بۆ بەرەنگاربوونەوەی شیمانەی هێرشکرانە سەر ناوەندە ئەتۆمییەکان پاش ئۆپەراسیۆنی بەڵێنی ڕاستی 2 داڕێژرا.
وتیشی: تەرکیزی ئەم پلانە لە سەر ڕاهێنانی ئامانجداری خەڵکی و دیاریکردنی ئەرکی بەرپرسان بوو. بەرپرسان بە هۆی نیگەرانی لە ورووژانی ترس لای خەڵکی پێشیان بە میدیاییبوونی ئەو پلانە گرت و تەنیا مانۆڕێکی سنوورداریان لە کاشان بەڕێوە برد.
سەرۆکی ڕێکخراوی کەمکردنەوەی خەسارەکانی قەیران لە ئێران زیادیشی کرد: هاوکات مانۆڕە مەیدانییەکان لە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهان و شارەکانی قوم، ئیسفەهان و کاشان بەڕێوە چوو، بۆ ئەوەی ئامادەیی ئۆپەراسیۆنی و هاوئاهەنگی نێوان دەزگا جۆراوجۆرەکان بەرزتر بێتەوە.
سەردار جەلالی بە ئاماژە بە کاریگەربوونی مانۆرەکان بەر لە هێرش و شەڕی 12 ڕۆژە لە سۆنگەی خاڵیکردنی خەزێنەی ئامۆنیاک و کۆلۆر و کەمکردنەوەی چالاکییەکان و گواستنەوەی ئامرازەکان، جەختی کرد: پاش هێرشی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان، بە ئەنجامدانی پێوانەی ڕادیۆ ئەکتیڤ و لێکدانەوەی مەیدانی، دەرکەوت کە پیسایی ناڤۆکی وەدی نەهاتووە و دۆخەکە بە تەواو مانا لە ژێر کۆنتڕۆڵدا بوو.
Your Comment