٣١ کانوونی دووەم ٢٠١٦ - ١٥:٥٠

یەكشەممە 31ی كانوونی دووەم چەند حاڵەتێكی ئەنفلۆنزای باڵندە لە شاری دیوانیەی باشووری عێراق تۆماركران، پەرلەمانتارێكیش دەڵێت سەرچاوەی ڤایرۆسەكە هەرێمی كوردستانە.

بەگوێرەی بەیاننامەیەكی عەلی بدیری ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر پارێزگای دیوانیە، ئەمڕۆ یەكشەممە چەند حاڵەتێكی ئەنفلۆنزای باڵندە لە شاری دیوانیەی نێوەندی پارێزگاكە تۆماركراون، لە بەیاننامەكەدا بدیری دەڵێ كە ئەو دەمێكە هۆشداریداوە لە سەرهەڵدانی ئەو نەخۆشییە.

بدیری گوتوویەتی وەزارەتی كشتوكاڵ و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ڤێتەرنەری بەرپرسن لە سەرهەڵدانی ئەو نەخۆشییە لە باشوور و نێوەڕاستی عێراق، چونكە قەدەخەیان نەخستووەتەسەر هاوردەكردنی مریشكی زیندوو بەستوو لە هەرێمی كوردستانەوە.

لەلایەكی دیكەوە سەرۆكی كۆمەڵەی بەرهەمهێنەرانی كێڵگە پەلەوەرییەكانی دیوانیە بە مێدیاكانی گوتووە كە پشكنینەكانی ڤێتەرنەری گشتی هەبوونی ڤایرۆسەكەیان لە دیوانیە پشتڕاستكردووەتەوە.