١٨ شوبات ٢٠٢٠ - ١١:٤٨
مەسعود بارزانی: نابێ دیموگرافی باكووری ڕۆژهەڵاتی سووریا بگۆڕدرێت

سەرۆکی پارتی دیمۆکراتی جەخت لەوە دەکات کە دەبێ ڕێگری بکرێت لە گۆڕانی دیمۆگرافیای باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی ابنا - ئەمڕۆ سێشەممە لە سەلاحەددین مەسعود بارزانی، پێشوازی لە باڵوێز جێمس جێفری، نێردەی تایبەتیی ئەمریكا بۆ كاروباری سووریا و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارەكەدا بارودۆخی سیاسیی و دواپێشهاتەكانی عێراق و هەنگاوەكان بۆ پێكهێنانی حكوومەتی تازەی عێراق و ئەگەرەكانی بەهێزبوونەوەی تیرۆریستانی داعش لە عێراق تاوتوێ كران.

لە بەشێكی تری ئەو كۆبوونەوەیەدا ڕۆشنایی خرایە سەر بارودۆخی سووریا و دوایین هاوكێشە مەیدانییەكانی ئەو وڵاتە و، بیروڕا لەبارەی ڕۆڵی لایەنە كوردییەكان لە پێشهاتەكانی سووریا ئاڵوگۆڕ كرا .

لای خۆیەوە بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە پێویستە لە هەر بارودۆخێكدا ڕێگە لەوە بگیرێت کە گەلی كورد لە سووریا تووشی گرفت و چارەنووسی نادیار ببێتەوە و  نابێ بە هیچ شێوەیەك گۆڕانی دیموگرافی لە باكووری ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕوو بدات.

پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمریكا تەوەرێكی‌تری ئەو بابەتە بوو و هەماهەنگی و كاری هاوبەشی هەردوولا بۆ شەڕی دژی تیرۆر بەرز نرخێندرا و جەختیش لە فراوانتركردنی هەماهەنگیی دوولایەنە كرایەوە لە بوارە جیاجیاكاندا.

...........
340