ئەمریکا جارێکی دیکە داوا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانی دەکات سزا بەسەر ئێراندا بسەپێنێت ، ئەوەش بەهۆی بەرنامە موشەکییەکەیەوە کە واشنتن تۆمەتباری دەکات بە پێشێلکردنی یاسای 2231 دا کە ساڵی 2015 دەرچووە.
جۆناپان کۆهیندا، بریکاری نوێنەری ئەمەریکا لە نامەکەیدا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاندوە "داوا لە هەموو ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش دەکەین بەرپرسیارێتییەکانیان جێبەجێ بکەن بۆ پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی".
پێویستە سزای ڕاستەقینە بەسەر ئێراندا بسەپێندرێت
ئاماژەی بەوەشکردوەن "پێویستە لەسەر ئەم وڵاتانە بێنە پاڵ ئێمە و سزای ڕاستەقینە بسەپێنن بەسەر ئێراندا، هەروەها کۆتوبەندێکی زۆر توند بسەپێنن بەسەریدا تاوەکو چیتر بەردەوام نەبێت لەسەر بەرنامە موشەکییەکەی."
یاسای 2231ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دوای ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ساڵی 2015 دا دەرچوو کە تیایدا هەر چالاکییەکی پەیوەست بە موشەکی باڵیستیکی ئێرانەوە قەدەغە دەکات ئەگەر ئەو موشەکە وادروست کرابێت بتوانێت چەکی ناوەکی هەڵبگرێت.
ئێران دەڵێت، هەوڵ نادات چەکی ناوەکی بەدەست بهێنێت و بەرنامە موشەکییەکەی تەنها بۆ بەرگرییە و لەگەڵ یاساکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا یەک دەگرێتەوە.