١٧ کانوونی دووەم ٢٠١٩ - ٠٩:٣٦
هێزەکانمان لە سوریادا دەمێننەوە

ئیسرائیل هەڕەشەی ئەوەی کرد بەردەوام دەبێت لە بە ئامانجگرتنی هێزەکانی ئێران

فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، هێزەکانی وڵاتەکەی لە سوریا دەمێننەوە، ئەوەش دوای ئەوەی ئیسرائیل هەڕەشەی ئەوەی کرد بەردەوام دەبێت لە بە ئامانجگرتنی هێزەکانی ئەو وڵاتە لە سوریا.

ژەنڕاڵ محەمەد جەعفەریی، فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، "تاران هەموو راوێژکارە سەربازییەکانی و هێزەکانی و چەکەکانی لە سوریادا دەهێڵێتەوە، بەبێ گوێدانە هەڕه‌شەکانی ئیسرائیل".

ئەو وتانەی جەعفەریی دوای ئەوە دێت کە سێشەممەی رابردو بنیامین نەتانیاهو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە هێرشکردنە سەر ئێرانیەکان لە سوریا.

جەعفەری هەڕەشەکانی نەتانیاهۆی بە گاڵتە ناوبرد و هۆشیاریدایە حکومەتی ئیسرائیل و وتی، "یاری بە کلکی ئەسەد" نەکەن.

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل راشیگەیاند، "پێویستە ئێران بەخێرایی هێزەکانی لە سوریا بکشێنێتەوە، چونکە بەردەوام دەبین لە پەیڕەویکردنی ئەو سیاسەتەمان کە هێرشکردنە بۆ سەر هێزەکانیان".

بەڵام فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران لە وەڵامی ئەو هەڕەشەیەدا وتی، "دەبێت بترسن لەوەی ڕۆژێک دێت موشەکەکانمان بە ئاڕاستەی ئێوە دێن و بەسەر سەرتاندا دەکەونە خوارەوە".