بەرپرسی مەڵبەندی 16ـی حەمرینی یەكێتی لە خورماتوو رایگەیاند چەكدارێكی نەناسراو 10ملیۆن دیناری مووچەی فەرمانگەی شوێنەواری خورماتووی بردووە.
مەلا كەریم شوكر، بەرپرسی مەڵبەندی 16ـی حەمرینی یەكێتی لە خورماتوو بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند "پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ (شەممە، 25-8-2018 چەكدارێكی نەناسراو چووەتە سەر فەرمانگەی شوێنەواری قەزای خورماتوو و بڕێك پارەی مووچەی فەرمانبەرانی بردووە".
بڕی پارەكە بەگوتەی مەلا کەریم شوکری "10ملیۆن دینار بووە، كە هەمووی مووچەی فەرمانبەرانی فەرمانگەی شوێنەواری خورماتوو بووە".
بەرپرسی مەڵبەندی 16ـی حەمرینی یەكێتی لە خورماتوو، باسی لەوەش كرد، دوای رووداوەكە چوار فەرمانبەری ئەو فەرمانگەیە كە ئەمڕۆ لەكاتی پشوودا لە دەوام بوون، دەستگیركراون "ئێستا لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە دەستیپێكردووە".
فەرمانگەی شوێنەواری خورماتوو لە گەڕەكی (عەسكەری) قەزاكەدایە و دانیشتووانی گەڕەكەكەش توركمانی شیعەنشینن.