چەکدارانی داعش لە نزیک ناحیەی عوزێم بە هاوەن و ئاڕبیجی هێرشیانکردە سەر گومرگێک و بەهۆیەوە سێ کەس کوژران و زیانێکی ماددی زۆر بە خاوەن بارهەڵگرەکان کەوتووە.
خاوەنی یەکێک لەو بارهەڵگرانەی لەکاتی هێرشەکەدا لەوێبووە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "نیوەی شەوی رابردوو، کۆمەڵێک چەکداری داعش بە چەکی مامناوەند هێرشیانکردە سەر گومرگەکە، بەهۆیەوە سێ کەس کوژران کە دووانیان فەرمانبەری گومرگەکە و ئەوی دیکەشیان شۆفێری بارهەڵگرێک بوو".
ئەو سەرچاوەیە کە نەیویست ناوی بهێنرێت زیاتر گوتی "بەهۆی رووداوەکە، چەندین شۆفێر ئۆتۆمبێلەکانیان جێهێشتووە و هەڵاتوون، ژمارەیەک لەو شۆفێرانەش کوردن".
ناحیەی عوزیم سەر بە قەزای خاڵسە لە پارێزگای دیالە، لە ساڵی 2014 لەلایەن چەکدارانی داعشەوە کۆنترۆڵکرا، بەڵام دوای ماوەیەک کۆنترۆڵکرایەوە. زیاتر لە دوو ساڵە گومرگی سەفرا لە نزیک ئەو ناحیەیە دامەزراوە، کە باج لە ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکان وەردەگرێت.