٢ تشرینی دووەم ٢٠١٧ - ٢٠:٠١
دەرئەنجامی 12 ساڵ سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان

بارزانی لە پۆستی سەرۆکایەتی هەرێم بەردەوام نابێت

بەپێی یاسای دابەشکردنی دەسەڵاتەکانی سەرۆکایەتی هەرێم، لە ڕۆژی ١ی ١١ی ٢٠١٧ وە ئیدی بارزانی لە پۆستی سەرۆکایەتی هەرێم بەردەوام نابێت، وەک خۆشی لە نامەکەیدا بۆ پەرلەمان ئاماژەی پێکردووە، دوای ١ی ١١ یاسای سەرۆکایەتی هەرێم هەموار ناکرێتەوە و تەمەنی سەرۆکایەتی هەرێمیش درێژ ناکرێتەوە، واتە دوای دوانزە ساڵ لە دامەزراندنی سەرۆکایەتی هەرێم بارزانی پۆستەکەی جێهێشت.

بەپێی هەواڵ دەری ئەهلی بەیت(ع) ـ ابنا ـ بارزانی و تاڵەبانی، لە ڕۆژی ١ی ١٢ی ساڵی ٢٠٠٤، ڕێکەوتنێکیان ئیمزا کرد دەربارەی دابەشکردنی پۆستەکانی کوردستان و عێراق لە نێوان پارتی و یەکێتیدا، بڕگەی سێیەمی ڕێکەوتنەکە بەم شێوەیە:

یەکەم: پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەدرێت بە بارزانی.

دووەم: یەکێک لە دوو پۆستی باڵای عێراق (سەرۆک کۆمار یان سەرۆک وەزیران) دەدرێت بە مام جەلال.


سەرەتا لە نێوان پارتی و یەکێتی ناکۆکی زۆر دروست بوو لەسەر دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێم، بەڵام وەک نەوشیروان مستەفا لە یاداشتی ڕۆژانەی خۆیدا باسی کردووە، ڕۆژی ١٨ی ئازاری ٢٠٠٥ مام جەلال دەچێتە پیرمام و لەگەڵ بارزانی کۆتایی بە تەنگوچەڵەمەکە هێناو ڕەشنووسی (قانونی سەرۆکی هەرێم) وەکو ئەوەی پارتی ئامادەی کردبوو پەسەند دەکات.

تاڵەبانی لە نیسانی ٢٠٠٥ بووە سەرۆک کۆمار، بارزانیش لە ١٢ی حوزەیرانی ٢٠٠٥ لە ناو پەرلەمانی کوردستانەوە بە سەرۆکی هەرێم هەڵبژێردرا، واتە ئەو بڕگەیەی ڕێکەوتنەکە وەک خۆی جێبەجێکرا.


لە ساڵی ٢٠٠٥ دا، بارزانی ڕایگەیاند، جارێکی دیکە لە پەرلەمانەوە خۆی هەڵنابژێرێتەوە، بەڵکو دەبێت ئەو هەقە بە خەڵک بدرێت کە ڕاستەوخۆ سەرۆکی خۆیان هەڵبژێرن، ڕۆژی ٢٥ی تەموزی ٢٠٠٩ لەگەڵ هەڵبژاردنی خولی سێیەمی پەرلەمان هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمیش بە شێوەی ڕاستەخۆ بەڕێوەچوو، لەناو چەند کاندیدێکدا بارزانی کە کاندیدی هاوبەشی پارتی و یەکێتی بوو نزیکەی سەدا ٧٠ی دەنگەکانی هێنا و بۆ جاری دووەم بوویەوە بە سەرۆکی هەرێم.

لە هاوینی ٢٠١٣ دا ویلایەتی دووەمی بارزانی کۆتایی دەهات، بەپێێ یاسای سەرۆکایەتی هەرێمیش مافی ئەوەی نەبوو خۆی کاندید بکاتەوە، ئەوکاتیش بارزانی ڕایگەیاند نایەوێت دەستکاریی یاساکانی بۆ بکرێت، دواتر مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی لە شەوی ٢٩ی حوزەیرانی ٢٠١٣ لە سلێمانی کۆبونەوەیەکی درێژیان ئەنجامدا و ریکەوتن لەسەر درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتی بارزانی بۆ دوو ساڵ، رۆژی دواتر لە دانیشتنێکی پر هەراو پشێوی نێوان فراکسیۆنەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن، پەرلەمان وادەی سەرۆکایەتی بارزانی تا ڕۆژی ٢٠ی ئابی ٢٠١٥ درێژ کردەوە، بەپێی یاساکەش ئەم ماوەیە بۆ دووەم جار یارای درێژ کردنەوەی نەبوو.

پێش کۆتاییهاتی ماوە درێژکراوەکەی سەرۆکایەتی بارزانی، فراکسیۆنەکانی گۆران و یەکێتی و یەکگرتوو و کۆمەڵ، چەند پرۆژە یاسایەکیان ئامادە کرد، بۆ هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم، کە دواتر کردیانە پرۆژەیەکی هاوبەش.

لە ٢٣ی حوزەیرانی ٢٠١٥ دا خوێندنەوەی یەکەم بۆ پرۆژە یاساکانى هەمواری یاسای سەرۆکایەتی هەرێم کرا، تێیدا فراکسیۆنی پارتی دانیشتنەکەی بایکۆت کرد و دواتریش بارزانی لە چەند کۆبوونەوەیەکدا وتبووی، ئەوەی لە ٢٣ حوزەیراندا ڕوویدا کودەتا بوو.

لە ڕۆژی ١٩ی ئابی ٢٠١٥، لەکاتێکدا پەرلەمان دەیویست خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژە یاسای هەمواری یاسای سەرۆکایەتی هەرێم بکات، بەڵام ڕێژەی یاسایی ئامادەبوون بەدەست نەهات و تەنها ٥٣ پەرلەمانتار ئامادەبوون.

ڕۆژانی دواتر بارودۆخی هەرێم ڕووی لە ئاڵۆزی کرد و هەوڵێکی بێوچان درا، بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سەرۆکایەتی هەرێم، ئەمریکا و بەریتانیا و نەتەوە یەکگرتووەکان و تورکیا و ئێرانیش هەر لایەک بەشێوەیەک دەست تێوەردانیان کرد، پاشان لە دەرەوەی پەرلەمان کۆبوونەوە پێنج قۆڵیەکانیان لە نێوان پارتی و گۆڕان و یەکێتی و یەکگرتوو و کۆمەڵ دەستپێکرد، لە ١٩ی ئاب تاوەکو ٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٥ نۆ کۆبوونەوەی پێنج قۆڵیان ئەنجامدا، بەڵام نەگەیشتن بە هیچ ڕێککەوتنێک.

لە ڕۆژی ١٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٥ش لە کاتێکدا، یوسف محەمەد سەرۆکی پەرلەمان دەیویست بگەڕێتەوە هەولێر بۆ سەرۆکایەتیکردنی دانیشتنەکانی پەرلەمان، بەڵام لە بازگەی پردێ لایەن هێزە ئەمنیەکانەوە ڕێگری لێکراو، ئیدی لەو کاتەوە تا ئێستا نەگەرایەوە بۆ پەرلەمان و شاری هەولێر تەنانەت لە دوای ئەوەی پەرلەمانیش کارا کرایەوە.