٢٦ تشرینی یەکەم ٢٠١٧ - ١٩:١٤
ڕاگیرانی ریفراندۆم بەس نییە

وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولود چاوش ئۆغڵۆ ئەمڕۆ پێنج شەممە ڕایگەیاند، ڕاگیرانی ریفراندۆم لەلایەن دەسەڵاتدارانی باکوری عێراقەوە هەنگاوێکی گرنگە بەڵام بەس نییە و پێویستە هەڵبوەشێنرێتەوە.

وتەکانی وەزیری دەرەوەی تورکیا لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا هات، کە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی کۆسۆفۆ پێشکەشی کرد و تەئکیدی لە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی ریفراندۆم کردەوە.

هەر لەچوارچێوەی کاردانەوەی وڵاتانی جیهان لەسەر سڕکردنی ریفراندۆم لەلایەن دەسەلاتدارانی هەرێمەوە، وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا لە راگەیاندراوێکدا پێشوازی لەو هەنگاوە کرد و هانی حکومەتی عێراقی دا گفتوگۆ لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەستپێبکات.

هەروەها پێشتر پۆڵ ڕایان سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند،"پێشوازی لەو ڕاپۆرتانە دەکەین کە باس لەوە دەکەن کورد پێشنیازی سڕکردنی ئەنجامی ڕیفراندۆمی داوەتە بەغدا لەپێناو ئاگربەست و گفتوگۆکردن لەگەڵ حکومەتی ناوەند. بەغدا پێویستە ئەم پێشنیازە قبوڵ بکات و بچێتە ناو گفتوگۆی واتادارەوە بۆ چارەسەرکردنی نیگەرانییەکانی حکومەتی هەرێم لەبارەی ئۆتۆنۆمی و بودجە و داهاتی نەوتەوە. "

ئەو وتانەی وەزیری دەرەوەی تورکیا  لە کاتێکدایە، حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق تا ئێستا بە پێشنیازی سڕکردن رازی نەبووە و داوا دەکات حکومەتی هەرێم ئەنجامی ریفراندۆم هەڵبوەشێنێتەوە و بە دەستووری عێراقەوە پابەندبێت.