٢٤ تشرینی یەکەم ٢٠١٧ - ١٥:٤٩
قاسم سلێمانی پلانی دروستکردنی ئیسرائیلی دووەمی لە کوردستان لەناوبرد

بە هەوڵەکانی قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودس سەر بە سوپای پاسداران، پلانی دروستکردنی ئیسرائیلی دووەمی لە خاکی کوردستانی عێراق لەناوبراوە

بەپێی هەوالَ دەری ئەهلی بەیت (ع) ـ ابنا ـ بەڕێوەبەری نوسینگەی رابەری گشتیی ئێران ڕایگەیاند، بە هەوڵەکانی قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودس سەر بە سوپای پاسداران، پلانی دروستکردنی ئیسرائیلی دووەمی لە خاکی کوردستانی عێراق لەناوبراوە.

 بە فەرمانی ایت الله عەلی خامنەیی رابەری گشتیی کۆماری ئیسلامییی ئێران و هەوڵەکانی قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودس سەر بە سوپای پاسداران، پلانی دروستکردنی ئیسرائیلی دووەمی لە سەر خاکی کوردستانی عێراق لەناوبراوە.

محەمەد محەمەد کەلبایکانی بەڕێوەبەری نوسینگەی رابەری گشتیی ئێران لە وتەیەکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاندووە، ئەمریکا و ئیسرائیل پلانی دروستکردنی ئیسرائیلی دووەمیان لە کوردستانی عێراق داڕشتووە، بەڵام هەوڵەکانی قاسم سلێمانی ئەو پلانەی لەناوبردووە و بەبێ رشتنی خوێن دەستبەسەر کەرکوک و ناوچەکانی دەوروبەری گیراوە.
بە گوێرەی دەزگا راگەیاندنە ناوخۆیی و دەرەکییەکان، رۆژێک بەر لە هێرشەکەی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی بۆ سەر پارێزگای کەرکوک، قاسم سلێمانی لە کەرکوک بینراوە و هەر ئەو سەرپەرشتی جوڵە سەربازییەکانی کردووە.

هاوکات لە چاوپێکەوتنێکدا کە رۆژی ١٩ی ئەم مانگە لە بلومبێرگدا بڵاوکرایەوە، نەجمەدین کەریم پارێزگاری پێشووی کەرکوک ڕایگەیاند "ڕۆژێک پێش هێرشەکەش، بافڵ تاڵەبانی کوڕە گەورەی تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی و ئاراس شێخ جەنگی هاتوونەتە کەرکوک و چاویان بە نوێنەری قاسم سولەیمانی کەوتووە. نوێنەرەکەی قاسم سولەیمانی دواین ئاگادارکردنەوەی داوە بەوەی یان دەبێت دەستهەڵگرن لە پێگەکانیان یان هێرشیان دەکرێتە سەر".

شەوی دووشەممە ١٦ى تشرینى یەکەمی ٢٠١٧ هێزە عێراقییەکان هێرشیان بۆ سەر کەرکوک و دەورووبەری و دەستپێکرد و لەو هێرشەیاندا تاوەکو ئێوارەى ڕۆژی ١٦ى تشرینى یەکەم، ناحیەى تازە، دووزخومارتوو، داقوق، قەرەتەپە، بنکەى سەربازیى کەیوان، فڕۆکەخانەى کەرکوک، کۆمپانیاى غازى باکوور و چەند شوێنێکى تری شارى کەرکوکیان کۆنتڕۆڵکرد. لە شەڕەکانى ئەو ڕۆژەدا بەلانیکەمەوە ٣٠ پێشمەگەر شەهیدبوون و زیاتر لە ٥٠ پێشمەرگەش برینداربوون و دواتر لە کەرکوک و دەورووبەرى پاشەکشیان کرد.
هێزە عێراقییەکان لە بەردەوامیى پێشڕەوییەکانیاندا و لە دواى کشانەوەى هێزەکانى پێشمەرگە ڕۆژى ١٧ى تشرینى یەکەمی ٢٠١٧ بەبێ تەقە چوونە خانەقین، جەلەولا، مەخمور، دوبز، کێڵگە نەوتییەکانى هاڤانا و باى حەسەن، گوێر، باشیک، شەنگال، بەنداوى موسڵ.

ڕۆژی ١٩ى تشرینى یەکەمی ٢٠١٧ حکومەتى هەرێمى کوردستان لە دواى کۆبوونەوەیەک، ڕایگەیاند پێشوازی لە داواکەى عەبادى دەکەن بۆ گفتوگۆ و چارەسەرکردنى کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەچوارچێوەى دەستوورى عێراقدا.

لە بەردەوامیى ئەو پێشهاتانەدا ڕۆژی ٢٠ی تشرینی یەکەم هێزە عێراقییەکان (سوپاى عێراق، حەشدى شەعبی و پۆلیسى فیدڕاڵی و یەکەى دژە تیرۆری عێراق) بە پاساى ئەوەى پردێ بەشێکە لە پارێزگاى کەرکوک، هێرشیان کردە سەر ئەو ناحیەیە لە ٣٠ کیلۆمەتریى شارى هەولێردا لە دواى شەڕ و پێکدادان لەگەڵ هێزەکانى پێشمەرگە لەو میحوەرەدا چوونە ئەو ناحیەیە و کۆنتڕۆڵیان کرد. بەپێى ڕاگەیاندراوەکانى فەرماندەیى پێشمەرگە لەو میحورەدا ١٥ تانک و هەمەر و ئالیاتى حەشدى شەعبى لەلایەن پێشمەگەرەوە تێکشکێنراوە و زیاتر لە ١٥٠ چەکدارى حەشدی شەعبیش بەهۆى بەرەنگاریى پێشمەرگەوە کوژراون.

ڕۆژی ٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٧، لە بەردەوامیى ئەو پێشهاتانەدا سوپاى عێراق ڕایگەیاند، هێزەکانیان لە ناوچەکانى زومار و عەین زالە ٤٤ کێڵگەى نەوت، کە دەکەونە باکوری ڕۆژئاواى موسڵ، کۆنتڕۆڵکردووەتەوە.
شەوی ٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٧، بارزانى لە ڕاگەیاندراوێکدا داواى لە ویژدانی گەلانی جیهان و ڕای گشتی و ئازادیخواز و ڕۆشنبیرانی سەرتاسەری جیهان ککرد، کە پشتیوانی گەلی کوردستان بن و ڕێگە لە جینۆساید و کارەساتێکی تازە بگرن و گوشار بخەنە سەر حکوومەتەکانیان و ناوەندەکانی بڕیار بۆ ئەوەی بێنە دەنگ لەسەر ئەو ستەمەی کە لە گەلی کوردستان دەکرێت.
بارزانى ڕاشیگەیاندبوو، حکوومەتەکان لەبەر بەرژەوەندییەکانیان، قوربانیی خەڵکی کوردستان و پێشمەرگەیان لە بیر چووە و داواشى کرد ڕێگە لەم شەڕ فرۆشتن و کوشتار و پێشێلکاری و ئاوارە کردنی خەڵک بگرن کە حکوومەتی عێراقی لە ڕێگەی میلیشیا و هێزەکانییەوە بە هاوکاری و ڕێنمایی دەرەکی لە دژی کوردستان ئەنجامی دەدات. هەروەها داواى لە ڕەوەندى کوردی کرد خۆپیشاندان ئەنجام بدەن.
ئەو هێرش و شەڕانەش بوونەتە هۆى ئەوەى بەشێک لە هاووڵاتیانى کەرکوک و دووزخورماتوو و ناوچەکانى دەرووبەرى ناچار بوون ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێبهێڵێن و ڕوو لە ناوچەکانى هەرێمى کوردستان بکەن، کە بەپێى لێدوانى بەرپرسانى هەرێم ژمارەی ئەو هاووڵاتیانەى لەسەر ماڵ و حاڵى خۆیان ئاوارە بوون نزیکەى ٩٠ هەزار کەس دەبن.