بە پێی هەواڵ دەری ئەەلی بەیت(ع) ـ ابنا ـ نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان ڕایگەیاند، دەیانەوێت کێشەکانیان لەگەڵ بەغدا بەپێى دەستوور چارەسەر بکەن، چونکە هەڵوێستى حکومەتى هەرێم ئەوەیە کێشەکان لەگەڵ بەغدا لە چوارچێوەى دەستوردا چارەسەر بکرێت و بۆ ئەوەش چاوەڕوانى وەڵامى بەغدا دەکەن. ڕاشیگەیاند، ماوەى سەرۆکى هەرێم کۆتایى پێدێت و بارزانیش یاسا و ڕیسا ناشکێنێت.
نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان ئەمڕۆ لە کۆنفڕانسێکى ڕۆژنامەنووسیدا لە شارى هەولێر ڕایگەیاند "دەمانەوێت کێشەکانمان لەگەڵ بەغدا بەپێى دەستور چارەسەر بکەین و ئامادەین شاند ڕەوانەى بەغدا بکەین و لاپەڕەیەکى نوێ هەڵبدەینەوە".
سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان ئەوەشى وتووە "تائێستا چوونى شاندى ئێمە بۆ بەغدا دیارینەکراوە، چونکە چاوەڕوانى وەڵامى ئەوان دەکەین، چونکە هەڵوێستى حکومەتى هەرێم ئەوەیە کێشەکانى لەگەڵ بەغدا لە چوارچێوەى دەستوردا چارەسەر بکات".
بەپێى قسەکانى نێچیرڤان بارزانى " پێدانى موچە کێشەى تێکەوت، بەڵام دڵنیاین ئەو کێشانە چارەسەر دەکرێن و موچە دەدرێت".
سەرۆکى حکومەتى هەرێم ئەوەشى خستووەتەڕوو "زۆربەى ئەوانەى داواى حکومەتى ڕزگارى نیشتمانى دەکەن لە حکومەتى ئێستادا بەشدارن".
نێچیرڤان بارزانى لە بەشێکى ترى قسەکانیدا وتویەتى "لە ڕووى یاساییەوە ماوەى سەرۆکى هەرێم کۆتایى پێدێت و بارزانیش نایەوێت یاسا و ڕێساکان بشکێنێت".
پێشهاتەکانى دواى ڕێفراندۆم و شەڕەکەى کەرکوک
ئەنجوومەنی باڵاى ڕیفراندۆم لە ڕۆژی ٢٥ى ئەیلولی ٢٠١٧ لە هەرێمى کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەى حکومەتى هەرێمى کوردستان ڕیفراندۆمى بۆ سەربەخۆیى کوردستان ئەنجامدا.
بەشێک لە هێزە ناوخۆییەکانى هەرێمى کوردستان و هەر یەک لە ئەمریکا، ئەڵمانیا، بەریتانیا، فەڕانسە، ئەنجوومەنى ئاسایشى نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆمکارى وڵاتانى عەرەبی، تورکیا، ئێران و عێراق داوایانکردبوو ڕیفراندۆمەکە دوابخرێت، بەڵام ئەنجوومەنى باڵاى ڕیفراندۆم بە سەرۆکایەتیى بارزانى، ئامادە نەبوو ڕیفراندۆ دوابخات و ئەوەش کۆمەڵێک کاردانەوەى بە داى خۆیدا هێنا.
لە بەردەوامیى ئەو کاردانەوانەدا، هێزە عێراقییەکان ڕۆژى ١٦ى تشرینى یەکەمی ٢٠١٧ەوە هێرشى بۆ سەر ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەى حکومەتى هەرێمى کوردستان دەستپێکرد و جگە لە ٢ پێکدادان لە باشوورى کەرکوک و پردێ، هێزەکانى پێشمەرگە لە ناحیەى تازە، دووزخومارتوو، داقوق، قەرەتەپە، بنکەى سەربازیى کەیوان، فڕۆکەخانەى کەرکوک، کۆمپانیاى غازى باکوور و هەروەها لە خانەقین، جەلەولا، مەخمور، دوبز، کێڵگە نەوتییەکانى هاڤانا و باى حەسەن، گوێر، باشیک، شەنگال، بەنداوى موسڵ، کێڵگەى نەوتیى عەین زالە و زومار کشانەوە هێزە عێراقییەکان چوونە شوێنەکانیان.
بەوەش نزیکەى ٥٠% خاکى باشوورى کوردستان کەوتە دەست هێزە عێراقییەکان و بەپێى ئاماری ناوەندى هاوبەشى هەماهەنگى قەیرانەکانى سەربە وەزارەتى ناوخۆی حکومەتى هەرێم، زیاتر لە ١٦٨هەزار و ٣٧٢ ناچاربوون ماڵى خۆیان بەجێبهێڵن، کە ٨٤ هەزار کەس ڕوویان لە هەولێر و ٧٨ هەزار و ٣٧٢ کەسیشیان ڕوویان لە سلێمانى و ٦ هەزار کەسى تریان ڕوویان لە دهۆک و زاخۆ کردووە. تا ئێستا ئەو بارگرژییانە بەردەوامییان هەیە.
لە دواى ئەو ڕوودانە بەرپرسانى هەرێم و ئەندامانى ئەنجوومەنى باڵاى ڕیفراندۆم داوایان لە وڵاتان کردووە سنوورێک بۆ هێرشی هێزە عێراقییەکان دابنێن و بۆ ئەوەش بە دەم داواکەى حەیدەر عەبادى سەرۆک وەزیرانى عێراق بۆ دانوستان و داواکەى ئەمریکا بۆ ڕاگرتنى جموجوڵى سەربازیى هێزە عێراقیەیکان لە ناوچە جێناکۆکەکانەوە چوون و ڕایانگەیاندووە، ئامادەى ئەنجامدانى دانوستانن.
لە بەردەوامیى ئەو پێشهاتانەدا دوێنێ هەر یەک لە بزووتنەوەى گۆڕان و کۆمەڵى ئیسلامى ڕایانگەیاند، سەرۆکى هەرێمى کوردستان و جێگرەکەى هیچ شەرعیەتێکیان نییە و دەشبێت حکومەتى هەرێمى کوردستان هەڵبوەشێنرێتەوە و لە شوێنیدا حکومەتى ڕزگاریى نیشتمانى دروست بکرێت.
٢٣ تشرینی یەکەم ٢٠١٧ - ١٧:٠٦
News ID: 862162
دەمانەوێت کێشەکانیان لەگەڵ بەغدا بەپێى دەستوور چارەسەر بکەین