به پێی هەواڵ دەریی ئەهلی بەیت(ع) ، ابنا: ترەمپ دەیەوێت وەک پارێزەری قەڵای ئەمەریکا خۆی نیشان بدات و ڕوبەڕووی هەموو ئەو مەترسییانە بببێتەوە کە لەجیهانەوە ڕوویان تێدەکات، بە پشبەستنیشی بە دروشمی (ئەمەریکا یەکەمە)، کۆتایی بەو سەردەمە بهێنێت کە تیایدا ئەمەریکا دەرگاکانی بەڕووی هەموو نەتەوەکاندا واڵا کردبوو.
بەو هەنگاوە نوێیانەشی کە وەک خۆی دەڵێت، بەهۆیانەوە هاوڵاتیانی ئەمەریکا لە هێرشە تیرۆریستییەکان دەپارێزێت، ترەمپ وڵاتەکەی دەخاتە بەردەم سەردەمێکی نوێی سیاسەتی دەرەکییەوە کە گۆڕانکاریی ڕیشەیی تیادا ئەنجامداوە و هەندێکی ڕاگەیاندوون و هەندێکی تریشیان هێشتا ماوە ڕایان بگەیەنێت.
وەک بەڵێنیشی دابوو، بڕیارەکەی سەبارەت بە پێدانی ڤیزا و پەنابەران چووە بواری جێبەجێکردنەوە و تا ٤ مانگی تر ئەمەریکا هەموو مامەڵەیەکی تایبەت بە وەرگرتنی پەنابەران ڕادەگرێت و تا ٣ مانگی دیکەش پێدانی ڤیزا بە هاوڵاتیانی ٧ وڵات ڕادەگرێت کە زۆرینەى دانیشتووانەکانیان موسڵمانن و ئەوانیش عێراق - سوریا - یەمەن - لیبیا - سودان - سۆماڵ و ئێرانن.
بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ تەنها ئەو کەسانە ناگرێتەوە کە تا ئێستا ڤیزای ئەمەریکایان وەرنەگرتووە، بەڵکو ئەوانەش دەگرێتەوە کە هەڵگری ڤیزای گەشت، قوتابی، بازرگان یان ڤیزای تری کاتین جگە لە دبلۆمات.
هەڵگرانی گرین کارت و ئەوانەی مۆڵەتی مانەوەیان هەیە لە ئەمەریکا، دەبێت گەشت نەکەن بۆ دەرەوەی ئەمەریکا تا ڕوونکردنەوە لە وەزارەتی دەرەوە و ناوخۆ دەردەچێت.
هاوکات قوتابیان و ئەوانەشی ڤیزایان هەیە و ئێستا لە ئەمەریکان، باشترە ئەوانیش لەو وڵاتە نەچنە دەرەوە و لەگەڵ زانکۆکەیان کاربکەن بۆ نوێکردنەوەی ڤیزاکانیان.
سەبارەت بە بەرنامەى وەرگرتنى پەنابەرانیش بەپێی بڕیارەکە دوای کۆتاییهاتنی وادەکە زیاتر ئەو پەنابەرانە لە ئەمەریکا وەردەگیرێن کە بەهۆی جیاوازیی ئاینیەوە لە وڵاتەکانی خۆیان هەڵاتوون، کە بە وتەی ترەمپ ئەوە یارمەتی مەسیحییەکانی سوریا دەدات کە لەشەڕ هەڵاتوون مافی پەناهەندەیی لە وڵاتەکەیدا بەدەست بهێنن.
ترەمپ بەڵێنی داوە لەمەودوا تەنها پێشوازیی لەو کەسانە بکرێت کە پشتگیریی لە ئەمەریکا دەکەن و لە دڵەوە گەلی ئەمەریکایان خۆش دەوێت.
بڕیارەکانى ترەمپ کاردانەوەى زۆرى لێکەوتووەتەوە و بەشێک لە ڕۆژنامەنووسان و شارەزایانى سیاسەتى ئەمەریکاش پرسیارى ئەوە دەکەن ئایا ترەمپ پێش ئەوەی ئیمزا لەسەر بڕیارەکان بکات زانیاری تەواوی لەسەر ئەو حەوت وڵاتە و هاوڵاتییەکانى هەبووە کە ڤیزاى ئەمەریکایان پێنادرێت؟
دەشڵێن لەو ١٩ هاوڵاتییەی لە یانزەی سێپتەمبەردا فڕۆکەکانیان فڕاند و بەهێزترین گورزیان لە ئەمەریکا وەشاند، هیچکامیان هاوڵاتی ئەم حەوت وڵاتە نەبوون بەڵکو لە ١٥ هاوڵاتى سعودى و دوو ئیماراتى و میسریەک و یەک هاوڵاتى لوبنانى پێکهاتبوون.
هەر بۆیە ڕەخنەگرانى بڕیارەکانى ترەمپ دەڵێن ئەو بڕیارانە بێجگە لە زیادکردنی ڕق و کینە لەنێو هاوڵاتیانی ئەمریکی و هاوڵاتیانی ئەو حەوت وڵاتەدا، هیچ شتێکی تری لێ ناکەوێتەوە، ئەمەش هەوێنێکە بۆ دروستبونی توندوتیژی و سڕینەوەی پێکەوە ژیان و ئاشتی کۆمەڵایەتی لە وڵاتێک کە زیاتر لە دوو سەدەیە دروشمێتی.
٢٨ کانوونی دووەم ٢٠١٧ - ١٨:٣٧
News ID: 807876
ترەمپ دەیەوێت وەک پارێزەری قەڵای ئەمەریکا خۆی نیشان بدات و ڕوبەڕووی هەموو ئەو مەترسییانە بببێتەوە کە لەجیهانەوە ڕوویان تێدەکات، بە پشبەستنیشی بە دروشمی (ئەمەریکا یەکەمە)، کۆتایی بەو سەردەمە بهێنێت کە تیایدا ئەمەریکا دەرگاکانی بەڕووی هەموو نەتەوەکاندا واڵا کردبوو.